بەبۆنەی یۆبیلى ئەلماسى دامەزراندنى حدك: سكرتێری گشتیی YNDK پیرۆزبایی لە سکرتێرى گشتى و دەفتەرى سیاسى حیزبى دێموکراتى کوردستان دەكات

میدیا - هەولێر:
 بەبۆنەی یۆبیلى ئەلماس (75)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبى دێموکراتى کوردستان، سكرتێری گشتیی YNDK پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز خالید عەزیزى سکرتێرى گشتیی و ئەندامانى دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستان دەكات, وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازێت.
 غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەبۆنەی یۆبیلى ئەلماس (75)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبى دێموکراتى کوردستان, پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز خالید عەزیزى سکرتێرى گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان كردووە, لە پەیامەكەدا وێڕای پیرۆزبایی, جەختدەكاتەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەپێناو زیاتر پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان, ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

برای بەڕێزمان كاك خالید عەزیزى سکرتێرى گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستان

   سڵاوێكی برایانەى گەرم ...
 بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (یوبیلى ئەلماس) حەفتاوپێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستان) ، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستان دەكەین و، ئومێد دەكەین یوبیلى ئەلماسى حیزبتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
 بەڕێزان؛ یوبیلى ئەلماسى حیزبتان لە كاتێكدایە كەوا كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەكرێت، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و لەپێناو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و سوود وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکان خەبات بكەین، بێگومان یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لەهەمان کاتدا كاركردنمان بە ئاراستەى یەکێتى نەتەوەیى بەرەو سەرکەوتن و سەرفیرازیمان دەبات، بەباوەڕی ئێمە لەم پێناوەشدا پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەرى دەبێتە فاكتەری سەرەكی یەكڕێزیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.
 لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر بۆ خەباتی رۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ سڵاوو رێزى دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
                                                                                                                                                                
                                                                                                                براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK                       
15 / 8 / 2020