yndk

yndk

میدیا - هەولێر:

 

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢١ / ٩ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK سەردانی بارەگای یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان-ی لە شارى هەولێر كردو، 53 پەنجاو سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکیتییەکەى پیرۆزکرد و، وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونی زیاتری خواستن.

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەیاوەری هەڤاڵان (د. عەبدوڵڵا عەدۆ و قەهار مەخموورى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامی کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێر و جەلال سمایل کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، سەردانی بارەگای مەكتەبی تەنفیزى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان-یان لە شاری هەولێر كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (مامۆستا د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید مەلا وەیسى سەرۆکى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانى جێگرى سەرۆک و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزى و پیاوانى ئاینى) پێشوازی كران، لە سەردانەكەدا سكرتێری گشتیی YNDK بەبۆنەی 53 پەنجاو سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتی YNDK ی پێڕاگەیاندن و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونی زیاتری بۆ خواستن، هەروەها داواى کرد کەوا وەکو زانایان و پیاوانى ئاینى زیاتر رۆڵ ببینن لە قوڵکردنەوەى هەستى نەتەوەیى و نیشتمانى و، وەستانەوە لەبەرامبەر هزرى توندڕۆیى و تەکفیرى، لەبەرامبەردا سەرۆکى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان بەناوی خۆی و یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هەڵوێستەكانی سكرتێری گشتی و سەركردایەتی YNDK ی كرد بەرامبەر بە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکان، هەروەها جەختیكردەوە سەر پتەوكردن و پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان YNDK و یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.

میدیا- هه‌ولێر

 

كاتژمێر 10ی به‌یانی تاوه‌كو 5 ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 20-9-2023، بەبۆنەی تیرۆركردنی شه‌هید ( ده‌نیز جه‌وده‌ت هێڤی) لە شاری هه‌ولێر، پرسه‌ و ماته‌مینی له‌لایه‌ن كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK رێكخرا.

لە رێورەسمەکەدا به‌ ئاماده‌بوونی دایك و باوك و مام و كه‌سوكاری شه‌هید ده‌نیز و زه‌ینه‌ب موڕاد هاوسه‌رۆك و ئه‌ندامانی KNK و نوێنەرانی حزب و لایەنه‌ سیاسییه‌كان و رێكخراو و، کەسایەتی هه‌موو به‌شه‌كانی کوردستان بەشداربوون و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیان له‌ بنەماڵە و ئاماده‌بووان كرد.

بۆ ئه‌م مه‌‌به‌سته‌ شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK كه ‌پێكهاتبوو له‌ هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسىYNDK و شاکر هاشم ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتیYNDK و ئه‌رسه‌لان كاروانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كانیYNDK) ئامادەى رێوڕەسمى پرسەكه‌ بوون و جارێكی دیكه‌ ئیدانه‌ی تیرۆركردنی شه‌هید ده‌نیزیان كرد و پرسە و سەرەخۆشى و هاوخەمى خۆیان و  YNDK یان بە بنەماڵە و هاوسه‌رۆك و ئه‌ندامانی KNK و راگەیاند و هیوایان خواست ده‌زگاكانی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌زووترین كان بكوژانی شه‌هید ده‌نیز بدۆزنه‌وه‌ و به‌سزای عادیلانه‌ی خۆیان بگه‌ن.

 بنەماڵەى شه‌هید ده‌نیز و هاوسه‌رۆكی KNK سوپاسی ئیدانه‌ و هاوخه‌می و ئاماده‌بوونی شاندی مه‌كته‌بی سیاسیی  YNDKیان كرد.

 

میدیا-هه‌ولێر

 

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 19 / 9 / 2023، مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK سه‌ردانی باره‌گای كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی به‌بۆنه‌ی تیرۆركردنی شه‌هید ده‌نیز جه‌وده‌ت ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە نووسینگەی فەرمی KNK لە شاری هەولێر.

