له‌یۆبیلی زیوینی دامه‌زراندنيدا YNDKله‌خه‌بات و به‌رخۆدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بین

نيسان/أبريل 01, 2020

 

   نووسینى : شاخەوان خالید*

 

 رۆژی 21/3‌ لەمێژووی دیرۆكی نەتەوەییماندا رۆژێكی پڕشنگدار و تەژی سەركەوتن و سەرفرازییە، ئەو رۆژە بۆ كورد وەرچەرخانە و سەركه‌وتنە بەسەر زوڵم و ستەم و رۆژی ئازدی سەربەخۆییە بۆ نەتەوەكەمان و جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی و سەرەتای بەهار و بوژانەوە و نوێبوونەوه‌یه‌، لەبەر ئەوە  YNDKئەم رێكەوتەی هەڵبژارد و كردیە ساڵڕۆژی دامەزرانده‌كه‌ی،‌ له‌ 21/3/1995 كۆمەڵێك كەسایەتی وڵاتپارێز و رۆشنبیر و نەتەوەیی لەناو هەناوی كۆمەڵگەی كوردی بەخوێندنەوەی واقیعی كوردستان و ناوچەكە و جیهان، مژدەی دامەزراندنی رێكخراوێكی نەتەوەییه‌وه‌ییان به‌ خه‌ڵكی كوردستاندا، ئەویش YNDK بوو، YNDK لەماوەیەكی كورت بەهۆی سیاسەتی راستگۆیانە و كاركردنی لەبەرژەوەندی خاك و گه‌لی كوردستان توانی ببێته‌ خاوەن پێگە و جەماوەری خۆی، نەك هەر لە باشووری وڵات، بەڵكو لەهەموو بەشەكانی كوردستان بووە جێگەی ئومێدی وڵاتپارێزانی كوردستان.

 

  بارودۆخی سه‌رهه‌ڵدانی YNDK

 لە كاتێكدا وڵاتانی كۆلۆنیالیستی كوردستان چاویان بە ئەزموونەكەمان هەڵنەدەهات و كەوتبوونە خۆ بۆ پیلانگێڕی بۆ لەباربردنی ئەزموونی باشووری كوردستان و لەگەڵ یەكەم گولله‌ی شەڕی ناوخۆی باشووری كوردستان، هەستمان كرد پیلانی گڵاوی دوژمنان خەریكە سەر دەگرێ‌، كە كورد ئەوەی بەخوێن بە دەستیهێناوە خه‌ریكه‌ به‌ده‌ستی خۆی دەیڕوخێنێ، هەر لەم كاتەشدا جەماوەری كوردستان خەریك بوو وردە وردە هەستی كوردایەتیان بەهۆی ئەم شەڕە نەگریسە رووە و كزی هەنگاوی دەنا، لەم ساتە وەختە ناسك و دژوارەدا لە پێناو پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییە، سەر لە نوێ‌ وەبەرخستنەوەی ئومێدی نیشتمانپەروەرێیەتی لە هەست و دەروونی تاكەكانی كورد و كاركردن لەسەر پوچەڵكردنەوەی خەونی حوشتری دوژمنان و داگیركەران، بۆ ئەم مەبەستە لە رۆژی17و18و19و20/3/1995 لە شارۆچكەی عەنكاوە، یەكەمین كۆنگرەی  یەكێتكیمان YNDK بەستراو لە 21/ 3/1995 دامەزراندنەكەی وەكو مژدەیەكی هیوا بەخش بە جەماوەری كوردستان راگەیه‌نرا،  YNDKهەر لە دەستپێكی كار و خەباتی لە ماوەیەكی كورتدا‌ سەنگ و قورسایی بە شێوەیەكی بەرچاو بەدیار كەوت و هەر زوو لەلایەن تاكەكانی كورد ناسرا، ئەمەشیان بەهۆی ئەو بەرنامە نه‌ته‌وه‌ییه‌ی نێو بازنەی نیشتمانی و رەچاوكردن و هێنانەكایەی بەرژەوەندی باڵای كوردستان و هەڵوێستە سیاسییەكانیەتی به‌رامبه‌ر دۆزی نەتەوەییمان لە كوردستانى مەزن و چڕكردنەوەی ستراتیژ و گوتارە سیاسییەكەی لە دروشمی كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو و دیموكرات، YNDK درك به‌وه‌ ده‌كات كوردستان ژێر دەست و داگیركراو و دابەشكراوه‌، بۆیه‌ به‌كەمتر لە سەربەخۆیی داوا ناكات، كورد نەتەوەیەكی رەسەن و كۆنی خۆرهەڵاتی ناڤینە و خودان تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیەتی لە زمان و خاك و كەلتوور و مێژووی هاوبەش و بنەماكانی دەوڵەت لەگەڵ خاك و سیستەمی سیاسی.

