سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی پارتى سەربەستیى کوردستان پیرۆز دەكات

شباط/فبراير 17, 2021
میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان عارف باوەجانى سەرۆکى پارتى سەربەستیى کوردستان و ئەندامانى سەرکردایەتیى پارتەکە کرد و، بەبۆنەى 15 پانزەهەمین ساڵیادى دامەزراندنى پارتى سەربەستیى کوردستان، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
برای بەڕێز كاك عارف باوەجانى سەرۆکى پارتی سەربەستیى كوردستان
بەڕێزان ئەندامانی کۆمیتەى سەرکردایەتیى پارتی سەربەستیى كوردستان
سڵاوێكی برایانەى گەرم ...
بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و ئەندامانى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی پازدەهەمین ساڵیادى دامەزراندنى پارتە تێكۆشەرەكەتان (پارتی سەربەستیى كوردستان)، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەكەین و هیواى پێشڤەچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
بەڕێزان؛ لە كاتێكدا كەوا یادى دامەزراندنى پارتە تێکۆشەرەکەتان دەکەنەوە، كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان، لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە لە رەوشێکى وادا رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و لەپێناو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان خەبات بكەین، بێگومان یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لەهەمان کاتدا كاركردنمان بە ئاراستەى یەکێتى نەتەوەیى بەرەو سەرکەوتن و سەرفیرازیمان دەبات، بەباوەڕی ئێمە بۆ ئەمەش بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەرى دەبێتە فاكتەری سەرەكی یەكڕێزیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا تێبكۆشین.
لە كۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، لێرەوە سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ خەباتی رۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین، هەروەها جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
17 / 2 / 2021