غەفوور مەخموورى لە رێوڕەسمێکدا لە (کتێبخانەى ئاشتى) 9 کتێبى خۆى دەناسێنێ و پێشکەشى خوێنەرانى دەکات

تشرين2/نوفمبر 03, 2020

غەفوور مەخمووری : دەسەڵاتی ئێستای عێراق ئەگەر هەمان دەسەڵاتی بەعسی فاشی هەبێت، تاوانی زۆر گەورەتر بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجامدەدەات

   میدیا - هەولێر:
 پاشنیوەڕۆى ڕۆژى ٣ / ١١ / ٢٠٢٠ لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن (کتێبخانەى ئاشتى) میوانداری كرا و, لە رێوڕەسمەکەدا (٩) کتێبى چاپکراوى خۆى ناساندو پێشكەشى ئامادەبووانى كرد.
 پاشنیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە لە شارى هەولێر، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەلایەن (کتێبخانەى ئاشتى) میوانداری كراو, بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سياسى و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤان رێوڕەسمێکى بۆ ناساندن و خستنەڕوو و واژۆکردنى (٩) بۆ رێکخرا, لەسەرەتاى رێورەسمەکەدا شاعیرو رۆژنامەنووس بەڕێز ئیسماعیل بەرزنجى بەناوى کتێبخانەى ئاشتى بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو, باسی لە گرنگی رۆڵى غەفوور مەخمووری لە بوارى نووسین و رۆشنبیرى کوردستان كرد, ئنجا مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میوانداری و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی کتێبخانەى ئاشتى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان, دواتر کورتەیەکى سەبارەت بە ناساندن و ناوەڕۆکى کتێبەکان پێشکەشکرد و، وتى : (نووسین زادەی هەست ‌و بیرە ؛ وەك چۆن كار زادەی بیرو بازووە، هەر نووسینێكیش گوزارشت لەسەردەمی خۆی دەكات ‌و بەرهەمی هەستكردن ‌و بیركردنەوەی نووسەرەكەیە لەسەردەمی خۆیدا، ئەو بەرهەمانەی بەردەستی ئێوەی بەڕێزیش هەوڵەكانی بەندەیە لە بواری نووسیندا هەر هەوڵێكیش زادەی سەردەمی خۆیەتی ‌و توانای خاوەنەكەی لەو سەردەمەدا دەخاتەڕوو.)، هەروەها باسى لەوە کرد کەوا کتێبەکان بە زمانى کوردى و عەرەبین، کتێبە عەرەبییەکان زیاتر ئاراستەن بۆ ناوەندى عەرەبى بۆئەوەى زیاتر ئاشناى پرسى گەلى کوردستان بن، ئاماژەى بەوەدا کەوا چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە و، وتى: ( بێگومان ئەزموونی نزیكەی سەد ساڵ بەیەكەوە ژیانمان لەگەڵ عەرەبی عێراق ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند كەوا گەلی كوردستان چیتر ناتوانێت لە چوارچێوەی نەخشەی تاشراوی عێراقدا بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی عەرەبی سوننەی عێراق لەماوەی نزیكەی هەشتا ساڵی حوكمی خۆیدا ئەوەی توانی لە دژی كورد ئەنجامیدا، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسيش لە بەهاری 2003 دا، كە عەرەبی شیعەی عێراق دەسەڵاتیان گرتە دەست، دیارە دەسەڵاتی شیعەش ئەوەی توانیان لە دژایەتی گەلی كوردستان ئەنجامیاندا و بەردەوامن، بۆیە ئەو مێژووە پێماندەڵێت کەوا چارەسەرى بنەڕەتى پرسى گەلى کوردستان تەنها سەربەخۆیى کوردستانە.).
 مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا؛ رەخنەى لە دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق گرت و، وتى: (دەسەڵاتی ئێستای عێراق ئەگەر هەمان دەسەڵاتی بەعسی فاشی هەبێت، تاوانی زۆر گەورەتر بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجامدەدەات، ئێستا كە دەسەڵاتی تەواوی نیە ئەو تاوانانە ئەنجامدەدات، ئەی باشە كە بەهێز بوو و دەسەڵاتی هەبوو دەبێ‌ چی بكات؟! بێگومان كارەساتەكان و تاوانەكان دژ بە گەلی كوردستان دووبارە دەبنەوە، بەڵێ‌ ئەمە رەوشی كورد بووە و رەوشی كوردە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبی عێراق بە سوننەو شیعەوە و، ئەو زولم و دژایەتییانەش بەرامبەر گەلی كوردستان تا ئێستا بەردەوامن، ئەم زولمانە وایانكردووە كەوا گەلی كوردستان بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوەو بەرەو سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت، لەبەرئەوەی جگە لەم رێگەیە رێگەیەكی دیكە لەبەردەم گەلی كوردستان نەماوەتەوە.).