 

YNDK   شه‌ڕی ناوخۆی حه‌رامكردووه‌

  شەڕی نه‌گریسی ناوخۆ (1/5/1994 تا 17/9/1998) نه‌هامه‌تی بۆ هه‌موو گه‌لی كوردستان هێنا و توانایه‌كی زۆری كوردستانی به‌هه‌ده‌ردا، بۆیه‌ YNDK شه‌ڕی ناوخۆ و براكوژی له‌ خۆمان و تەواوی لایەن و تاكەكانی كوردی حەرام كردووە و پێمان وایە شەڕی براكوژی جگە لە زەرەروو زیان هیچ خزمەتێك بە بەرژەوەندی نەتەوەییمان ناگەیەنێ، هه‌ر ئه‌و كاته‌‌ داوای لە لایەنەكانی شەڕكەر كرد بەزووترین كات شەڕ بوەستێنن و پەنا ببنە بەر گفتوگۆی سەردەمیانە و كوردانە بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكان و لەڕیشە دەرهێنانی ناكۆكییەكان و بنبڕكردنیان، لێرەدا YNDK وەك لایەنێكی ئاشتیخواز نه‌چووه‌ به‌ره‌ی هیچ لایه‌نێكی شه‌ڕكه‌ر و هه‌موو هه‌وڵێكی خسته‌ گه‌ڕ تا شه‌ڕی ناوخۆیی كۆتایی پێهات.

 

  دژایه‌تیكردنی YNDK له ‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌قلیمییه‌وه‌

 به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی YNDK ئەستێرەی خەباتی گەشایەوە، له‌و كاتەدا داگیركەران و دوژمنانمان بەهەموو شێوەیەك كەوتنەخۆ بۆ بەربەرەكانی كردنی YNDK بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لە رێی هزرە هاوردە غەیرە نەتەوەییەكان، ئەوە بوو YNDK لە 1/10/ 1995 به‌هۆی هه‌وڵدانیان بۆ تێكدانی ریزەكانی YNDK خۆی لەم چەند كەسه‌ پاككرده‌وه‌.

 بێگومان ئەم هەڵوێستەى YNDK بێ باج نەبوو، هەربۆیە بەمەبەستی چاندنی ترس و دڵەڕاوكێ‌ و ساردكردنەوەی هەڤاڵانمان لە 20/10/1995 لە هەوڵێكی نەزۆكدا هەوڵی تیرۆركردنی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتیری گشتیی یەكێتیمان YNDK دراو به‌سه‌ختی برینداریان كرد، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ رزگاری بوو،  پاشانیش له‌رێی هەڕەشە هەوڵی دوور خستنەوەی هەڤاڵانمان لە دەوری YNDK درا، بەڵام هەڤاڵانمان لەسەر گەیاندنی پەیامی كوردایەتی بەردەوامبوون. تاوای لێهات وڵاتە ئیقلیمییەكان هەوڵ و توانای زۆر بخەنە گەر  تا YNDK بخەنە ژێر باڵی كاریگەری و سیاسەتی خۆیان، بەڵام گشت ئەم هەوڵانە بوونە بڵقی سەر ئاو و گشتیان پوچەڵكرانەوە لەبەر ئەوەی YNDK ڕۆژێك له‌ رۆژان بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی نەخستە سەروى بەرژەوەندی نەتەوەییمان، هیچ كاتێك بیری لە فرۆشتن و دابەزین لە دروشمەكەی نەكردۆتەوە هەر لە فەرهەنگیدانییە سازش لەسەر دۆزی كورد بكات و هەر وڵاتێكی داگیركەری بەشێك لە كوردستان بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێ‌، دیسانەوە دوژمنانی ئەزموونەكەمان دەستیان كردەوە بە هەوڵدان بۆ پیلانگێڕی و توانیان چالاكترین و كاریگەرترین هەڤاڵ لە ریزەكانی یەكێتیكمان YNDK ده‌ستنیشان بكه‌ن و لە 31/ 5/ 2000 له‌شاری هه‌ولێر دەستی ڕەشیان گەیاندە گیانی پاكی شەهید (سەربەست مەحموود ئەندامى مەکتەبى سیاسیى YNDK و سەرنووسەرى رۆژنامەى میدیا) و تیرۆریان كرد، بەمەش دوژمنان توانیان ئارمانجێكی پڕبەها لەناو YNDK هەڵبژێڕن و تیرۆری بكەن،  بەڵام ئەم هەموو هەوڵانە بە پێچەوانەی خەونی دوژمنان گەڕایەوە، ئەم هەوڵە نەزۆك و ترسنۆكانە، YNDKیان سوورتر كرد، لەسەر خەباتی كوردایەتی كە دەتوانین بڵێین شەهید سەربەست مەحموود سەر قافلەیەتی، هەروەها ئەم هەوڵانە YNDKیان له‌ رووی توانای نیشتمانی و وڵاتپارێزی بەهێزتر كرد و كردیانه‌ گەورەترین هێزی نەتەوەیی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داگیركەران و بە جێگەیاندنی پەیامی كوردایەتی و سەربەخۆخوازیمان.

