رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: پێویستە رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن ببنە هۆكاری گواستنەوەی راستییەكان

ميديا- تایبه‌ت

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: سەرەڕای تەحەددییەكان حكومەتی هەرێم هەنگاوی باشی ناوە لە بواری ئازادی رۆژنامەنووسی

 

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە، دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی جیهان بە گشتی و رۆژنامەنووسان كوردستان بەتایبەتی دەكەم، هیوادارم رۆژنامەنووس و میدیاكاران ببنە هۆكاری گەیاندنی راستییەكان و پێشخستنی كۆمەڵگا و دوورخستنەوەی لە بەلاڕێدا بردن.

 

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئازادی كاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان وتی: لە دوای دامەزراندنی  پەرلەمان و حكومەت، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەند تەحەددییەك بۆوە، بەڵام سەرەڕای ئەم تەحەددی و ئاستەنگانە گرنگییەكی زۆری بە ئازادی رۆژنامەگەری ، راگه‌یاندن و راده‌ربڕین داوە، به‌ پێی یاسا بەپێی یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007) کاری رۆژنامەوانی رێکخراوه‌، ومافی ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاران به‌ پێی یاسا پارێزراوه.

 

زێباری زیاتر وتی: لە پاڵ یاسای کاری رۆژنامەوانی لە هەرێم چەند یاسایەكی دیکەش دەرچووە بۆ رێکخستنی زیاتری ئەو بوارە، لەوانە یاسای دامەزراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ژماره‌(40)ی ساڵی 2004، ئەركی ئەم سەندیكایە رێكخستن و داكۆكی كردنە لە مافی رۆژنامەنووسان، هەروەها یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2001 یاسای سندوقی خانەنیشنی رۆژنامەنووسان كوردستان و یاسای  دەستکەوتنی زانیاری ژمارە (11)ی ساڵی 2013  ئەم یاسایانە گشتیان لە بەرژەوەندی پێشخستن و پەرەپێدانی بواری رۆژنامەنووسییە لە كوردستان.

 

لە كۆتایی راگەیاندراوەکەدا د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی: پێویستە رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن ببنە هۆكاری گواستنەوەی راستییەكان و دەستنیشان كردنی هەر كەموكوڕییەك كە لە كایەكانی حوكمڕانیدا لە ئاستی هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی پیشەیيانە، مامەڵە لەگەڵ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و گیان و سەلامەتی هاووڵاتیان بكەن و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی كوردستان لەبەرچاو بگرن.