 مەخموورى لە درێژەى بابەتەکەیدا جەختى کردەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستانى وەک دەرمانى هەموو دەردەکان وەسفکرد و، وتى: (تەنهاو تەنها یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەردەکانمان دەرمان دەکەن و لە سەرکەوتن نزیکمان دەکەنەوە، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە وەک چۆن دوژمن و داگیرکەرانى کوردستان بە جیاوازى ئایدۆلۆژى و بەرژەوەندییەکانییان لەدژى ئێمە یەکیان گرتووە، پێویستە ئێمەش بۆ پاراستنى خۆمان و بەرگرتن لە هەڕەشەکان یەکبگرین و رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەییمان بکەین و جلى تەنگى حزبایەتى فڕێبدەین.).
 غەفوور مەخمووری سەبارەت بە خستنەڕووى ناوەڕۆکى کتێبەکان، وتی : (ئەم كتێبانە ٩ کتێبن لە بوارى جیاجیا پێكهاتوون، سیاسەت و هزر و ئەدەب و رۆشنبیرى گشتى، بەشێکیان پێشووتر وەک وتار بە زمانی كوردی لە رۆژنامەو گۆڤارە كوردییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، بەشێکیشیان نوێن و لەو ماوەیەى کەرەنیتینەى ماڵەوە نووسراون، کتێبێکیش بریتییە لە چەند وتارێك كەوا لەو كۆبوونەوەو كۆنگرەو كۆنفرانسانەدا پێشكەشم كردوون كە لە كوردستان و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی بەستراون و، هەوڵمداوە پرسی كورد و سەربەخۆیی كوردستان بخەمە بەرچاوی بەشدارانی ئەو كۆنگرەو كۆنفرانسانە، بێگومان بەشداری دەیان كۆنگرەو كۆنفرانسمان كردووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكەو جیهان، بەڵام لێرەدا چەند نموونەیەكی كەممان هێناوەتەوە، ئەمانەی دەیخوێننەوە مشتێكە لە خەروارێك، یاخود دەتوانم بڵێم گۆڵمێكە لە رەوسەی نووسین و كارو خەباتم لەپێناو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، لە بەشێکى ئەم كتێبانەدا پاشكۆیەكی وێنەیی هەن، هەوڵمانداوە لەجیاتی نووسین بە وێنە باس لە كار و چالاكی و دیدارە سیاسییەكان بكەین، كەوا بێگومان لە زۆربەی ئەو دیدارانەشدا لەسەر ئاستی ناوخۆو وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەوروپی پرسی سەربەخۆیی كوردستان یەكێك بووە لە تەوەرەكانی گفتوگۆكانمان، لێرەدا وێنەكان فراوانی پەیوەندی و ئاستی پەیوەندییەكان بۆ خوێنەر دەخەنەڕوو، لە راستیدا زمانی وێنە هیچی لە زمانی نووسین كەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت، هیوادارم بەم كارانەم توانیبێتم خزمەتێكی بچوكی گەلی كوردستان و پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەم و، خوێنەری کورد و عەرەبیش زیاتر ئاشنای پرسی گەلى كوردستان بكەم.).
 مەخموورى باسى لە گرنگى خوێندنەوەو خۆرۆشنبیرکردن کرد و، وتى : (خوێندنەوەى سەرچاوەى بەسوود و جۆراوجۆر هۆکارە بۆ زیاتر دەوڵەمەندبوونى خوێنەر بە زانست و زانیارى نوێ لە بوارە جیاجیاکانى ژیان، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان ئەوەى پارەى هەیە کتێب ناکڕێ و ناخوێنێتەوە، زۆربەى ئەوانەى کە خوێنەرن و دەخوێننەوە لە رەوشێکى ئابوورى وەکو ئەمڕۆدا ؛ وەکو پێویست پارەى کڕینى کتێب و سەرچاوەیان نییە، بۆیە پێویستە نووسەران هەوڵبدەن کەوا بەشێک لە کتێبەکانیان بە دیارى ببەخشنە خوێنەران.).
 شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبەکانى غەفوور مەخمووری سازكرا, مەخمووری كتێبەكانی پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن, ئەمەو كۆڕەكە بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.
 ئەمەش ناوى کتێبەکان:
1-    مسعود بارزاني رمز الپێشمەرگایەتي والمقاومة القومية.
2-    تعريب كوردستان
3-    استقلال كوردستان
4-    هزر و رامان
5-    بەعەرەبکردنى کوردستان
6-    لەپێناو کوردستان
7-    یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان (یۆبیلى زیوین)
8-    الاتحاد القومي الديمقراطي الكوردستاني (اليوبيل الفضي)
9-    الحيران.