رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی كوردستان وەڵامی راپۆرتی رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

نيسان/أبريل 30, 2020

 میدیا- تایبه‌ت

حکومەتی کوردستان دەیان تەن داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بۆ باکوری رۆژھەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) رەوانکردووە.

لە رێکەوتی ٢٨/٤/٢٠٢٠ رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ(HRW)  راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی "سوریا ئاستەنگی بەردەم ھاوکارییەکان کاردانەوەی دەبێت لەسەر چارەسەری کۆڤید-١٩" لەدوای چەند داواکارییەک کە گوایا ژمارەیەک لە رێکخراوە مرۆییەکان رێگریان لێکراوە لە گەیاندنی داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بۆ باکوری رۆژھەڵاتی سوریا.

 

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێم ئاماژەی: بە ھەوڵ و کۆششە بەرچاوەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان کرد بۆ ئەو بارودۆخ و قەیرانە مرۆییەی  لە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا ھاتۆتە ئارا. ھەروەھا د. دیندار زێباری  ھەماھەنگی و راوێژکردنی رێکخراوی (HRW) لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەر لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەیان بەرز نرخاند و دوپاتی کردەوە کەوا حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەو داتاو زانیاری پێویست و دروستی پێشکێش رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ کردبوو بەڵام لە راپۆرتەکەیان ئاماژەیان بەو زانیاریانە نەکردبوو. زێباری ئاماژەیکرد کە رێکخراوی ناوبراو داوای زانیاری و داتای فەرمی کردبوو لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە، بەڵام لە راپۆرتەکەیاندا بەھیچ شێوەیەک ئاماژە بەو زانیاریانە نەکراوە، ھەروەھا زێباری گوتی ھەردەم حکومەتی ھەرێم ھەنگاو دەنێت بۆ ھەبوونی پەیوەندی باش لەگەڵ رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ بەڵام پێویستە ئەم ھەماھەنگییە دوولایەنەبێت

 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: لە قۆناغەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کڕۆنا، دەسەڵاتدارانی کارگێڕی خۆیەتی لە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا بڕیاری داخستنی دەروازەی سنوری پیشخابوریاندا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە.ھەروەھا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان روونیکردەوە کە دەروازەی سنوری (پیشخابور-سێماڵکا) لە سەرەتادا بۆ ھەموو جۆرە ھاتوچۆیەک داخرا، تەنانەت ئەو رێکخراوە ناحکومیانەش کە ھاوکاری مرۆیی و پزیشکییان  پێشکێش بە پەنابەران دەکرد لە ناو سوریا.

 

ھەروەھا زێباری گوتی: رێکخراوە مرۆییەکان داوایانکرد بە کردنەوەی دەروازە سنورییەکان بە مەبەستی ناردنی ھاوکاری پزیشکی پێویست بۆ رووبەڕو بوونەوەی ڤایرۆسی کڕۆنا لە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا. ھەر لەسەر داواکاری ئەم رێکخراوانە بڕیار درا بە تەرخانکردنی رۆژی سێشەممە لە گشت ھەفتەیەک بە کردنەوەی دەروازەی سنوری بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان لەوانەش خۆراک و داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و پێداویستی بۆ تاقیگەکان بۆ ئەنجامدانی تێستی ڤایرۆسی کڕۆنا.

 

ھەروەھا زێباری دوپاتی کردەوە کە لە نێو ئەو رێکخراوە ناحکومیانەش رێکخراوی (Un Ponte Per) UPPی ئیتالییە لە رێکەوتی ٧/٤/٢٠٢٠ کە بڕی دوو تەن لە کەلوپەلی پزیشکی و ھاوکاری بۆ نەخۆشخانەکانی باکوری رۆژھەڵاتی سوریا رەوانەکرد. داواکاری ھیچ رئکخراوێک رەتنەکراوەتەوە بۆ ناردنی ھاوکاری مرۆیی.

 

کۆی گشتی ئەو ھاوکاریە مرۆییانەی کە رەوانەی رۆژئاوا کراون لە رێکەوتی ١/٣/٢٠٢٠ تاوەکو ١٥/٤/٢٠٢٠ دەگاتە دە تۆن لە داودەرمان و کەلوپەلی پزیشکی. ھەروەھا زێباری روونیکردەوە کە حکومەتی ھەرئمی کوردستان گشت ھاوکارییەکی لۆجستی پێشکێش بە ئاژانسەکانی مرۆیی کردووە کە ئامادەن بۆ ناردنی ھاوکاری بۆ باکوری رۆژھەڵاتی سوریا.

