شەهید سەربەست سیمبۆلی بەرخۆدانی نەتەوەییمانە

أيار 29, 2020

لە بیسته‌م ساڵیادی تیرۆركردنی شەهید (سەربەست مەحموود)دا:

شەهید سەربەست سیمبۆلی بەرخۆدانی نەتەوەییمانە

 

شاخەوان خالید

تیرۆر بە مانای كوشتن و بڕین و ترسناندن و تۆقاندنی كەس و كۆمەڵەیە لە كۆمەڵگە و رەفتارێكی دزێوی ناشیرینی نەیارانی وشەی راستەقینەو كاری ئیرهابی فیكرەو رێگە گرتنە لە بەردەم ئازادی هزر ڕادەربڕین، ئەم كارەش لەڕێگەی دەستەو كۆمەڵێكەوە بۆ بەرژەوەندی خودی ـ سیاسی  وڵاتێك یان لایەنێك دەبێت بۆ لەناوبردنی كەسایەتی وڵاتپارێز و سیاسەتوانانی بەئەمەك و دڵسۆز كە رێگرن لەبەردەم كارە خیانەتكارو گڵاوەكان ئەم دەستانە، بۆیە سڵا لە هیچ خراپەكارییەك ناكەنەوە چڕنووكی نەگریسیان دەگەیەننە بینا قاقای كەسانی شۆڕشگێڕ و مۆمی تەمەن و خەباتیان دەكوژێنەوە، هەروا زۆرن ئەو رۆڵە جوامێرانەی بە شاڵاوی گەردەلوولی مەرگ بوونەتەوە كە دروشمی كۆڵنەدان و شەهید بوونیان كردۆتە سەرە ڕمی خەبات و شۆڕشی سیاسی  و رۆشنبیری و كار كردنیان، شەهید(سەربەست مەحموود) یش یەكێك بوو لە رۆڵە دڵسۆز و شۆڕشگێڕەی لەرۆژی 31/5/2000 بووە قوربانی دەستی تیرۆری داگیركەران و دوژمنان

شەهید سەربەست سیاسەتوانێكی وڵاتپارێز و بەئەمەكی نەتەوەكەمان بوو هەمیشە كاری بۆ تێكشكاندنی سنووری وەهمی نەخشەكێشراو لەلایەن داگیركەران لەڕێگەی نووسین و و ئاراستەكردن دەكرد و لەو باوەڕدا بوو كە دەبێ‌ رۆڵەكانمان وا پەروەردە و گۆشبكەین تا دەگەنە چلەپۆپە لەبەزاندن و رەشكردنەوەی ئەم سنوورە وەهمییە كوردستانی پێ‌ لەت و پەتكراوە، هەمیشە بیرو هۆشی لەلای یەكگرتنەوەی كوردستان بوو، بۆیە ئەستەم نییە گەر بڵێن هەڤاڵ سەربەست یەكێك بوو لەو قارەمانە بەها پیرۆزانە و داستانێكی فیداكاری و قوربانیدان و سیمبۆلی بیری نەتەوەیی سەربەخۆخوازی كورد بوو، چونكە شەهید ئاستی هۆشیاری سیاسی نەتەوەیی لە پلەیەكی بەرزدابوو هەمیشە وەكو مۆم ئاسا لەپێناو ئاسۆیەكی گەش بۆ وڵاتەكەی دەتواوە. لەبەر ئەوە خوێنی بەناهەق رژاوی شەهید سەربەست كە هەرگیز بەفیڕۆ ناچێت و هەزاران سڵاو لەگیانی پاك و بێگەردی شەهید سەربەست و گشت شەهیدانی رێی سەربەخۆبوونی كوردستان، بێتەدی كوردستانێكی سەربخۆو ئازاد و یەكگرتوو دیموكرات.