پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١١ / ٩ / ٢٠٢٥، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، پێشوازیكرد لە بەڕێز (سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان)، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى کوردستان كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روویانداوەو روودەدەن و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, لەم پێناوەشدا هەردوو لا جەختیان لەوە کردەوە کەوا پێویستە لە زووترین کاتدا کابینەى دەیەمى حکومەتى کوردستان پێکبهێنرێت، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کرا و جەختکرایەوە سەر ئەوەی کەوا پێویستە پرۆسەکە بەشیوەیەکی ڕوون و دیموکراتییانە بەڕێوەبچێت.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.