نوێنه‌ری YNDK به‌شداری كۆنفرانسی راوێژ بۆ په‌ره‌پێدانی دیالۆگی ناوخۆیی ده‌كات

تشرين2/نوفمبر 21, 2020

میدیا - هه‌ولێر
یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان و  كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK)‌ كۆنفرانسی راوێژ بۆ په‌ره‌پێدانی دیالۆگی ناوخۆیی به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ك حزب و لایه‌ن و كه‌سایه‌تی و سیاسه‌توان و په‌رله‌مانتار و رۆشنبیر و ئه‌كادیمی ساز ده‌كات.
رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 21-11-2020 به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ك حزب و لایه‌ن و كه‌سایه‌تی و سیاسه‌توان و په‌رله‌مانتار و رۆشنبیر و ئه‌كادیمی له‌ رێگه‌ی به‌رنامه‌ی زووم  به‌شێوه‌ی ئۆنلاین  یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان و  كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK)‌ كۆنفرانسی راوێژ بۆ په‌ره‌پێدانی دیالۆگی ناوخۆیی سازده‌كه‌ن، له‌م كۆنفراسه‌‌ شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین به‌شدار بوو.
له‌م كۆنفرانسه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی كوردستانی مه‌زن و ناوچه‌كه‌ و ئاشته‌وایی نێوان لایه‌نه‌كان كرا، به‌شداربووان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ وته‌و پێشنار و سه‌رنج و وتاره‌كانیان به‌شداربوون و كۆنفرانسه‌كه‌ له‌كاتژمێر 11ی پێش نیوه‌ڕۆ تا 8:30 شه‌و به‌رده‌وام بوو به‌ سروودی ئه‌ی ره‌قیب كۆتایی به‌كاره‌كانی هێنرا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌  شاخه‌وان خالید وتاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان ( YNDK)ی خوێنده‌وه‌:  

ده‌قی وتاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK:

 

به‌رێزان‌ له‌ لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنفرانسی راوێژ بۆ په‌ره‌پێدانی دیالۆگی ناوخۆیی

خوشكان ....برایان

 

 سڵاوی سه‌رخۆبوون و ئازادیتان لێبێت....

 به‌ناوی خۆمان و سكرتێرى گشتیى و مه‌كته‌بی سیاسیی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به‌بۆنه‌ی به‌ستنی  كۆنفرانسی راوێژ بۆ په‌ره‌پێدانی دیالۆگی ناوخۆیی جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی له‌خۆمان و ئه‌ندامانی كۆنفرانس ده‌كه‌ین و خوازیارین به‌سه‌ركه‌وتوویی دوور له‌ هه‌موو فشار و به‌ به‌رگێكی كوردانه‌ی راسته‌قینه‌ گفتوكۆ له‌سه‌ر ره‌وشی كوردستانی مه‌زن و ئاشته‌وایی و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد بكه‌ین.

 له‌م قۆناغه‌دا گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌كانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان زۆر گرنگ و پێویسته‌، به‌ڵام به‌ر له‌هه‌ر شتێ پێویسته‌ دیالۆگ دوور بێ له‌‌ به‌رگی حیزبایه‌تی  و به‌به‌رگێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تی و به‌ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی كوردستان گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسەکان بكه‌ین و كێماسییه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین و هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ ئاشته‌وایی و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بنێین.

ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی كێشه‌ و گرفتی زۆر له‌نێوان لایه‌نه‌كانی هه‌ر به‌شێك و له‌ لایه‌كی دیكه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌ و بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌سته‌م بێت هه‌ندێ جاریش باس له‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌كرێ كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ و به‌هه‌موو لایه‌كمان ده‌بێ به‌ری لێبگرین و شه‌ڕ له‌نێوان لایه‌نه‌كان روونه‌دات، چونكه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م نه‌ته‌وه‌كه‌مان و دوژمنان و داگیركه‌ران سوودی لێوه‌رده‌گرن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بارودۆخى ناوخۆیى کوردستان باش نییە و پەیوەندى نێوان پارچەکانى کوردستان و حیزبەکان لە ئاستێکى خراپدایە، و ناکۆکن و ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حیزبى دەکەن نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکەن، بۆیه‌ پێویستە رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى له‌ پیشه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كان بێ و بگەڕێینەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و رزگاربوونمان لە قەیرانەکاندا. بۆ ئەوەى بەهەموو لایەک دەستکەوتەکانى باشوور و رۆژئاوا بپارێزین و به‌هه‌موومان پێشیان بخەین  پێویستە هاوکار و پشتیوانى یەکتر بین.

بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشە نالەبارە و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و داڕشتنى ستراتیژێکى نەتەوەیى، پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین و پێویستە لە نزیکترین کاتدا کار بکەین بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەرى بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، ئەمەش ئەركێكی نەتەوەیی و نيشتمانى بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەباتى بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە، لەبەرئەوەی بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەم كاتەدا خزمەتێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ كوردستان و داڕشتنی كارنامەیەكی گونجاو بۆ ئەم قۆناخەی خەبات لەهەر پارچەیەكی كوردستاندا، بۆ ئەمەش پێویستە رەچاوی تایبەتمەندی پارچەكانی كوردستان بكرێت و پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا كاربكەین ‌و دوای نەخەین و بیكەین بە چەترێكی نەتەوەیی و لەوێوە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین, لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و, بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی ‌و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

 ئێمە له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK وەك هەمیشە و جارێکى دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لەهەموو بەشەكانی كوردستان رادەگەیەنين, هەروەها لێرەوە بانگ لە تەواوى لایەنە ناکۆکەکانى کوردستان دەكەین كەوا كێشەو گرژی نێوانيان لەسەر بنەمای دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربكەن، لەبەرئەوەی سەردەم سەردەمی دیالۆگ و لەیەكترگەیشتنە و زۆربەی كێشەكانی دونیایش لەسەر مێزی دیالۆگ چارەسەركراون و یەكلایی كراونەتەوە.

لەكۆتاییدا جارێكی دی هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسی راوێژ بۆ په‌ره‌پێدانی دیالۆگی ناوخۆیی دەخوازین، ئومێد دەکەین گفتوگۆکانی سه‌ركه‌وتووانه‌ ئامانجی خۆی بپێكی و لێژنه‌یه‌ك له‌م كۆنفرانسه‌ پێك بهێنرێت و سه‌ردانی حزب و لایه‌نه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی خۆكوژی دووربخه‌ینه‌وه‌ و ئاشتی و ته‌بایی و برایه‌تی بكه‌ینه‌ سه‌ره‌ رمی كاره‌كانمان.

 

- نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان.

_ مردن و روو ره‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.

- بێته‌ دی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات.

 

 

مه‌كته‌بی سیاسیی

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK

            21-11-2020- هه‌ولێر – باشووری کوردستان