میدیا – هەولێر:
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی كوردستان YNDK، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥/ 5/ ٢٠٢٦، بەشداریی لەو مەراسیمەدا کرد کە لە شاری هەولێری پایتەخت بۆ یادکردنەوەی حەفتا و هەشتەمین ساڵەی (النكبة) کۆچپێکردنی زۆرەملێ و ئاوارەكردنى گەلی فەلەستین لەسەر خاک و زێدی باووباپیرانیان ڕێکخرابوو.
شاندى مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوو لە هەڤاڵان ( د. شاخەوان خالید، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی YNDK و شاکر هاشم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی YNDK ) بەشداریکردنی شاندهكه له چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی دێت لە پاڵپشتیکردنی دۆزە ڕەواکان و مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووس و بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی خۆیان.
مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی بهڕێز دکتۆر ماهر کەرەکی، کونسوڵی گشتیی دەوڵەتی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونى کادیرانی کونسوڵخانە و بهشدارى نوێنەرانی هێز و پارتە نیشتمانی و سیاسییەکانی کوردستان، عێراق و فەلەستین، لێژنە جەماوەرییەکان، چالاکوانانی کلتووری، کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە چوو.
مەڕاسیمەكه بەوەستان بۆ خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، لهگهڵ سروودی نیشتمانیی دەوڵەتی فەلەستین، کوردستان و عێراق دەستی پێکرد، دواتر دکتۆر ماهر کەرەکی، کونسوڵی گشتیی دەوڵەتی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد کە تێیدا بەخێرهێنانی میوانانی کرد و تیشکی خستە سەر ڕەهەندە مێژوویی و سياسى و مرۆییەکانی یادی كارهساتهكه کە لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە، هەروەها جەختی لەسەر بهدهستهێنانى گەلی فەلەستین بە مافە ڕەوا و جێگیرەکانیانەوە کردەوە، کە لە پێشەنگیاندا مافی گەڕانەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیانه، لە هەمان کاتدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی سەرکردایەتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ هەوڵە سياسى و دبلۆماسی و مرۆییەکان دەربڕی.
هاوکات لە میانەی یادەکەدا، چەندین چالاکیی کلتووری و سیاسی بەڕێوە چوون، کە دیارترینیان نمایشکردنی فیلمی سینەمایی بەڵگەنامەیی "فەلەستین ٣٦" بوو، کە سەرنج و کاردانەوەیەکی زۆری ئامادەبووانی بەدەست هێنا، لەبەر ئەوەی فیلمەکە تیشکی دەخستە سەر قۆناغەکانی خەباتی مێژوویی گەلی فەلەستین و خۆڕاگرییان لە بەردەم بهربهست و ئاستهنگهكاندا.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، شاندی مەکتەبی سیاسیی (YNDK) سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی گەیاندە کونسوڵخانەی فەلەستین و جەختیان لەسەر بەهاکانی دادپەروەری و ئاشتیی ناوچەیی کردەوە، کە ناتوانرێت بەدی بهێنرێت مەگەر بە گەیشتنی گەلان بە تەواوی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆیان، هەروەها هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و فەلەستین.