لەسەد ساڵەى پەیماننانەى (سیڤەر 1920 – 2020) سەربەخۆیى كوردستان فاکتەرى چەسپاندنى ئارامییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

آب/أغسطس 10, 2020

نووسینى : غەفوور مەخموورى*

 ئەمڕۆ (10 / 8 / 2020) ؛ رۆژێكی گرنگ و دیرۆكییە لە مێژووى گەلى کوردستاندا ، سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەى (سیڤەر)دا تێپەڕدەبێت، لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆدا لە (10 / 8 / 1920) پەیماننامەى سیڤەر مۆڕکرا، لەو پەیماننامەیدا کۆمەڵێ ماف كە پەیوەست بوو بەداهاتووی كورد بۆ گەلى کوردستان دیارکرا، بەڵام دواتر پەیماننامەکە وەک خۆى جێبەجێ نەکرا و خەونەکانى گەلى کوردستانیش لەباربران، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا و دواى سەد ساڵ کورد بە هیواوە سەیرى ئەو پەیماننامەیە دەکەن.

 بێگومان بەدرێژایی مێژوو گەلی كوردستان لە خەبات و تێكۆشان و بەرخوداندا بووە لەپێناو وەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خۆیدا و، لەهەمان کاتدا لە زۆر لاوەش زوڵمى گەورە لە کورد کراوە، گەورەترین زوڵمی مێژووییش كە لە گەلی كوردستان كرابێت رێكەوتننامەى (سایكس - پیكۆ) بوو لە ساڵی 1916دا، دواى ئەوەى کوردستان لە ئەنجامى شەڕى چاڵدێران دابەشى سەر هەردوو ئیمراتۆریەتى عوسمانى و سەفەوەى کرا، جارێكی دیكە و سەرلەنوێ کوردستان بەپێى رێکەوتننامەى (سایکس - پیکۆ) دابەشی سەر (عێراق و توركیا و سوریا و ئێران) کرا، راستە ئەو ریکەوتننامەیە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیە بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا زوڵمیکى گەورەش بوو لە کورد و گەلى کوردستان کرا، بێگومان گەلی كوردستان هەر لەسەرەتاوە رێكەوتننامەی (سایكس - پیكۆ)ی ڕەتكردەوەو پێی ڕازی نەبوو.

  دوای چوار ساڵ لە رێكەوتننامەی (سایكس - پیكۆ) هەوڵێك هاتە ئاراوە كە ئەویش پەیماننامەی (سیڤەر) بوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە لە بەندەكانی (62 و 63 و 64) كۆمەڵێ ماف بۆ گەلی كوردستان دیاركرابوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە دەبوایە دوای ساڵێك گەلى كوردستان وەك هەر گەلێکى دیکەى ناوچەکە خۆى خۆى بەڕێوەببات و، دواتر هەوڵبدات لەسەر خاکى خۆى بینای وڵاتی خۆی بكات و، هەوڵ بدات وەك چۆن لە رابردوودا رۆڵێكی كارای هەبووە لە بیناكردنی شارستانییەتی ناوچەكەدا بەهەمان شێوە لەداهاتوودا رۆڵێك ببینێت لە بیناكردنی كۆمەڵگایەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەداخەوە ئەو پەیماننامەیە جێبەجێنەكرا و، ئەوە بوو پەیماننامەی لۆزان لەساڵی 1923 كە هاتە پێشەوە ئەو پەیماننامەیە ئەو خەونەی كوردی لەباربرد کە لە سیڤەر بەرنامەڕێژى بۆ کرابوو، جارێكی دیكە لە (لۆزان) زوڵم لە گەلی كوردستان كرایەوە، كەمالییەكان زوڵمێكی گەورەیان لەگەلی كوردستان كرد كە مافی رەوای گەلی كوردستانیان نەدا و، نەیانهێشت ویلایەتی موسڵ خۆبەڕێوەبەری رابگەیەنێ، دواتر کە ویلایەتی موسڵ لەساڵی 1925 كە بەعێراقی عەرەبییەوە لكێندرا جارێكی دیكە ئەو خەونەی كورد لەباربرا.

