غەفوور مەخموورى : باشترین وەڵام بۆ بەغدا کشانەوەى کوردە لە پرۆسەى سیاسى عێراق

تشرين2/نوفمبر 12, 2020

میدیا - هەولێر :
 غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK ، سەبارەت بە دانیشتنى بەرەبەیانى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق لە پەیامێکیدا، داواى کشانەوەى کورد لە بەغدا دەکات و چەند خاڵێکیشى وەک چارەسەرى خستۆتەڕوو.
  غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموراتى کوردستان YNDK ، سەبارەت بە دانیشتنى بەرەبەیانى ئەمڕۆ (١٢-١١-٢٠٢٠)ى پەرلەمانى عێراق لە پەیامێکدا بۆ راى گشتى هەڵوێستى خۆى خستۆتەڕوو و، داواى کشانەوەى کورد لە پرۆسەى سیاسیى عێراق دەکات و چەند خاڵێکیشى وەک چارەسەرى خستۆتەڕوو، لە هەمان کاتدا بانگ لە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکات بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

بۆ ڕاى گشتى
 
 - گەلى خۆڕاگرى کوردستان ...
- هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ...
 ئەزموونى سەد ساڵەمان لەگەڵ عەرەبى عێراقدا ؛ ئەزموونێکى تاڵە، لەماوەى سەد ساڵى رابردوودا تەواوى دەسەڵاتەکانى عێراق دژى بوون و هەوڵى لەناوبردنى کوردستانیانداوە بەخاک و خەڵکەوە، دەسەڵات و شەقامى عەرەبى عێراق هاوڕاو هاوکاربوون لەو دژایەتییەدا (جگە لە چەند کەساتییەک نەبێ)، تەواوى دەسەڵاتدارانى عێراق لە بەرامبەر کورددا یەک لە یەکتر خراپتر بوون، دەسەڵاتى ئێستاش لە هەموویان خراپترو زاڵمتر.
 ئەم سیناریۆو شانۆگەرییەى بەرەبەیانى ئەمڕۆ ( 12 / 11 / 2020 ) لە پەرلەمانى عێراق، ئەوە دەسەلمێنێت کەوا عەرەبى عێراق بە سوننە و شیعەوە دوو رووى یەک دراون و هەردوو دژە کوردن و یەک لە یەک زاڵمترن بۆ گەلى کوردستان، لە مێژووى بەشەرییەتدا لە دەسەڵاتدارانى عێراق زاڵمتر و بێنمەکتر نەبووە، من خۆم نە لە رابردوو و نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا باوەڕم بە عەرەبى عێراق نەبووە و نییە، شانۆگەرى ئەم بەرەبەیانەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق ئەو بۆچوونەم دەسەلمێنن، ئەو شانۆگەرییەى پەرلەمانى عێراق پەیامێکە بۆ کوردستان کەوا عێراق ئێوەى ناوێت، ئەمەش وەک دەرکردنێک وایە، بۆیە ناکرێ بە چاو قایمى و بێڕێزییەوە لە بەغدا بمێنینەوە، مانەوەى کورد لە بەغدا بە لاوازو بێ نرخ سەیر دەکرێت، بۆیە پێویستە بە زووترین کات بڕیارى کشانەوە لە بەغدا بدەین.
  لە رەوشێکى وادا ؛ پێویستە سەرکردایەتى سیاسیى کوردستان بڕیارى یەکلاییکەرەوەى خۆى بدات و لە بەغداى عەرەبى بکشێتەوە و بگەڕێتەوە کوردستان و ئەو هەموو تەنازولاتانەى بۆ عەرەبى شۆڤێنى عێراقى دەکەن با نیوەى ئەوە بۆ گەلى کوردستان بکەن، با بە هەموو لایەکمان هەوڵبدەین ناوەندى پەرش و بڵاوى سیاسیى کوردستان رێکبخەینەوەو (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) پێکبهێنین و هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لە چوارچێوەى ئەو ئەنجوومەنەدا کۆببینەوەو هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت و، لەوێوەوە کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین و بەیەکگرتووى بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان بدەین،  لەبەرئەوەى هێزى ئێمە لە یەکڕیزى و یەکدەنگیماندایە، هەر کاتێ یەکڕیزو یەکدەنگ بووبین بەهێزبووین ؛ هەر کاتێکیش پەرش و بڵاوبووبین بێهێز بووین وەک ئێستا، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و جلى تەنگى حزبایەتى باڤێژین جلى کوردایەتى لەخۆ کەین، پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەخۆماندابچینەوەو سوود لە هەڵەکانى رابردوومان وربگرین و کاربکەین بۆ :
1- رێکختستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسى کوردستان)، کە تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ.
2- داهاتى کوردستان رێکبخرێتەوەو، بۆ ئەم مەبەستە خەزێنەیەکى نەتەوەییمان هەبێت بەناوى (سندوقى داهاتى کوردستان) و، بەپێى ئەم داهاتە مانگانە مووچەو شایستە داراییەکانى فەرمانبەران خەرج بکرێت.
3- لێژنەیەکى باڵاى دیبلۆماسى لە هێزە سیاسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت بۆئەوەى پەیوەندى بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بکات و زوڵمەکانى عێراق بەرامبەر گەلى کوردستان بگەیەنێتە هەموو لایەک، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ پەرلەمان و حکومەتى کوردستان.
4- پێکهێنانى بۆردێک بەناوى (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان)، بۆئەوەى ئەنجامى ریفراندۆم بجوولێنێت و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا کارى بۆ بکات.
5- تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان هاوکارو پشتیوانى باشوورى کوردستان بن و رێز لە یاسا و رێنماییەکانى بگرن.
 وەک بەدەرکەوت عەرەبى عێراق بە سوننە و شیعەوە هەموو لە دژى کورد یەکدەگرن و یەکدەنگن ئەى باشە ئێمەى کورد بۆ یەکنەگرین بۆ بەگژداچوونەوەى ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەى عەرەبى عێراق ؟
 با هەموو لایەکمان بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستى کاربکەین، بۆ ئەمەش بێگومان ئەمڕۆ باشترە لە سبەى .
- سەرکەوێ ئیرادەى هەقخوازانەى گەلى کوردستان.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
 - بێتەدى ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان.

غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
12 / 11 / 2020