yndk

yndk

كاتژمێر (10)ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2023/6/6 لەبارەگای هەرێمی قەرەچووغی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەمەخموور، كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموور بەڕێوەچوو .
ئەمەو لەكۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندی حزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموورو یەكریزی و یەكهەڵوێستی لایەنەكان و لەهەمبەر پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لەدەڤەرەكە .
لەتەوەرێكی تردا تیشك خرایە سەر رەوشی مەخموورو دەوروبەری و كە ئێستا لەنێو بەرداشی دووئیدارەییدا گیری خواردووەو پرۆسەی بەعەرەبكردن لەناوچەكە بەشێوازێكی ترو مەترسییەكی گەورەتر لەپێشوو پەیڕەو دەكرێ‌ و شارەدێی قەراج و گوندەكانی دەوروبەری تاكە ماڵێكی كوردی تێدا نەماون و ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر مۆركی نەتەوەیی شارەدێكەو گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە، بۆ ئەم مەبەستەو بۆ چارەسەری ریشەیی كێشەكانی ناوچەكە، لەكۆبوونەوەكەدا رووی داواكاری ئاراستەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا، كە هەروەك چۆن مەخموور پێش ساڵی 1996 سەر بەپارێزگای هەولێر بووەو بەبڕیارێكی رژێمی پێشوو خراوەتە سەر پارێزگای موسڵ و دوای رووخانی رژێمیش هەموو بڕیارەكانی هەڵوەشێندراونەتەوە، ئاواش جەخت لەسەر گەڕاندنەوەی ئیدارەی مەخموور بكرێتەوە بۆ سەر ئیدارەی هەولێرو حكومەتی كوردستان، و داوا لەنوێنەرانی ناوچەكە لەپەرلەمانی عێراق بكرێت لەوبارەیەوە سكاڵا بەرز بكەنەوە،لەهەمانكاتدا بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی بەغدا لەدادگای فیدراڵی عێراق بەرزبكەنەوە، لەبارەی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراقدا .
هەروەها لەتەوەرێكی تردا تیشك خرایە سەر پێویستی شارەكە بەخزمەتگوزاری زیاتر لەرووی ئاوەڕۆ و پاككردنەوەی شەقام و كۆڵانەكان و دابینكردنی نەخۆشخانەو بەشی فریاگوزاری خێرا، و كاركردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ جێبەجێكردنی ئەو پێویستییە سەرەتاییانەی ژیان و گوزەرانی خەڵك، و لەهەمانكاتدا چارەسەركردنی كێشەو گرفتی جوتیارانی ناوچەكە لەوەرگرتنی پەینی كیمیایی و هێنانی بۆ ناوچەكەو چارەسەركردنی گرفتی قەرەباڵغی سایلۆكان و سوودمەنبوونی جوتیارانی ناوچەكە بەپلە یەك لەوەرگرتنی دانەوێڵەكانیان لەسایلۆی مەخموور .
ئەمەو لەكۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر بەدواداچوون لەو خاڵانەی لەسەرەوە باسكران و ئامادەكردنی نووسراوێك لەپێویستییەكانی مەخموور بەپڕۆژەكان و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە لەئیدارەو فەرمانگەكان و نوێنەرانی ناوچەكە لەپەرلەمانی عێراق بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان و گەیاندنی داواكارییەكان بەلایەنی پەیوەندیدار .
حیزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموور:
پارتی دیموكراتی كوردستان - یەكێتی نیشتمانی كوردستان - بزوتنەوەی گۆِران - كۆمەڵی دادگەری كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان - حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان - یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان . مەخموور - 2023/6/6 .
براى بەڕێزمان هەڤاڵ صادق گه‌ردی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی هه‌رێمی سۆرانی YNDK
به‌رێزان بنه‌ماڵه‌ و خزمانی خوالێخۆشبوو ( قه‌تران حسین مه‌لا گه‌ردی)
بەخەم و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی خواڵێخۆشبوو (قه‌تران حسین مه‌لا گه‌ردی) كوڕه‌ خاڵی بەڕێزتانمان پێگەیشت، بەناوی خۆمان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و كۆمیتەی سەركردایەتی و ئەندامانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەى بەڕێزتان و خانەوادەکەتان و تەواوى خزمانتان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشى خەمتان دەزانین، ئومێد دەكەین ئەوە دواخەم و ناخۆشیتان بێت و، لە یەزدانی مەزن نزا ده‌كه‌ین دڵنەوایی و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت و خوالێخۆشبوویش بخاتە بەر رەحمەتی دلۆڤانی خۆی و به‌ به‌هه‌شتی شاد بكات...... انا لله وانا الیه راجعون.
