سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK دەكات

تشرين2/نوفمبر 26, 2020

غەفوور مەخموورى : پێویستە گرژییەکان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەربکرێن و هەموو لایەکمان هەوڵى یەکڕیزى و لەهەڤهاتن بدەین
  ئەحمەد قەرەمووس : ئامانجمان ئەوەیە کەوا بتوانین رۆڵ بگێڕین بۆ چەسپاندنى ئاشتى و دوورکەوتنەوە لە شەڕ

  میدیا - هەولێر :
 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٦ / ١١ / ٢٠٢٠، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قه‌هار تاهير سه‌عيد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى كارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و جەلال سمایل ئەندامى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیكرد لە شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکى KNK و ئاسیا عەبدوڵڵا و زەینەب مستەفا ئەندامانى کۆنسەى رێڤەبەرى KNK)، لەدیدارەكەدا هاوسەرۆکى KNK ئامانجى سەردانەکەیانى بۆ باشوورى کوردستان خستەڕوو وتى : (ئامانجى ئێمە وەکو شاندى KNK لە سەردانمان بۆ باشوورى کوردستان بۆئەوەیە کەوا بتوانین رۆڵ بگێڕین بۆ چەسپاندنى ئاشتى و دوورکەوتنەوە لە شەڕو راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێنینە ئارا.)، سکرتێرى گشتیى YNDK وێڕاى بەخێرهاتنکردنى شاندى میوان دەستخۆشى ئەو سەردان و دەستپێشخەرییەى لە شاندى KNK کردو هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و وتى : (ئێمە وەکو YNDK باوەڕمان وایە کەوا پێویستە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن، لەبەرئەوەى شەڕ جگە لە ماڵوێرانى سوودێکى دیکەى نیە و لە ئەنجامدا بە سوودى دوژمن و زیانى گەلى کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵى یەکریزى و لەهەڤهاتن بدەین.)، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی هەر چوار بەشى كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, هەر لە دیدارەكەدا هاوسەرۆکى KNK سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا. لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.