بەندكراوه‌ سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێ چاودێری چڕ وپڕتریان دەخرێتە سەر

تشرين1/أكتوير 23, 2020

بەندی تازەی بەندکراوانی سیاسی، لە بەندیخانەی ورمێ تەواو ئەمنیەتییە و بە ١٤ کامێرا چاوەدێری دەکرێ

دوای تەواوبوونی بەندی تازەی تایبەت بە بەندکراوانی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بەندکراوانی سیاسی بە خێرایی دەگوازرێنەوە بۆ ئەم بەندە تازەیە کە بە تەواوی ئەمنییەتییە و بە شێوەی نێوەنجی بۆ هەر حەوت بەندکراو، دوو کامێرای چاودێری دانراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە بەندیخانەی ناوەندیی “ورمێ” ، بەندی تازە کە بڕیارە بەم زوانە بەندکراوانی سیاسی ئەو بەندیخانەیەی بۆ بگوازنەوە بە تەواوی ئەمنییەتییە و وێڕای بچووکی جێگا بۆ بەندکراوان، ١٤ کامێرای چاودێری بۆ کونتڕۆڵکردنی بەندکراوان تێیدا دانراوە.

راپۆرتی گەیشتوو باس لەوە ئەکات کە ئەو  بەندە تازەیە پێنج ژووری ٥ لە ٣ی هەیە و لە هەر ژوورێکدا شەش تەختی سێ قاتی هەیە کە بەو شێوەیە لە ژوورێکی ١٥ میتری چوارگۆشەدا ١٨ بەندکراو ڕادەگیرێن.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێستا ٢٨ بەندکراوی سیاسی و ٢٢ بەندکراوی مەزهەبی، سەرجەم ٥٠ بەندکراو لە بەندی بەندکراوانی سیاسی دان و دانانی ئەو ژمارە کامێرای چاودێرییە بۆ بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی لە کاتێکدایە کە لە بەندەکانی دیکە کە زیاتر لە ١٠٠٠ بەندکراوی تێدایە، تەنیا ٩ کامێرای چاوەدێری لێیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایاگەیاندووە کە لە هەر ژوورێکی بەندی تازەی بەندکراوانی سیاسی دوو ئامێری پارازیت دانراوە کە مرۆڤ تووشی شێرپەنجە ئەکات و کاریگەریی قووڵی لە سەر تەندرووستی مرۆڤ هەیە.

هەروەها ئەو بەندە حەوشەیەکی بچووکی ١٠٠ میتری هەیە کە دیوارەکانی ٨ میتر بەرزە و پێش بە خۆر ئەگرێ، هەر ژوورێکیش کە ١٨ کەسی تێدایە یەک پەنجەرەی بچووکی هەیە.

راپۆرتەکان باس لەوەش ئەکەن کە هەر ژوورێکی ئەو بەندە نوێیە، ئامێری بیستنی تێدا دانراوە کە هەموو بەرپرسانی بەندیخانە دەتوانن هەموو قسەکانی بەندکراوان بە ئاسانی ببیستن.