مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK پێشوازى له‌ پارتى ره‌نجده‌رانى كوردستان ده‌كات

تموز/يوليو 19, 2026

   میدیا- هه‌ولێر :

  مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK؛ پێشوازى له ‌شاندێكى مه‌كته‌بی سیاسیی پارتى ره‌نجده‌رانى كوردستان له‌ هه‌ولێر ده‌كات، سەبارەت به‌ رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ گفتوگۆیان كرد .

رۆژی يه‌كشەممە رێكه‌وتی 19-7-2026، شاندێكى مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK كە پێكهاتبوو لە هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و شاكر هاشم ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى و جه‌لال سمایل کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، پێشوازييان له‌شاندێكى مه‌كته‌بی سیاسيی پارتى ره‌نجده‌رانى كوردستان كه ‌پێكهاتبوو له‌ هه‌ڤاڵان ( سه‌يد عه‌زيز ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى و رزگار ڕه‌سول راوێژكارى كۆميتى ناوه‌ندى و خاليد كامه‌لا ئه‌ندامى كۆميته‌ى ناوه‌ندى) لە شاری هەولێر كرد.

 له‌دانيشتنه‌كه‌ باس لە رەوشی سیاسی و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان و شه‌ڕى نێوان ئه‌مريكا و ئێران كرا، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی تەواوی هێز و لایەنە سیاسى و پێكهاتەكان و هاوهەڵوێستی لایه‌نه‌كان بۆ پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و به‌دەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان‌، هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون کەوا ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە و پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نێكى سياسى بۆ ئه‌و قوناغه‌ به‌پێويست زانرا، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەیەکەوە هاوکاربن بۆ كۆده‌نگی و هاوهه‌ڵوێستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌يى، له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و چاككردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان.

لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا جەختكرایەوە سەر زياتر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.

© yndk.com. All Rights Reserved. Designed By hostrain.co