 

YNDK   كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات

  پرسی سەربەخۆیی كوردستان یەكێكە لە پرسە هەرە گرنگەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەر ئەوەی كورد یەكێكە لەنەتەوە هەرە دێرینەكانی ئەم ناوچەیە، تا ئێستا خاوەنی كیان و دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، هەموو نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوین خاوەنی دەوڵەتن، كەچی نەتەوەكەمان بەپێی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و بەرژەوەندی زلهێزان چەندین جار دابەشكرایە سەر نەتەوە سەردەستەكانی عەرەب و فارس و تورك و بەچەند دەوڵەتێكەوە لكێندرا، كورد چەندین هەلی بۆ گونجا لەبارترین هەل لەپەیمانی سیڤەری ساڵی 1920 بوو كەتیایدا كورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی لە پاش ساڵێك خۆبەڕێوەبردنی خۆجێی وەكو نەتەوەكانی دیكە كە لەپاش هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوونە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و پاشان لەساڵی 1923 بەهۆی پەیماننامەی لۆزانەوە، سیڤەر لەباربردراو ئه‌مه‌و چه‌ندین هه‌لی دیكه‌ له‌رێگه‌ی كۆمار و میرنشینه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌، نزیكترین دوو هه‌لی دیكه‌ لەڕاپەڕینی ساڵی 1991 و لە رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 كەچی نەمانتوانی سوود لەم دوو دەرفەتە زێڕینانەش ببینین.

 له‌م دیدگایه‌وه‌یه‌وه ‌ YNDKتاكە رێگە بۆ چارەسەرى پرسى نەتەوەییمان سەربەخۆیی كوردستان به‌ چارەسەر دەزانێت و كوردیش كە نەتەوەیەكی زیاتر له‌ 70 ملیۆنییە، وەكو هەموو نەتەوەكانی تر پێویستە كیان و دەوڵەتی خۆی هەبێت، لەبەرئەوەی كورد كۆنترین نەتەوەی خۆرهەڵاتی ناڤینە كە خاوەنی تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیەتی لە خاك و جوگرافیا و مێژوو گەل و داب و نەریت و ئایینی تایبەت بەخۆی و دەسەڵاتی سیاسی لەبەرئەوە هەنگاو و خەباتمان بەردەوام دەبێت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان.

