ڕاگەیەندراوێک لە خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە

تشرين1/أكتوير 23, 2020

خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازیی لە ڕوسیا، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە لە ئاست ئاست هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەستن.

خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باس لەوە دەکات، کە داگیرکەر لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە بە چەکی قورس هێرش دەکاتە سەر عەین عیسا، ئەمە سەرەڕای بانگەوازیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە جیهان، هەروەها ڕێککەوتنی ڕوسیا و تورکیا لەلایەک و ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لە لایەکی دیکەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە دەوڵەتی تورک هاوڵاتیانی مەدەنیی لە گوندەکان دەکاتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆری لێ شەهید و بریندار کردوون.

خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکات و بانگەوازیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوسیا و ئەمریکا و ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان کرد، کە بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەستن و ڕێگا نەدەن دەوڵەتی تورک تاوانی هاوشێوە دووبارە بکاتەوە.

ش.ف