سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەى گۆڕان پیرۆز دەكات

تموز/يوليو 26, 2021

میدیا - هەولێر :
 غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان عومەرى سەید عەلى رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەى گۆڕان و ئەندامانى جڤاتى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان کرد و، بەبۆنەى 12 دوانزەهەمین ساڵیادى دامەزراندنى بزووتنەوەى گۆڕان، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:


برای بەڕێزمان کاک عومەرى سەید عەلى رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەى گۆڕان
خوشک و برایانى بەڕێز لە جڤاتى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان

سڵاوێكی برایانەی گەرم ....
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی (12) دوانزەهەمین ساڵیادی راگەیاندنى بزووتنەوە تێكۆشەرەكەتان (بزووتنەوەى گۆڕان)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە جڤاتى گشتیى و تەواوى هەڵسوڕاوانى بزووتنەوەى گۆڕان دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونى زیاترتان بۆ دەخوازین.
بێگومان لەكاتێكدا كە یادی راگەیاندنى (بزووتنەوەى گۆڕان) دەكەنەوە كوردستان و عێراق و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان, ناوەندى سیاسیى کوردستانیش لێکترازاوە، ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا یەکدەنگ و یەکڕیزو هاوهەڵوێست بین، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا ئێمەى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان زیاتر هاوکارو پشتیوانى یەکدی بین و، بە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابین و، کاربکەین بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان، بێگومان بۆ ئەم مەبەستەش (بزووتنەوەى گۆڕان) دەتوانێ رۆڵى کاریگەرانەى خۆى ببینێت، وەک چۆن لە رابردوودا بۆ گۆڕانگارى و چاکسازى لە بوارى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابووریدا کاری کردووە، ئومێد دەکەین لە ئێستا و داهاتووشدا هەمان رۆڵ بگێڕێت.
هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافە رەواکانی.

لەگەڵ رێزى دووبارەماندا ... هەر بژین و تەندروست و شاد و سەرکەوتووبن.

براتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
25 / 7 / 2021