سەرۆكی هەرێم یاسای چاكسازی واژۆ كرد

شباط/فبراير 04, 2020

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، شارەزایان و پسپۆڕان لە سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، زۆر بە وردی تاوتوێی یاسای چاكسازییان كردووە و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی یاساكەیان بەشێوەیەكی بابەتیانە بە وردی خستووەتەڕوو.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ یاسای چاكسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان ــ عیراق ژمارە 2ی ساڵی 2020ـم واژۆ كرد كە ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی كردووە و ناردوویەتیە پەڕلەمانی كوردستان‌ و ‌ڕۆژی 16/1/ 2020 پەرلەمان پەسەندی كرد.

ئاشكراشیدەكات، ئەم یاسایە مایەی سەرنج و تێڕوانینی چین و توێژە جیاكانی كۆمەڵگە بووە،‌ بۆیە لەو ڕۆژەوە بە فەرمی گەیشتووەتە سەرۆكایەتیی هەرێم، شارەزایان و پسپۆڕان لە سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، زۆر بە وردی تاوتوێیان كرد و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی یاساكە بە شێوەیەكی بابەتیانە بە وردی خرانەڕوو.

ڕوونیشیكردەوە، هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە تێگەیشتنی تەواومان بۆ ئەو سەرنج و تێبینییانە هەیە بەتایبەتی لە بواری خانەنشینیدا‌، جەختیش لەوە دەكەینەوە كە یاساكە هەنگاوێكی دیكەی چاكسازییە لە بواری كارگێڕی و داراییدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیش، بەردەوام دەبین لە هەنگاوەكانی دیكەی چاكسازی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلی كوردستاندا.

جەختی لەوەش كردەوە، لەم ڕوانگەیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕادەسپێرین تا لە ماوەیەكی گونجاودا پڕۆژەیاسای خانەنشینیی یەكگرتوو بۆ هەرێمی كوردستان ئامادە بكات و پێشكەش بە پەڕلەمانی بكات، بەشێوەیەك بنەما و پێوەری هێنانەدی دادپەروەری تێدا بێت و مووچەخۆران دڵنیا بكاتەوە كە ئێستا و داهاتووش ماف و شایستەكانیان مسۆگەر و پارێزراو دەبن، هەروەها لە پەیڕەوی جێبەجێكردندا ڕەچاوی ئەو تێبینی و پێشنیارانە‌ بكرێت كە دەربارەی یاساكە خراونەتە ڕوو، ئەو كەموكوڕییانەش كە لە جێبەجێكردنیدا دەردەكەون، دەكرێت بە هەمواركردنەوەی یاساكە و پەیڕەو‌ی جێبەجێكردنی، چارەسەر بكرێن.