 

 شەهید سەربەست سیمبۆلی بەرخۆدانی نەتەوەییمانە

 شەهید سەربەست مه‌حموود ئەندامی مەكتەبی سیاسی  YNDKو سەرنووسەری رۆژنامەی میدیا و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری سەرخۆبوون، خودان خامەیەكی بوێرو هەق گۆ بوو، وتار و نووسین و توێژینه‌وه‌كانی لەسەر پرسە نەتەوەییە چارەنووسسازەكان جێگەی سەرنجی هەموو لایەك بوون، تەنگی بە دوژمنان و نەیارانی بیری نەتەوەیی هەڵچنیبوو، چی نەخشە و پیلان هەبوو دەیخستەڕوو شرۆڤەی ورد و دروستی بۆ دەكردن و لایەنە شاراوەكانی ئەم پیلانانەی ئاشكرا دەكردن، بۆیە دوژمنانی كورد و كوردستان خستیانە نێو سێرەی بیری ته‌سكی تیرۆریستی خۆیان و لە 31/5/2000 دەستی رەش و چەپەڵیان گەیاندە گیانی بەرزەفڕ و پیرۆزی ئەم سەركردەیە و شەهیدیان كرد.

 شەمشەمە كوێرەكانی مەملەكەتی تاریكستان وایانزانی بە شەهیدكردنی سەربەست مەحموود كۆسپ و لەمپەر لە بەردەم خەباتی YNDK و بوێری و راستگۆیی دروست دەكەن، نەیانزانی شەهید سەربەست لە دوای خۆی نەوەیەكی بەجێهێشت و پەروەردەی هەمان خوێندنگەی كوردایەتی و وشەی هەقی كردوون. ئەوەی جێگەی داخە ئەوا بیست ساڵ بەسەر تیرۆركردنی ئەم شەهیدە سەركردەیە تێپەڕدەبێت، بەڵام دەزگاكانی پەیوەندیدار لە لێكۆڵینەوەیان تائێستا نەیانتوانیوە بكوژانی بدۆزنەوە، بۆیە پێویستە هەوڵی زیاتر بخەنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی بكوژانی و دادگایكردنیان و بەسزای عادیلانەی خۆیان بگەنن.

 

 به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد خواستی(YNDK)ه‌  

YNDK  هەموو كات جەختی لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كردۆتەوە و بەستنی ئەم كۆنگرەیە بەئەركێكی بەپەلە و گرنگ دەزانێت، تیایدا هێز و لایەنەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان بەشداربن، لەگەڵ كەسایەتی وڵاتپارێز و نەتەوەیی و رۆشنبیرەكانی كوردستان بۆ ئەوەی لەم كۆنگرەیەدا ستراتیژی نەتەوەییمان بۆ هەموو بەشەكان دابڕێژین و خەبات و تێكۆشان بگەینینە قۆناخێكی دیكه‌وه‌، بۆیه پێویسته‌‌ بەزووترین كات كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ببەستین‌ و چیتر لێنه‌گه‌ڕێین وڵاتانی ئه‌قلیمی و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان هه‌وڵه‌كانی به‌ستنی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ جارێكی دیكه‌ له‌بارببه‌ن.

 

  كۆنگره‌كانی YNDK

 لەگەڵ ئەم هه‌وراز و نشێوییه‌ی YNDK بینویه‌تی، توانی پێنج گۆنگره‌ ببه‌ستێ: كۆنگرەی یەكەم له‌ 17تا20/3/1995 كه‌ له ‌عه‌ینكاوه‌ له‌پارێزگای هه‌ولێر به‌سترا و به‌كۆنگره‌ی دامه‌زراندن و راگه‌یاندنی YNDK دانرا، كۆنگرەی دووەم لە 5و6و7/5/1996 لەهۆتێل گوڵان له‌ شاری شەقڵاوە به‌سترا، سێیەم كۆنگرەش لە رۆژانی 10و11 و12/1/1999 لە باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی YNDK له‌ هەولێری پایتەخت به‌سترا، كۆنگره‌ی چواره‌میش له‌ 10و11/12/2002 له‌هۆڵی شه‌هید سه‌ربه‌ست له‌ هه‌ولێر به‌سترا، كۆنگره‌ی پێنجه‌م له‌ 12و13/12/2012 له‌هۆلی شه‌هید سه‌ربه‌ست له‌شاری هه‌ولێر به‌سترا، لە میانەی ئەم كۆنگرانەش YNDK توانی پەیامەكەی رەسەنتر و قووڵتربكاتەوە و باشتر بەدیار بكەوێ‌ و هەڵوێستە سیاسییەكانیشی دەهەمبەر پیلانی داگیركەران و دوژمنان زێدەتر بكات.

