لەبیست و شه‌شه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی YNDKدا: لەخەبات و بەرخۆدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەردەوام دەبین

آذار/مارس 20, 2021

نووسینی: شاخەوان خالید

سەرهەڵدانی هەر رێكخراو و كۆمەڵەیەكی سیاسی لەكەتوارێكدا كۆمەڵێك هۆكار لەپاڵی دەبن كە دەبنە هۆكار بۆ دامەزراندن و گەشەكردنی لەپێناو ستراتیژێكی دیاریكراوی رێكخراوەكەو، كاریگەری لەنێو كۆمەڵگە بەپلەیەك دەوەستێتەوە سەر راستی و دروستی بەرنامەو چالاكیی و لێهاتوویی سەركرایەتیەكەی و دیدگای روونی رێكخراوەكە بۆ دۆزەكەی كە راستەوخۆ دۆزی هەموو خەڵكەكەیە و، رێكخراوەكە خۆی لەو بازنەیە دەبینێتەوە كە كار بۆ بەدیهێنانی خواست و دواكارییەكانی تاكەكان و كۆمەڵگە بەگشتی دەكات.

لەم نێوەندە سیاسییەدا ( 26 ) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بەپشت بەستن بە خوێندنەوەیەكی واقیعیانەی مێژووی كورد و كوردستان و ئاراستەكردنی كارو خەبات و بەرخوادنی كورد بەشێوەیەكی پێشكەوتنخوازانەو نەتەوەییانە، لەپێناو بەرەو پێشبردنی بزاڤی سیاسی لەباشوووری كوردستان و بەیەك بەستنەوەی خەبات و بەرخودانی هەموو بەشەكانی كوردستان لەگەڵ رەچاو كردنی بارودۆخ و تایبەتمەندی هەریەك لەبەشەكانی كوردستان لە به‌هاری 1995 موژدەی دامەزراندنی رێكخراوێكی نەتەوەیی سیاسی  پشت ئەستوور بەجەماوەر (YNDK) ، راگەیەنرا، كە بووە شوێنی سەرهەڵدان و بەدیاركەوتنی تواناو وزەی نەتەوەییەكان وڵاتپارێزان، لەبەر ئەوە YNDKتوانی  لەماوەیەكی زۆر كورتدا خۆی بەهەموو خەڵكی كوردستان بناسێنێ و ببێتە جێی ئومێدی جەماوەر چونكە YNDKزۆر بوێرانە رووبەڕووی هەموو پیلانە نەگریسەكانی دوژمنان داگیركەرانی كوردستان بووە، زیاتر لەرێكخراوەكانی تری كوردستان دركی بەهەموو مەترسییەكانی ئەم پیلانانە دەكرد كە دەبوونە كۆسپ و لەمپەر لەبەردەم بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییمان لەبەر ئەوە دەتوانین بێژین YNDK بووە قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری نەتەوەیی، ئەمەش مانای ئەوەیە كاروچالاكی و خەباتی YNDK لەچوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییماندایە، بەهۆی زۆری هەڵوێستە نەتەوەییەكانی YNDK دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان زۆر بەوردی چاودێری كارەكانی YNDK یان كردووە، زۆر هەوڵیاندا YNDK لە رێبازی پیرۆزی كوردایەتی بەلاڕێدا ببەن بەهەڕەشەكردن و دانانەوەی پیلان، بەڵام YNDK سەرەڕایی قوربانیدانی زۆریش هەر لەبرینداركردنی سكرتیری گشتی YNDK و راودوونانی و هەڕەشەكردن لە هەڤاڵانی تاكار گەیشتە ئەو رادەیەی تیرۆریان لەدژدا بەكارهێنا ئەوەبوو لە 31/ 5/2000 هەڤاڵ سەربەست مەحموود ـ ئەندامی مەكتبەی سیاسی YNDK و سەرنووسەری رۆژنامەی میدیایان شەهید كرد، YNDK هەر سوور بوو لەسەر كارو خەباتی و ساردنەبوونەوە بەم هەڕەشەو كاره‌ تیرۆریستیانە.

