سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەكات

حزيران/يونيو 07, 2026
*غەفوور مەخموورى: پێویستە هەموو لایەکمان كاربكەین بۆ پاراستن و پێشڤەبردنی هەرێمی کوردستان*
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 7 / 6 / 2026، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی له‌ شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و ناوچەکە و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ساڵح ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێر و جەلال سمایل کارگێڕی مەکتەبی ناوەندی پەیوەندییەکانى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (رێباز بێرکۆتی ئەندامى کۆمیتەی سەرکردایەتى و بەرپرسی مەڵبەندی سێی ڕێکخستنی هەولێری ی. ن. ک. و خەمان زرار جێگری بەرپرسی مەڵبەند و ژمارەیەک لە کارگێڕ و ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەند)، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روودەدەن و دێنە پێشەوە و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمانى کوردستان کرا و، سکرتێرى گشتیى YNDK وتى: (ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کەوا هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ پاراستن و چەسپاندنی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان و، پێویستە بەشێوەیەکى سەردەمییانەو بە زمانێکى شارستانییانە دیالۆگ بکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ململانێ حزبییەکان و، خۆمان دوور بگرین لە زمانى زبرو یەکتر ناشیرینکردن، پێویستە کارى هەموو لایەکمان بنیاتنان بێت نەک رووخاندن.)، هەروەها مەخموورى وتى: (بەلاى ئێمەوە ئەوە گرنگە کەوا کوردستان پارێزراو و سەرکەوتووبێت، سەرکەوتنى کوردستان سەرکەوتنى هەموو لایەکمانە، بۆیە پێویستە دروشمى هەموو لایەکمان پاراستن و سەرکەوتنی کوردستان بێت).
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختیانكردەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و YNDK لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.