مه‌كته‌بی سیاسی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
6/6/2023ی زایینی
میدیا - هەولێر:
ئێوارەى ڕۆژى 5 / 6 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە سەردانی نووسەرو شاعيرى ناسراوى كوردستان بەڕێز موحسين ئاوارە-ى کرد، هیواى تەندروستییەکى باشى بۆ خواستن.
ئێوارەى ڕۆژى دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بە یاوەرى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە لە شارى هەولیر سەردانی نووسەرو شاعيرى ناسراوى كوردستان بەڕێز (موحسین ئاوارە)یان کرد و، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزیان و خانەوادەى بەڕێزیانەوە پێشوازی كران، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیی YNDK وێڕاى هەواڵپرسین، هیواى ساخى و سەلامەتى و تەندروستییەکى باشى بۆ بەڕێزیان خواست، لەبەرامبەردا بەڕێز (موحسین ئاوارە) وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى سوپاسی ئەو سەردان و بەسەرکردنەوەیەى سکرتێرى گشتیىYNDK ی كرد.
میدیا - هەولێر:
ئێوارەى ڕۆژى 5 / 6 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە سەردانی کەسایەتیى ناسراوى شارى هەولێر بەڕێز عەبدولخالق تاهیر حەمەدەمین-ى کرد کەوا ماوەیەکە رەوشى تەندروستى باش نییە، هیواى زووچاکبوونەوەو تەندروستییەکى باشى بۆ خواستن.
ئێوارەى ڕۆژى دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بە یاوەرى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK )، بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە سەردانی کەسایەتیى ناسراوى شارى هەولێر بەڕێز (عەبدولخالق تاهیر حەمەدەمین)-یان کرد و، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزیان و خانەوادەى بەڕێزیانەوە پێشوازی كران، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیی YNDK هیواى زووچاکبوونەوەو تەندروستییەکى باشى بۆ خواستن، لەبەرامبەردا بەڕێز عەبدولخالق تاهیر حەمەدەمین وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى سوپاسی ئەو سەردان و بەسەرکردنەوەیەى سکرتێرى گشتیى YNDK ی كرد.
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٣ / ٦ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى سەربەستیى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و پەیوەندى نێوان هەردوو لا کرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار تاهیر سەعید ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى پارتى سەربەستیى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (عارف باوەجانی سەرۆکی گشتی و ئاهورا هەورامی جێگری سەرۆکی گشتی، و چەند کادیرێکی پێوەندییە گشتییەکانی پ س ک)، لەدیدارەكەدا سەبارەت بە رەوشى سیاسیى رۆژهەڵات و باشوورى کوردستان گفتوگۆ کرا و هەردوولا پێیان وابوو کەوا پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دوورکەونەوە لە گرژى و ناکۆکییەکان و راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێننە ئارا و کاربکەن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆئەوەى هەموو لایەک پێکەوە بتوانین دۆزى نیشتمانى و نەتەوەیى کوردستان پێشبخەین.
سکرتێرى گشتیى YNDK لە دیدارەکەدا وتى: (ئێمە وەک YNDK باوەڕمان وایە کەوا پێویستە گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن، لەبەرئەوەى ناکۆکى و دووبەرەکى جگە لە ماڵوێرانى سوودێکى دیکەى نییە و لە ئەنجامدا بە سوودى دوژمن و زیانى گەلى کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵى یەکڕیزى و لەهەڤهاتن بدەین، مەخموورى ئەوەشى خستەڕوو کەوا پێویستە هەموو لایەک رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکەن و، وتى : (باشوورى کوردستان لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردایە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن رەچاوى بارودۆخى باشوورى کوردستان بکەن و پاراستنى بە ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى بزانن.).
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.

میدیا- هه‌ولێر
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK- كۆمیته‌ی باشوور كۆبوونەوەی خۆی به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و حزبه‌ سیاسییه‌كان لە هەولێر ساز ده‌كات.
رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 3/6/2023 به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و حزبه‌كان، كۆمیته‌ی باشووری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK)‌ ‌ له‌ شاری هه‌ولێری باشووری كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان و راگه‌یاندنی كۆمیته‌كانی كار و دیاریكردنی ئه‌ندامان و ئاماده‌كاری بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌ك له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی لۆزان ئه‌نجامدا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون كه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌یه‌ن دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌زموونی باشوور و رۆژئاوی وڵات هه‌یه،‌ بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان له‌ ئاست به‌رپرسیارییه‌تیدا بین و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان لا‌یه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكرێ و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی دادگای فیدرال له ‌دژی باشووری كوردستان سیاسیین و ‌ بۆ كۆتایی هێننان به‌و ته‌نگژانه‌  پێویسته له‌كاتی دیاریكراو هه‌‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد بكرێ و په‌رله‌مان ببێته‌وه‌ ده‌نگ و رای خه‌ڵكی كوردستان.

 هه‌روه‌ها له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ ناوی ئه‌ندامانی كۆمسیۆن و كۆمیته‌كان راگه‌ینرا و بڕیادرا هه‌ر كۆمسیۆن و كۆمیته‌یه‌ك دوای كۆبوونه‌وه‌ی ده‌ست به‌كارو چاڵاكی بكات ، هه‌روه‌ها باس له‌ رۆلی KNK كرا بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌هێشتنی گرژییه‌كان و  فه‌راهه‌مكردنی ئاشته‌وایی و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردستان كه‌ ئه‌وه‌ش به‌یه‌كریزی و ته‌بایی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت.

میدیا - مەخموور:
پاشنیوەڕۆى ڕۆژى هەینى، رێکەوتى 2 / 6 / 2023 ، شاندێکى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK كە پێكهاتبوو لە هەڤاڵان (جەمیل سنجاوى و قەهار تاهیر سەعید ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و پەروەر پاڵانى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى قەرەچووغى YNDK ژمارەیەک لە کارگێڕو ئەندامانى هەرێمى قەرەچووغى YNDK)، بە نوێنەرایەتیى غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى کەسایەتیى ناسراوى دەڤەرى مەخموور خوالێخۆشبوو کەمال جەمیل محەممەد عەلى مەخموورى بوون، شايانى باسە رێوڕەسمەکە لە گۆڕستانى گەورەى شارى مەخموور بەڕێوەچوو.
شاندى YNDK لە رێوڕەسمەکەدا بەناوى سکرتێرى گشتی و مەکتەبى سیاسیى YNDK پرسەو سەرەخۆشیان بە بنەماڵەى خوالێخۆشبوو راگەیاند.
میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ڕۆژى پێنجشەممە، رێکەوتى 1 / 6 / 2023، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، پێشوازیكرد لە نووسەرو شاعیر بەڕێز (فەرید مەخموورى)، لە دیدارەکەدا باسیان لە رەوشی رۆشنبیرى كوردستان و رۆڵى نووسەرو رۆشنبیران لە پرۆسەى سیاسیى و کلتوورى کوردستان كرد.
سکرتێرى گشتیى YNDK ئاماژەى بە رۆڵى بەڕیزیان لە بزاڤى رۆشنبیرى کوردستان کرد و هیواى تەندروستییەکى باش و تەمەن درێژى و بەردەوامى بۆ خواست.

