بەبۆنەى ١٦ى ئابەوە سکرتێرى گشتیى YNDK پیرۆزبایى لە سەرۆک مەسعود بارزانى دەکات

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە پەیامێکیدا بۆ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان، بەبۆنەى ١٦ ى ئاب ساڵڕۆژى دامەزراندى پارتى دیموکراتى کوردستان، وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى تەمەن درێژى و سەرکەوتن خواستن بۆ جەنابیان، ئاماژە بە رۆڵى کاریگەرانى سەرۆک بارزانى بۆ رێکخستنەوەى نێوماڵى کورد دەکات و، لەم پێناوەشدا داواى پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) دەکات. ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :

برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان

سڵاوێكی برایانەی گەرم ...
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی جەنابتان و (74) هەفتاو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری PDK دەكەین و هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
بێگومان لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (PDK) دەكەینەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و, هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندان, بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە, بۆ ئەمەش جەنابتان وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن، بە باوەڕى ئێمە پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان، لەم رووەوە جەنابتان دەتوانن رۆڵى کۆکردنەوەى تەواوى هێزو لایەنەکان ببینن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.
لەكۆتاییدا؛ هیوای تەمەن درێژى و تەندروستییەکى باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنى زیاتر بۆ PDK دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتى و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.



براى دڵسۆزتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
16 / 8 / 2020