  ئێمە ئەگەر تێبینی بكەین لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، كە پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێنەكرا، ئەوە بۆتە هۆكاری ئەوەى كە تائێستاكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ناوچەكە هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت و شەڕو خوێنڕشتن لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا درێژەى هەبێت، جێبەجێکردنى پەیماننامەى (سیڤەر) فاکتەرێکى سەرەکییە بۆ چەسپاندنى ئاشتى و هێمنى و ئارامى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و بگرە جیهانیشدا، بێگومان پێویستە هەموو لایەک ئەو راستییە بزانن کە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان و گەیشتنی گەلی كوردستان بەمافە رەواكانی خۆی گەورەترین فاكتەری چەسپاندنی هێمنی و ئارامییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، تەنها و تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانرێ ئەو هێمنی و ئارامییەی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیخوازێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێ و وەدەست بهێنرێت، واتە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان فاکتەرى چەسپاندنى ئاشتى و ئارامییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.

 ئەگەر ئێمە تێبینی بكەین دەبینین كە ئەو پەیماننامە گرنگەی سیڤەر جێبەجێ نەكراوە، ئەوە هۆکارى سەرەکى بووە کە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناڤین هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت، ئەمەش شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ تەواوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە ئەمڕۆ نەتەوەیەكی زیاتر لە (50) ملیۆن مرۆڤ لەهەموو مافێكی خۆی بێبەشكراوە و، لەلایەن چوار دەوڵەتی ناوچەكە (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) دەچەوسێندرێتەوەو مافەكانی پێشێل دەکرێت، بۆیە لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتى پێویستە جارێكی دیكە هەوڵبدات بۆ زیندووكردنەوەو کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر و، هاوكار بێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت.

  بۆ زیندووکردنەوەو کاراکردنەوەى پەیماننامەى سیڤەر ؛ ئێمە وەكو گەلی كوردستان پێویستیمان بەوە هەیە كە لە داهاتووێكی نزیكدا بۆردێكمان هەبێت و، وەک ئەرکێکى نەتەوەیى و بەپەلە پێویستە (بۆردی كاراكردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی ئەو بۆردەوە كاربكەین و جارێكی دیكە ئەو پەیماننامەیە زیندووبكەینەوەو هەوڵبدەین لەو رێگەیەوە داوای مافە رەواكانی خۆمان بكەین، بۆئەمەش پێویستە هەرسێ ماددەی (62 و 63 و 64)ی پەیماننامەی سیڤەر كارا بكەینەوەو بەپێی ئەو ماددانە داوای مافە رەواكانی خۆمان بكەین، لەو پێناوەشدا پێویستە هەموو تاكێكی كوردستان بەو ئاراستەیە كاربكات، لەهەمان کاتدا پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بزاڤێکى خورت بکەین، بۆئەوەى بتوانین كاریگەریمان لەسەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانى ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی دیكەش هەبێت، لەم رووەوە رەڤەندی كورد دەتوانێت رۆلێكی كارا بگێرێت، لێرەوە داوا دەكەین کەوا رەڤەندی كورد زیاتر رێكبخرێت و بەشێوەیەکى ئۆرگانیزەکراو ئاڕاستەى كارو خەبات بكرێت، هەروەها لەناوخۆی كوردستانیش پێویستە هەموومان پێكەوە هەوڵبدەین و بەو ئاراستەیە كاربكەین، لەبەرئەوەی زیندووكردنەوەی پەیماننامەى (سیڤەر) هۆكارێكى گرنگ دەبێت بۆ نزیكبوونەوەمان لە گەیشتن بە مافە رەواكانمان.
 
       10 / 8 / 2020

 *سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK