راگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK سەبارەت بە بانگەوازى سەرۆک مەسعود بارزانى

تشرين2/نوفمبر 09, 2026
ئەمڕۆ دووشەممە، رێکەوتى ٩ / ١١ / ٢٠٢٦ ، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازیى نیشتیمانیى کوردستان، لە بانگەوازێکدا داوا لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتى کوردستان دەکات پێکەوە دابنیشن و، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسیی هەرێمی کوردستان بهێنن و، بنبەستە سیاسییەکان تێبپەڕێنن، هەروەها داوا دەکات کەوا لایەنە سیاسییەکانی دیکەى هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن و، پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێکبهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.
بێگومان؛ لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی بەردەوام بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنى ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێشخەری هەبووە، ئەو پەیامەی ئەمڕۆشی لە کاتێکی زۆر هەستیارو گرنگدایە و، بۆ هەستیاریی رەوشى کوردستان و دۆخی ناوچەکە سوودى زۆرى دەبێت، بۆیە ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، پێشوازى و پیشتیوانى لەو بانگەوازەى جەنابى سەرۆک بارزانى دەکەین و، داوا دەکەین کەوا هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشوازی لەو بانگەوازو دەستپێشخەرییەى سەرۆک بارزانی بکەن و، هاوکارو پشتیوان بین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانى سیاسیى کوردستان.
مەکتەبى سیاسیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
٩ / ١١ / ٢٠٢٦ هەولێر - کوردستان
© yndk.com. All Rights Reserved. Designed By hostrain.co