سكرتێری گشتیی YNDK سه‌ردانی كۆنسڵخانه‌ی گشتیی فەلەستین له‌ كوردستان دەكات

شباط/فبراير 12, 2020

میدیا _ هەولێر:
پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ ١٢ - ٢ - ٢٠٢٠، سكرتێری گشتیی YNDK سەردانی كۆنسڵخانەی گشتیی دەوڵەتی فەلەستینی لە هەولێر كردو، له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كۆنسڵی گشتیی فه‌له‌ستین باسیا له‌ ره‌وشی سیاسی ناوچه‌كه‌و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا كرد.
پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK سەردانی كۆنسڵخانەی گشتیی فەلەستینى لە شاری هەولێر كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێز باڵیۆز نەزمی حەزوری كۆنسڵی گشتیی فه‌له‌ستین له‌ كوردستان پێشوازی كران، لەدیدارەكەدا باس له‌ ره‌وشی سیاسی گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌و، چۆنیه‌تی سوود وه‌رگرتن له‌و گۆڕانكاری و پێشهاتانه‌ كرا، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و فه‌له‌ستین كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشاندان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانیان ده‌كرێ سوود له‌و ره‌وشه‌ سیاسییه‌ وه‌ربگرن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، لەبەرامبەردا كۆنسڵی گشتیی فەلەستین خۆشحاڵی خۆیانی بۆ ئەو سەردانە ده‌ربڕی و سوپاسی هەڵوێستەكانی سكرتێری گشتی و سەركردایەتی YNDK ی كرد بەرامبەر پرسی رەوای گەلی فەلەستین و هیوای خواست كه‌وا هه‌ردوو گه‌لی فه‌له‌ستین و كوردستان به‌ مافه‌ ره‌واكانی خۆیان بگه‌ن.
له‌دوا ته‌وه‌ری دیداره‌كه‌شدا باس لە پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و فەلەستین و چۆنیەتی پتەوكردن و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای هەردوو گەل كرا.