 

  بڵاوكردنه‌وه‌ی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی

YNDK  رۆڵی هەبووە لەبڵاوكرنەوەی وشیاری نەتەوەیی لەنێو جەماوەر، هه‌موو كات كاریكردووه‌ بۆ پەروەردەكردنی رۆڵەكانمان بەبیری كوردانە لەپێناو خزمەتكردنی كوردستان، بۆیه‌ YNDK هەڵگری فەلسەفەی بیری نەتەوەیی رەسەن و سەردەمانەیە، چونكه‌ پێمان وایه‌ بیری نەتەوەیی تاكە هزرە كە بتوانێ‌ زۆرترین خزمه‌ت به‌گه‌لی كوردستان بكات، بەجیاوازی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا هاوردەكان كە هیچ كات نەیانتوانیوە داخوازییەكانی كورد بهێننەدی، بەدرێژایی مێژووش دوژمنان هەرگیز نەهاتوون لەبەر ئینتیمای ئایینی یان چینایەتی وڵاتمان داگیربكەن،  بەڵكو وڵاتانی كۆلۆنیالیست لەسۆنگەی نەتەوەیی و نیشتمانی خاكەكه‌مانیان داگیركردووە و كوردیان دووچاری جینۆساید كردۆتەوە، لەبەر ئەوە چەكی رووبەڕوو بوونەوە لەنێو بازنەی بیری نەتەوەیی تەكاندەداو داگیركەران و دوژمنان روو رەش و گۆڕبەگۆڕ دەكات.

 

  په‌یوه‌ندییه‌كانی YNDK

  یەكێتیكمان YNDK بە جدی كار دەكات و هەوڵی داوە پەیوەندییەكی تۆكمە لەواری سیاسی و رۆشنبیری و كه‌لتوری و كۆمه‌لایه‌تی لەسەر ئاستی هەموو بەشەكانی كوردستان بێنێتەكایەوە، ئەمەش بەڵگەیەكی زیندووی داننەنانە بەو سنوورە دەستكردانەی داگیركەران بەپێی بەرژەوەندییەكان كێشاویانە و كوردستانیان لەت و پەتكردووە، لەبەرئەوە YNDK بووەتە گڕوتینێك بۆ بزاڤی كوردایەتی له‌ كوردستانی مه‌زن، بۆیه‌ تەماشا دەكەین كاری نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی  YNDKدەرەنجامی گەورەو مەزنی لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن لێكەوتەوە.

 هه‌روه‌ها YNDK په‌یوه‌ندی قوڵی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌كانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و كوردانی تاراوگه‌ هه‌یه‌‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی تری سه‌رخاكی كوردستان هه‌یه‌ و باوه‌ڕی به‌پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیخوازانه‌ و برایانه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیاندا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ كونسلخانه‌كان كه ‌له ‌باشووری كوردستانن و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ هه‌یه‌ كه‌ هاوسۆزی دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستانن، لەهەمان کاتدا ئه‌وه‌ی جیگه‌ی شانازییه‌ YNDK هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ل داگیركه‌ران و دوژمنانی كوردستان نیه‌.

 

  بڵاوكراوه‌كانی YNDK

 هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیدا YNDK كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌ و گۆڤارى به‌هزرێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ركرد و بڵاوکردەوە له‌وانه‌ رۆژنامەی میدیا كه‌زمانحاڵی YNDKه‌، هه‌موو بیروباوه‌ڕ و تێروانینه‌كانی تێدا به‌رجه‌سته‌كراوه‌ و سه‌كۆیه‌كی ئازاد بووه‌ بۆ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووس و نوسه‌رانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، له‌ پاڵ ئه‌مه‌دا ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رچاو له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌ی دیكه‌ له‌لایه‌ن YNDK ده‌ركراون و یان پاڵپشتیكراون له‌وانه‌ ( گۆڤاری سەرخۆبوون و گۆڤاری قه‌ره‌چووغ و رۆژنامه‌ی ئازادی قه‌ره‌چووغ و رۆژنامه‌ی ئاڤێستا و ده‌نگی مه‌خموور) و چه‌ندین بڵاوكراوەكانی تری YNDK ، هەروەها به‌سه‌دان په‌رتووكی نه‌ته‌وه‌یی و هزری نوسه‌رانی به‌چاپ گه‌یاندووه‌.