 

لە رێکەوتی ٩/٤/٢٠٢٠ یەکەم بەش لە کەلوپەلی تاقیگە تایبەت بە کەشفکردنی ڤایرۆسی کڕۆنا رەوانەکرا. ژمارەیەک لە کادر و شارەزای پزیشکی لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ھاوکاری و راھێنان پێکردن چوون بۆ سوریا، ھەروەھا ژمارەیەکیش لە ئەندازیارانی پسپۆر چوون بۆ ھاوکاری و دامەزراندنی تاقیگەی تایبەت بە ڤایرۆسی کڕۆنا. زێباری راشی گەیاند کە ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بووە کە بۆ ماوەی چوار رۆژ لەسەریەک بەردەوام بوو. لەلاین دەسەڵاتدارانی کارگێڕی سەربەخۆ لە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا ئەم ھەوڵانەی سەرۆکی ھەرئم بەرز نرخێندراو سوپاسگوزار بوون بە دەستپێشخەریەکی خێرا و پێویستیان ناساند، دوایین ھاوکاری لە ٢٣/٤/٢٠٢٠ کە لە دوو تەن ھاوکاری و کەلوپەلی پزیشکی پێکھاتبوو رەوانەکرا. چوار لە کۆی ئەو تاقیگایانەی کە رەوانەی رۆژئاوا کراون لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکێش کراوە. 

 

سەبارەت بە کڕینی کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان زێباری ئاماژەیکرد کە ئەو پێداویستیانەی تایبەت بە کڕۆنا سنوردارکراوە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێچەوانەوە رێگا کراوەتەوە بۆ ھاوردەکردنی نەک ھەناردە بەھۆی پێداویستی زۆری ھەرێمی کوردستان بەم پێداویستیانە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە.

 

لەمانگی یەکی رابردوو لەلایەن قونسڵی گشتی چین بڕی ٢٠٠ ھەزار دەمامک کڕیوە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەناردەی وڵاتی چینی کردووە. بەڵام لەسەر داوای حکومەتی ھەرێمی کوردستان دووبارە ھاوکاریان بۆ ھەرێمی کوردستان گێڕایەوە، ھەروەھا زێباری روونیکردەوە ھەرچەند کارگەکانی دەرمان بەردەوام و بێبسانەوە کاردەکەن بۆ بەرھەم ھێنانی پێداویستی پزیشکی ھەر لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە چونکە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر ھەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان.

 

لەگە ئەوەش حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێخۆشحاڵە و پێشوازی دەکات بۆ ھەر ھەوڵێک بۆ پێشکێشکردنی ھاوکاری بۆ (رۆژئاوا)، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستە روو کە حکومەتی ھەرێم باجی ھەڵگرتووە لەسەر ئەو ئاژانسانەی کە لە بواری مرۆیی بەمەبەستی پێشکێشکردنی ھاوکاری بۆ (رۆژئاوا) کاردەکەن، بەڵام پێویستە لەسەر رێکخراوە ناحکومییەکان پابەندبن و بەپێی ئەو یاساو رێنماییانەی کە لەلایەن لیژنەی باڵای حکومەت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کڕۆنا دەردەچن و لە ھەرێمی کوردستان ناویان تۆمارکرابێت، مۆڵەت پێدراو بن و ماوەی مۆڵەتەکەیان بەسەر نەچووبێت، کەلوپەل و پێداویستییەکانیشیان کە پێشکێشی دەکەن بەپێی ستاندارتی ئاژانسی چاودێری پزیشکی کوردستان (KMCA) بێت.

 

لە رێکەوتی ١/٣/٢٠٢٠ تا ١٥/٤/٢٠٢٠ ژمارەیەک لە رێکخراو داواکاریان پێشکێش کردووە بەمەبەستی ھاوکاریکردنی (رۆژئاوا) لەرووی پێداویستی پزیشکییەوە، وەک رێکخراوی دکتۆرانی بێسنووری ھۆڵەندی، مێنیتۆر، دەستەی پزیشکی نێودەوڵەتی (IMC). لەسەر گشت داواکارییەکان رەزامەندی دراوە. ئیمڕۆ ٢٧/٤/٢٠٢٠ رەزامەندی دەدرێت لەسەر رێگەپێدانی چەند رێکخراوێکی دیکە بۆ کارکردن لەم بوارە.

 

لەکۆتاییدا زێباری ئەوەی ئاشکراکرد کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوەی کردووە بە ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی لە دەروازە سنوریەکان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر  ھەر لە سەرەتا سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کڕۆنا کۆڤید-١٩.