*پەیامى سکرتێرى گشتیى YNDK بۆ ساڵیادى لەسێدارەدانى شۆڕشگێڕى مەزنى کوردستان (سەید رەزاى دێرسم)*

تشرين2/نوفمبر 15, 2025
*دواى ٨٨ ساڵ لە سێدارەدانى (سەید رەزا) بە نەمرى و تورکیاش بە رووڕەشى مایەوەو شۆڕشى گەلى کوردستانیش بۆ ئازادى و سەربەخۆیى بەردەوامە*
- جەماوەرى وڵاتپارێزى کوردستان ...
- کەس و کار و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
٨٨ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆدا لە ١٥ / ١١ / ١٩٣٧ ، تورکە تۆرانییەکان لە تاوانێکى بێوێنەو هۆڤانەدا شۆڕشگێڕى مەزنى کوردستان (سەید رەزاى دێرسم)یان لە سێدارەدا، تەنیا تاوانى شەهید (سەید رەزا) ئەوە بوو کەوا لەپێناو مافە رەواکانى گەلەکەى خەباتى دەکردو داوایدەکرد گەلى کوردستانیش وەکو گەلانى دیکە بە ئازادى و سەرفرازى بژین، تورکیاى فاشى کەوا لەسەر بنەماى فاشییەت و رەتکردنەوەى بەرامبەر دامەزراوە لەجیاتى وەڵامدانەوەى (سەید رەزا) بە شێوەیەکى سەردەمییانە، (سەید رەزا)یان گرت و بە تەمەنى ٨٠ ساڵییەوە لە سێدارەیاندا، ئێستاش دواى ٨٨ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر لەسێدارەدانى (سەید رەزا)؛ دەسەڵاتدارانى تورکیا بە هەمان لۆژیک مامەڵە لەگەڵ پرسى گەلى کوردستان دەکەن، کە لۆژیکى رەتکردنەوەو نەهێشتنى گەلى کوردستانە بە خاک و خەڵکەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانى تورکیا دەبێ ئەوە باش بزانن کەوا دواى ٨٨ ساڵ لە سێدارەدانى ؛ نەمرى بۆ (سەید رەزا) و رووڕەشى بۆ تورکیا مایەوەو شۆڕشى گەلى کوردستانیش بۆ ئازادى و سەربەخۆیى بەردەوامە و بەردەوام دەبێت تا وەدەستهێنانى مافەکانى گەلى کوردستان.
دەبێ تورکیا ئەو راستییە باش بزانێت کەوا (رەتکردنەوەو گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و لە سێدارەدان) چارەسەرى پرسى گەلى کوردستان ناکەن و، تا تورکیا خاوەنى ئەو لۆژیکە بێت شۆڕشى گەلى کوردستان بۆ وەدەستهێنانى ئازادى و سەرخۆبوون بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە تورکیا بەرنامەیەکى سەردەمییانەى بۆ چارەسەرى پرسى گەلى کوردستان هەبێت و چیتر کات بەفیڕۆ نەدات و، رێگەى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن هەڵبژێرێت نەک رێگەى شەڕ و رەتکردنەوە، دەبێ تورکیا ئەوە بزانێت کەوا زیاتر لە ١٠٠ ساڵە شەڕى گەلى کوردستان دەکات هیچ ئەنجامێکى نەچنیوەتەوە، بۆیە پێویستە رێگەچارەى ئاشتیش تاقیبکاتەوە، لەبەرئەوەى دەبێ ئەوە بزانێت کەوا سەردەم سەردەمى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتنە نەک شەڕ و یەکتر رەتکردنەوە.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهید (سەید رەزا) و تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- مردن و رووڕەشى بۆ دوژمن و داگیرکەرانى کوردستان.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
١٥ / ١١ / ٢٠٢٥