 

  رۆژنامەی میدیا رۆلی ئۆپۆزسیۆنی بینیوە

 دەرچوونی رۆژنامەی میدیا لەنێو هەناوی رۆژنامەگەری كوردی ئەزموونێكی فرە گرنگی ئەم بوارە بوو، بەهۆی ئەوەی رۆژنامەی میدیا لە بارودۆخێكی سەختدا لەدایكبووە، سەكۆ و مینبەرێك بووە، بۆ وڵاتپارێزانی كوردستان، دەیان بگرە سەدان نووسەر و رۆژنامەنووسی لەژێر یەك چەتری رۆژنامەوانی بەزمانێكی سەردەمیانەی پڕ زانیاری و پرۆفیشناڵانە كۆكردۆتەوە و پێیگهیاندوون.

 میدیا كاریگەری هەبوو لە بڵاوكردنەوەی بیری نەتەوەیی و سەرچاوەیەكی باشی زانیاری بووە، بۆ هاوڵاتيیان، چەندین ئەكادیمی و زانستكار وەكو سەرچاوە و تۆژینەوە سوودیان لێوەرگرتووە، لەبەر ئەوە رۆژنامەی میدیا ئەرشیفێكی نەتەوەیی گرنگە. رۆژنامەی میدیا لە نەورۆزی ساڵی 1996 دەرچوو لەماوەیەكی كورتی تەمەنیدا هەموو سنوورەكانی بەزاند و بووە دەنگی هەموو تاكێكی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان و رەوەندى كورد لە دەرەوەی وڵات.

 میدیا یەكەمین ئەزموونی رۆژنامەی حزبی سەركەوتوو بوو، كە توانی ئەو رۆژنامەیە بكاتە پلە یەك لەڕووی خوێندنەوە و فرۆشی تیراژی و كاتێ لەچاپخانە بە هۆكارێكی تەكنیكی بۆ چەند كاتژمێرێك دواكەوتبایە بەسەدان تەلەفۆنی بۆ دەكرا ئاخۆ بۆ میدیا نەگەیشتۆتە دەست خوێنەرانیەوە.

 میدیا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەیەكی ئەهلی زیاتری بینینوە، سەكۆی ئازادیخوازن بووە، هەموو بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیایەك جێگەی لەم رۆژنامەیە بۆتەوە، راو بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازی بڵاوكردۆتەوە، راستگۆیانە دەنگی هەمووان بووە و داخوازی و ویستی خوێنەرانی وەكو خۆی گەیاندووە و پردێكی پتەوبووە لەنێوان دەسەڵات و خەڵكدا.

 كاریگەری 645 ژمارەی رۆژنامەی میدیا بووەتە هۆی لەقكردنی پۆستی چەندین بەرپرسی گەندەڵ، لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامە لەسەر هەڵلوشینی سامانی گشتی، ئەوەش میدیای گەیاندە ئەو ئاستەی کە خەڵك بە پاڵپشت و دەنگی خۆیانی بزانن، میدیا لەراستی و دروستی هەواڵ و راپۆرتەكانی هەمیشە جێگه‌ی متمانه‌ بووە، لەبەرئەوەی رۆژنامەی میدیا كاتێ هەواڵ و راپۆرتێك بڵاودەكاتەوە مەبەست و مەرامی تەنیا خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە.

میدیا لە هەر ژمارەیەك راستییەكی بە خوێنەرانی و خەڵكی كوردستانداوە لەسەر ئەم پەیامەی بەردەوام بوو, ئێستاش له‌رێگه‌ی ئاژانسی هه‌واڵی میدیا www.yndk.com درێژه‌ به‌ره‌وتی رۆژناگه‌مه‌ری خۆی به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌دات.

 

 دواپه‌یام

 لەم رۆژە پیرۆزەدا YNDK كه‌ یادی یۆبیلی زیوین(25) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ده‌كاته‌وه‌، بەگوڕوتینێكی وڵاتپارێزانەی زیاتر لەژێر ئاڵای شەكاوەی كوردستان كار ده‌كات و هه‌نگاو بۆ كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو و دیموكرات ده‌نێت.

       

* كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی YNDK