بەبۆنەى ١٦ى ئابەوە : *سکرتێرى گشتیى YNDK پیرۆزبایى لە سەرۆک مەسعود بارزانى دەکات*

میدیا - هەولێر:
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە پەیامێکیدا بۆ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان، بەبۆنەى ١٦ ى ئاب ساڵڕۆژى دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان، وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى تەمەن درێژى و سەرکەوتن خواستن بۆ جەنابیان، ئاماژە بە خەبات و تێکۆشانى پارتى دیموکراتى کوردستان و رۆڵى کاریگەرانەى سەرۆک بارزانى بۆ رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان دەکات و، لەم پێناوەشدا پێشنیارى پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) دەکات. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
براى بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی
رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان
سڵاوێکى برایانەى گەرم ...
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی جەنابتان و 80 هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و کۆمیتەى ناوەندى و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری پارتى دیموکراتى کوردستان دەكەین و هیوای تەمەن درێژى و پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ جەنابتان و پارتى دیموکراتى کوردستان دەخوازین.
بێگومان ؛ پارتى دیموکراتى کوردستان لە رۆژى دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ پێشەنگایەتیى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستانى کردووەو بەردەوام هەوڵیداوە تەبایى و یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى گەلى کوردستان بپارێزێت، رێبەرى شۆڕشى گەلى کوردستان (مستەفا بارزانى نەمر) لە شۆڕشى ئەیلوولى نیشتمانیدا هەمیشە چەترى هاوبەشى هێزە کوردستانییەکان و کەسانى وڵاتپارێزو تێکۆشەرانى کوردستان بوو، بەردەوام هەوڵیدەدا ناوماڵى کوردستان رێک و یەک بێت.
ئێستایش ؛ لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (پارتى دیموکراتى کوردستان) دەكەینەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و, رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندایە, بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێكخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە, بۆ ئەم مەبەستەش جەنابتان کە درێژەپێدەرى رێبازى (بارزانى نەمر)ن وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن بۆ کۆکردنەوەى هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان، بە باوەڕى ئێمە پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان، بۆ ئەمەش جەنابتان دەتوانن رۆڵێکى کارا بگێڕن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK وەک هەمیشە ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای تەمەن درێژى و تەندروستییەکى باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنى زیاتر بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتى و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان.
دووباره‌ رێزو پیرۆزباییمان قبووڵ بفه‌رموون.
هەر بژین و تەندروست و سەرکەوتووبن.
براى دڵسۆزتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
15 / 8 / 2026
© yndk.com. All Rights Reserved. Designed By hostrain.co