نوێنه‌رى YNDK له ‌هۆڵه‌ندا بەشداری نۆيه‌مين ساڵيادى ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات

أيلول/سبتمبر 26, 2026

ميديا – هۆڵەندا:

ڕۆژی هەینی،رێكه‌وتى ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژماره‌يه‌ك له‌ ڕەوەندی کوردی، نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکان و دۆستانی کورد، گردبوونەوەیەک بەبۆنەی (9)یەمین ساڵوەگەری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.

لەو گردبوونەوە جەماوەرییەدا، هەڤاڵ فەخرەدین زیارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی و نوێنەری یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK لە ئەوروپا، بەشداریى کرد و وتارێکی به‌و بۆنه‌يه‌وه‌ پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، لە وتارەکەیدا، هەڤاڵ فەخرەدین زياره‌تى تیشکی خستە سەر گرنگیی ڕیفراندۆمی 25/9/2017 و وتى: ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بڕیارێکی نەتەوەیی و مێژوویی خەڵکی کوردستان و حزب و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بوو بۆ بەدەستهێنانی سەروەری و مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتبوونى كوردستان، ئەم بڕیارە مێژووییە، گوزارشتی لە ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەمان کرد و وەک بەڵگەنامەیەکی یاسایی و دیموکراتی هەرە زیندوو لە مێژوودا دەمێنێتەوە.

هەروەها، نوێنەری YNDK لە ئەوروپا لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، کە ئه‌و دەسکەوتە نیشتمانیيه‌ بپارێزن، بە یەکڕیزی و كۆده‌نگى، کار بۆ وەدیهێنانی تەواوی ئامانجە ڕەواکانی گەلی کوردستان بکەن، ستایشی ڕۆڵی گرنگی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و بەتایبەت لە هۆڵەندا کرد، کە هەمیشە وەک پردێکی زیندوو لە نێوان نیشتمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کار بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان به‌ره‌و پێشبردنى دەکات.

جێگه‌ى ئاماژه‌پێكردنى ئەم یادە شکۆدارە، بە هاوبەشی لەلایەن کۆمەڵەی ئازادی، کۆچ و کاک، و کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و هۆڵەندی ڕێکخرابوو، لەژێر دروشمی : ڕیفراندۆم بڕیاری نەتەوەیەک بوو بۆ سەروەری و دەوڵەتبوون، تێیدا چەندین وتار، چالاکیی جۆراوجۆری نیشتمانی و کولتووری بەو بۆنەیەوە پێشکەشکران و ده‌نگدانه‌وه‌يه‌كى زۆرى له ‌ناوه‌وه‌ و ده‌ه‌ره‌وى وڵات به‌دواى خۆيدا هێنا.

 

© yndk.com. All Rights Reserved. Designed By hostrain.co