میدیا - هەولێر

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK، له‌ شاری هه‌ولێر به‌شداری مه‌راسیمی داگیرساندنی مۆمی (48) ساڵه‌ی دامه‌رزاندنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ده‌كات.

ئێوارەی ئەمڕۆ 1-6-2023، شاندێكی مەكتەبی سیاسیYNDK كه‌ پێكهاتبوو له‌ هەڤاڵان ( د.شاخەوان خالید كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و شاكر هاشم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و فاخر نانه‌كه‌لی كارگێڕی مەكتەبی ناوەندی پەیوەندییەكان ئه‌رسه‌لان كاروانی ئەندامی مەكتەبی ناوەندی پەیوەندییەكان) به‌شداری مەراسیمی داگیرساندنی مۆمی 48 ساڵەی تەمەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر ده‌كه‌ن بە ئامادەبوونی باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتکاری وڵاتان و سه‌رۆك و سكرتێری حزبە کوردستانی و عێراقییەکان و نوێنەرانی حکومەت بەڕێوەچوو، کە تیایدا قوباد تاڵەبانی وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خوێندەوە و كۆمه‌ڵێك چاڵاكی هونه‌ری و گۆرانی له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ پێشكه‌شكران.

شاندی YNDK پیرۆزبایی (48) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی له‌ به‌رێز قوباد تاڵه‌بانی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كرد و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ په‌یامی پیرۆزباییان ئاڕاسته‌كردن، له‌به‌رامبه‌ردا كاك قوباد تاڵه‌بانی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان سوپاسی پیرۆزبایی و به‌شداری شاندی ( YNDK )یان له‌م مه‌راسیمه‌دا‌ كرد، جێگه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ كاتژمێر 6ی ئێواره‌ تا 8:30ی شه‌و به‌رده‌وام بوو.

 

 

میدیا - هەولێر

مه‌كته‌بی سیاسی یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDKبەبۆنەى (48)ه‌مین ساڵیادى دامەزراندنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان په‌یامی پیرۆزباییان ئاڕاسته‌ ده‌كات، له‌ په‌یامه‌كه‌ هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوون بۆ ده‌خوازێ و بۆ ده‌ربازكردنی ئه‌م ره‌وشه‌ داوای ته‌بایی و یه‌كریزی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كات .

 

ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌:

بۆ بەڕێز مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان

بابەت / په‌یامی پیرۆزبایی

 

سڵاوی سەرخۆبوون ‌و ئازادی ...

بەبۆنەی( 48 )ه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی (یەكێتی نیشتمانیی كوردستان) بەناوی خۆمان ‌و تەواوی ئەندام ‌و لایەنگرانی (یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK )، جوانترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەكەین‌ و خوازیارین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمساڵتان هاندەر بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری كوردستان.

بەڕێزان : له‌كاتێكدا كه‌وا یادی دامه‌زراندنی (یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان) ده‌كه‌نه‌وه‌، كوردستان له‌ ره‌وشێكی ناسك و هه‌ستیاردایه‌، بۆ ده‌ربازكردنی ئه‌م ره‌وشه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كمان پێویسته‌ كار بۆ یەكریزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێزو لایەنەكانی كوردستان بكه‌ین و، به‌گیانێكی برایانه‌ تێبكۆشین بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی گرنگ بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان و هەنگاونان بەرەو هه‌ڵبژاردنێكی پاك و روون و پاراستنی دەستكەوتەكانمان.

جارێكی دیكە ساڵیادی دامەزراندنی (ی. ن. ك) پیرۆز بێت و كوردستانیش هەمیشە ئاوەدان و شوێنی پێكەوەژیان و ئاشتی و تەبایی سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان بێت.

هەر سەركەوتوو بن ... لەگەڵ رێزماندا.

 

 

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

1-6-2023

هه‌ولێر- باشووری كوردستان