کوردانى ئاسیاى ناڤین یۆبیلی زیوینی دامه‌زراندنی YNDK پیرۆز ده‌كەن

نيسان/أبريل 18, 2020

میدیا- هه‌ولێر :

 بەڕێزان (پرۆفیسۆر نادرێ نادرۆڤ و پرۆفیسۆر د. کنیاز ئیبراهیمۆڤ و پرۆفیسۆر د. ئەزیزێ زیۆ بەدرخان و شێخ رەمزان سەیدۆڤ و رەمەزان کەریمۆڤ و تاهیر سلێمانۆڤ) لەسەر ناوى کوردانى ئاسیاى ناڤین؛ کوردانى (ئۆزبەگستان و کازاخستان و قرغیزستان و تورکمانستان و ئازەربایجان) ، به‌بۆنه‌ی یۆبیلی زیوین (25)ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK په‌یامێكیان ئاراسته‌ی غه‌فوور مه‌خمووری سكرتێری گشتیی YNDK کردووە، تیایدا وێڕاى پیرۆزبایی له‌ سكرتێرى گشتى و مه‌كته‌بی سیاسى و سەرکردایەتى و ئه‌ندامانی YNDK ، هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتریان بۆ ده‌خوازن، ئەمەش ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌یە:

    براى بەڕێزمان کاک غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

  سڵاوو رێزێکى گەرم ...
  ئێمە وەکو کوردانى ئاسیاى ناڤین ؛ کەوا ژمارەمان دەگاتە 250000 دووسەد و پەنجا هەزار کورد، 25 ساڵەى دامەزراندنى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK  لە جەنابتان و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى و دۆست و لایەنگرانتان و هەموو گەلى کوردستان پیرۆز دەکەین.
 یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK سەبارەت بە پرسى نەتەوەیى لە هەموو بەشەکانى کوردستان و کوردانى دیاسپۆرا لە وڵاتانى سۆڤیەتى بەرێ رۆڵێکى گرنگى هەبووە، ئێمە دەمانەوێت ئەوە بە بیر بهێنینەوە کاتێ لە کۆمارى قرغیزستان لە ساڵى 2011  کە دەیانویست شۆڕش بکەن و سەرۆککۆمار لەسەر کار لاببەن دەیانویست کورد وەکو سووتەمەنى بەکاربهێنن، لەو کاتەدا ئێمە پەیوەندیمان بە بەڕێز غەفوور مەخموورى کرد و بە پەلە نامەیەکمان نارد بۆ بەڕێز مەخموورى و بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، لەوکاتە لە قرغیستان هێرشیانکردبووە سەرکوردان و کوردیان دەکوشتن و ماڵى کوردانیان تاڵان دەکرد، بەڕیز مەخموورى نامەکەى ئێمەى گەیاندە سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەنابى کاک مەسعوود بارزانى و هەروەها دەنگى ئێمەى گەیاندە پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوەبوو سەرۆک بارزانى و حکومەت و پەرلەمانى کوردستان لە رێگەى خۆیانەوە پەیوەندییان کرد بە حکومەتى قرغیزستان و وتیان کوردانى قرغیزستان بێخاوەن نین، لە ئەنجامى ئەو هەوڵ و پەیوەندییانە کوشتنى کوردان و تاڵانکردنى ماڵى کوردانە هاتە وەستاندن.
  ئێمە باسى ژمارەى 250000 دووسەد و پەنجا هەزار کوردمان کرد کورد لە ئاسیاى ناڤین لەوە زیاترن، بۆ نموونە لە زەمانى شا عەباس تەنها لە تورکمانستان 500000 پێنجسەد هەزار کورد هەبوون، بەڵام بەشێکیان بۆ هۆراسان راگواست و هەندێکى دیکەشیان بۆ شوێنانى دیکە نارد، دەتوانین بڵێین گۆڕانکارییەکانى سۆڤیەتى پێشوو وایکرد ژمارەیەکى زۆرى کوردان ئاوارەو دەربەدەربن، ئەوەش بووە هۆى کەمبوونەوەى ژمارەى کوردان لە ئاسیاى ناڤین، ئێمە ئەوکات وەکو کوردانى ئاسیاى ناڤین ؛ کوردانى قرغیزستان و کازاخستان و ئۆزبەگستان و تورکمانستان سوپاسى پشتیوانى بەڕێز مەخمووریمان کرد، هەڵوێستى بەڕێز جەنابى سەرۆک مەسعوود بارزانى و ئەو پشتیوانییەى باشوورى کوردستان و بەدەنگەوەهاتنى بە پەلەى بەڕێز مەخموورى بۆ ئێمە هێزێک بوو لەبیرى ناکەین، ئێستاش جارێکى دیکە سوپاسى بەڕیز مەخموورى و یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK  و تەواوى کوردانى باشوورى کوردستان دەکەین.
  ئێمە یەکێتى نەتەوەیى دیمموکراتى کوردستان وەکو پردێکى زێڕین لە نێوان باشوورو کوردستانى مەزن و کوردانى دیاسپۆرا بەتایبەت کوردانى ئاسیاى ناڤین دەبینین، لەهەمان کاتدا YNDK وەکو هەوێنى ئاشتى دەبینین لەنێوان هەموو بەشەکانى کوردستان ؛ باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، ئەم هیڤیدارین و لەو باوەڕەداین کەوا هەر ئاڵۆزییەک رووبدات یان گرژییەک دروست بێت YNDK وەکو ئاوێک کە تەواو نابێت بەردەوام لەسەر ئەو ئاگرو گرژییانە رۆڵێکى کارا دەبینێت بۆ دامرکاندنەوەى ئاگرى گرژییەکان، بێگومان YNDK هەردەم وابووە و هەرواش دەمێنێتەوە،  وەک چۆن لە رابردوودا ئەو رۆڵەى گێڕاوە ئێستاش هەمان رۆڵ دەگێڕێت.
 جارێکى دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیواى سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین بەو ئومێدەین کەوا وەک هەمیشە و بەردەوام ئەستێرەى کارو خەباتى YNDK لە ئاسمانى کوردستانى مەزندا لە گەشانەوەدا بێت.
  لەگەڵ رێزى تایبەت.

  برایانتان
- پرۆفیسۆر د. نادرى نادرۆڤ
- پرۆفیسۆر د. کنیاز ئیبراهیمۆڤ
- پرۆفیسۆر د. ئەزیزێ زیۆ بەدرخان
- رەمەزان کەریمۆڤ
- شێخ رەمەزان سەیدۆڤ
- تاهیر سلێمانۆڤ
    15 / 4 / 2020