هەروا هیچ كاتێك ئەو سنوورەی داگیركەران كوردستانیان پێ پارچە كردووە YNDK لەكارو خەباتی لەسەر ئاستی كوردستان مەزن سڵی نەكردووە، ئەمەش هەر لەكۆبوونەوەكانی ستافەكانی لە شانە تاوەكو سەركردایەتی باس لەرەوشی هەموو پارچەكانی كوردستان دەكرد و توانیویەتی سەرجەم ستافەكانی بەدیموكراسی بارگاوی بكات ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ پەرەسەندن و وشیار بوونەوەی  هەڤاڵانی و توانیویەتی وشیارێكی  نەتەوەیی فرە لەنێو جەماوەر چێبكات، ئەمەش ئەمەراستییە دەسەلمێنێ‌ كەYNDK هەڵگری فەلسەفەی بیری نەتەوەیی كوردییە بەو مانایەی تاكە هزر كە بتوانێ‌ خزمەت  بەرەوشی كوردستان بكات بیری نەتەوەییە بەڵگەش بۆ ئەمە داگیركەرانی كوردستان هیچ كاتێك لەبەر خەباتی چینایەتی و ئایینی نەهاتوونە كوردستان داگیر بكەن،  بەڵكو لەسۆنگەی نەتەوەیی چاویان بڕیوەتە وڵاتمان ، لەبەر ئەوە بێ‌ چەكی رووبەڕوونەوەمان بەرامبەر دوژمنان و داگیركەران كوردستان بەبیری نەتەوەیی و یەكڕیزی و  چالاككردنی بزاڤی كوردایەتی و كاركردن بێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چونكە ئەمڕۆ باشترین دەرفەت بۆ كورد هاتۆتەكایەوە، تاهەنگاو بەرەو سەربەخۆیی ، بنێت دوێنێ‌ بەبێ‌ ویستی خۆمان بەعێراقی عەرەبیەوە لكێنراین ئەمڕۆ بەداخەوە سەركرایەتی كورد خۆی دەستپێشخەرە كە كوردستان بە عێراقی عەرەبییەوە بلكێندرێتەوەو بەشداری چالاكانەشی هەیە لەدروستكردنەوەی عێراق هیچ گرەنتییەك رژێمی داهاتووی عێراق جارێكی تر كارەستمان بەسەر نەهێنێتەوە، ئەمڕۆش كە یاسای بەڕێوەبردنی عێراق داڕێژراوە ئەو مافانەی بۆ كورد تێدا چەسپاوە لەمافەكانی نێوبەیانی 11ی ئازاری ساڵی  1970  زێتر نییەو بەڵكو كەمترە. لەبەر ئەوە سەركرایەتی كورد لەباشووری كوردستان نەدەبوو بەهیچ شێوەیەك لەدروست كردنی  گومان لەسەر ناوچە كوردییەكان رازی بێت بێ‌ قەیدو شەرت دەبێ‌ هەموو ناوچە تازە ئازادكراوەكان هەر هەمووی بخرێتەوە سەر حكومەتی كوردستان.

ئێمە وەكو  YNDKچۆن لەماوەی پێشووش بەهیچ شێوەیەك سازشمان لەسەر دۆزی نەتەوەییمان نەكردووە ئەمڕۆش بە هەمان شێوە دەست لەكارو خەبات و ستراتیژمان كەخۆی لەكوردستانێكی سەربەخۆو ئازاد یەكگرتوو دیموكرات دەبینێتەوە هەڵناگرین و بەردەوام دەبین لەخەبات تاكیان و سەربەخۆیی كوردستان دێتەدی. تاكە چارەیش بۆ دۆزی نەتەوەییمان سەربەخۆیی كوردستانە.