 د. شاخه‌وان خالید به‌نوێنه‌رایه‌تی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، جارێكی دیكه‌ تیرۆركردنی هه‌ڤاڵ (دەنیز جەودەت هێڤى) ئیدانه‌ و شه‌رمه‌زار كرد و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی به‌ زه‌ینه‌ب موڕاد هاوسه‌رۆكی KNK و ئه‌ندامانی KNK گه‌یاند و بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن وتی: ئه‌مڕۆ له‌باره‌گای كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان KNK له ‌شاری هه‌ولێر كۆبووینه‌ته‌وه‌ ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ی شه‌هیدكردنی هه‌ڤاڵ ده‌نیز جه‌وده‌ت بە توندی شەرمەزار دەکەین و، ئەم کردەوە تیرۆریستییە بەتەنها تاوان و دەستدرێژی نییە بۆ سەر گیانی چالاکوانێکى سڤیل، بەڵکو دەستدرێژیە بۆ سەر هێمنى و ئارامى و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەوڵێکە بۆ بارودخۆی ئه‌منی و  سیاسیى لە کوردستان، داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات تاوانباری ئەم تاوانە تیرۆرستییە بدۆزنەوە و رووبەڕووى یاساى بکەنەوە، هەروەها داوا دەکەین کەوا پارێزگارى لە هاووڵاتییانى سڤیل و چالاکوان و ئازادیخوازی هه‌موو کوردستان بکرێت.  

 

 

بەڕێزان بنەماڵەی خوالێخۆشبوو (ئەدهەم ئیسماعیل دەروێش سارمەمى)
سڵاوێکی گەرم ...
بەخەم و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی کەسایەتیى چاکەخوازو ناسراوی شارى هەولێر و عەشیرەتى سارمەمى کاک (ئەدهەم ئیسماعیل دەروێش سارمەمى)مان پێگەیشت، کەوا بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەهۆى نەخۆشى لە عەمانى پایتەختى ئوردەن کۆچى دوایى کرد، خوالێخۆشبوو رۆڵێکی بەرچاوی لە بوارى کۆمەڵایەتى و کارى چاکەخوازى و ئاشتەوایى کۆمەڵایەتى هەبوو، لە بواری چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵایەتییەکان خزمەتێکی زۆری بە کۆمەڵگەى کوردستان کرد، لەدەستدانی کاک (ئەدهەم ئیسماعیل دەروێش سارمەمى) زیانێكی گەورەیە بۆ هەموو لایەکمان.
بەناوی خۆمان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK پرسە و سەرەخۆشیی لە خۆمان و لە ئێوەی بەڕێزو تەواوی خزمانى عەشیرەتى سارمەمى و كەسوكاری خوالێخۆشبوو دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین و، لە یەزدانی مەزن داواكارین خوالێخۆشبوو بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانی خۆی و دڵنەوایی و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
براتان
غەفوور مەخمووری
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
19 / 9 ‌/ 2023 پاریس
 
 
 
 
 
بەدڵبوون
 
 
 
سەرنج
 
 
ناردن
 
 

جەماوەرى وڵاتپارێزى کوردستان .... 

 - کەس و کارو بنەماڵەى شەهیدانى کوردستان ...

 بە داخ و پەژارەیەکى زۆرەوە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، رێکەوتى 18ی ئەیلولی 2023 ، (دەنیز جەودەت هێڤى) ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە نووسینگەی فەرمی KNK لە شاری هەولێر تیرۆرکرا.

 ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ئەم کردەوە  تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە بە توندی شەرمەزار دەکەین، بێگومان ئەم کردەوە تیرۆریستییە بەتەنها تاوان و دەستدرێژی نییە بۆ سەر گیانی چالاکوانێکى سڤیل، بەڵکو دەستدرێژیە بۆ سەر هێمنى و ئارامى و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەوڵێکە بۆ ئاڵۆزکردنى کارى سیاسیى لە کوردستان، داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات تاوانباری ئەم تاوانە تیرۆرستییە بدۆزنەوە و رووبەڕووى یاساى بکەنەوە، هەروەها داوا دەکەین کەوا پارێزگارى لە هاوڵاتیانى سڤیل و چالاکوان و ئازادیخوازی پارچەکانی کوردستان بکرێت.

 - نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهید دەنیز جەودەت هێڤى و تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.

 - مردن و رووڕەشى بۆ تیرۆریستان و داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان.

 

 

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

18ی ئەیلولی 2023

میدیا - هەولێر:
ئێوارەى ئەمڕۆ 11 / 9 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە سەردانی کەسایەتیى ناسراوى شارى هەولێر بەڕێز دارا دزەیى-ى کرد، کەوا ماوەیەکە رەوشى تەندروستى باش نییە و نەشتەرگەرى بۆ ئەنجامدراوە، هیواى زووچاکبوونەوەو تەندروستییەکى باشى بۆ بەێزیان خواست.
ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بە یاوەرى هەڤاڵ (ئەرسەلان کاروانى ئەندامى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە، لە شارى هەولێر، سەردانی کەسایەتیى ناسراوى شارى هەولێر بەڕێز (دارا دزەیى)یان کرد و، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیی YNDK وێڕاى هەواڵپرسین، هیواى ساخى و سەلامەتى و زووچاکبوونەوەو تەندروستییەکى باشى بۆ بەڕێزیان خواست، لەبەرامبەردا بەڕێز (دارا دزەیى) وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى سوپاسی ئەو سەردان و بەسەرکردنەوەیەى سکرتێرى گشتیى YNDK ی كرد.
میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٠ / ٩ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە کەسایەتیى ناسراوى شارى هەولێر بەڕێز (مامەند مەعروف ئاغا دزەیى) كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی شارى هەولێرو پەیوەندى نێوانیان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، پێشوازیكرد لە کەسایەتیى ناسراوى شارى هەولێر بەڕێز (مامەند مەعروف ئاغا دزەیى)، لە دیدارەکەدا باسیان لە رەوشی شارى هەولێر چۆنیەتى قوڵکردنەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گیانى پێکەوەژیان لە هەولێر كرد، هەر لەدیدارەکەدا جەختیانکردەوە سەر پتەوکردنى پەیوەندى برایانەى نێوانیان.

میدیا - هه‌ولێر
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNKكۆبوونەوەی خۆی به‌ئاماده‌بوونی هاوسه‌رۆك و  ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و كۆمیته‌ی باشوور ساز ده‌كات.
رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 9/9/2023 هه‌ڤاڵ زینه‌ب موڕاد هاوسه‌رۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK  و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تیKNK) و ئه‌ندامانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK له شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی كاره‌كانی كۆمیته‌ی باشووری KNK و ره‌وشی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان ئه‌نجامدا، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا‌ د.شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به‌شدار بوو.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ گفتوگۆی چڕ له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌كان كرا و له‌م باره‌یه‌وه‌ د.شاخه‌وان خالید به‌ ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی راگه‌یاند: " پێویسته‌ KNK دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردان چه‌ترێكی نه‌ته‌وه‌یی  و كار بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی بكات و ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئێستای كوردستانیش زۆر هه‌ستیاره‌ و داگیركه‌ران و دوژمنانی كوردستان به‌ ‌رێگه‌ی جیاواز دژایه‌تی گه‌لی كوردستان و مافه‌كانمان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان یه‌كریز و یه‌كده‌نگ بین و به‌ره‌نگاری ئه‌و دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی و داگیركارییه‌ ببینه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ حزب و لایه‌نه‌كانی كوردستانی كێشه‌كان به‌گفتوگۆ و دیالۆگ چاره‌سه‌ربكه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌موو لایه‌كمان پارێزگاری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ باشوور و رۆژئاوای وڵات بكه‌ین.

میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە رێکەوتى 9 / 9 / 2023 ، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە کەسایەتیى ناسراوى شارى مەخموور بەڕێز مامۆستا (نوعمان عوسمان مەحموود مەخموورى) کرد، بەهۆى کۆچی دوایی کەسایەتى چاکەخوازى خاتوو (وەتفە عومەر ئەحمەد)ى دایکى بەڕێزیانەوە.
سكرتێری گشتیی YNDK لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشى و هاوخەمی خۆی بە بەڕێزیان و بنەماڵەکەیان راگەیاند و، هیوای خواست ئەوە دوا خەم و ناخۆشییان بێت و خوای مەزن خوالێخۆشبوو بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانى خۆى و دڵنەوایى و ئارامییش بە بەڕێزیان و کەسوکارو بنەماڵەکەیان ببەخشێت، لەلایەن خۆیەوە بەڕێز (نوعمان عوسمان مەخموورى) بەناوى خۆى و بنەماڵەکەیانەوە خۆشحاڵى خۆى بۆ ئەو پەیوەندى و هاوخەمییەى سکرتێرى گشتیى YNDK دەربڕى و سوپاسى کردن.

میدیا- هه‌ولێر

 

ئێواره‌ی رۆژی 6-9-2023 له‌ شاری هه‌ولێر (11) حزب و لایه‌نی سیاسیی كوردستانی کۆدەبنەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو ده‌رباره‌ی رەوشی سیاسی کوردستان به‌تایبه‌ت ره‌وشی كه‌ركووك، لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوە هاوڕابوون هه‌موو كات کەرکوک شارى پێکەوەژیان و سومبولى برایەتى نێوان پێکهاتەکانى بووە و پێویستە هەموولایەکیشمان توانامان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەى کەرکووک ئەو سیما جوانەى خۆى بە درەوشاوەیى بهێڵێتەوە و سیاسه‌تی جیاكاری  شوڤێنی دژی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی كه‌ركووك كۆتایی پێبهێنرێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە حکومەتى فیدراڵى عێراق و هێزى هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە زلهێزەکانى جیهان دەکەین هەرچى زووە رێگا چارەى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخى کەرکووک بگرنە بەر.

 

جێگه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ هه‌ڤاڵ د. شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد و راو سه‌رنجی له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كان ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خسته‌ڕوو.

 

ده‌قی  به‌یاننامه‌كه‌:

بەیاننامەى ژمارەیەک لەحزب و لایەنە سیاسیەکانى کوردستان سەبارەت بە بارودۆخى شارى کەرکووک

 

  • جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان....
  • خەڵکى تێکۆشەرى شارى کەرکوکى خۆشەویست....

ماوەى چەند رۆژێکە بارودۆخێکى نەخوازراو رووى لە شارى کەرکووک کردووە و لە ئەنجامى خۆپیشاندانێکى هێمنانەى خەڵکى کەرکووک کۆمەڵێک شەهید و بریندارى لێکەوتەوە و لەهەمان کاتیشدا هەڵمەتێکى ناڕەواى دەستگیرکردنى گەنجان و چالاکوانانى شارەکە دەستى پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامى هەیە.

بێگومان کەرکوک هەمیشە شارى پێکەوەژیان و سومبولى برایەتى نێوان پێکهاتەکانى بووەو پێویستە هەموولایەکیشمان سەرجەم هێز و توانامان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەى کەرکووک ئەو سیما جوانەى خۆى بە درەوشاوەیى بهێڵێتەوە، هەرچەند بە داخەوە لە دواى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 سیاسەتێکى ناڕەواو نا هاوسەنگ دەرهەق بەو شارە پەیڕەو دەکرێ و ئەگەر بەزووترین کاتیش بەرى ئەو سیاسەتە نەگیرێ بێگومان سەردەکێشێ بۆ کارەساتى گەورەتر و کار لەکار دەترازێ.

هەر بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵێک لە حزبە کوردستانییەکان ئەمڕۆ 6-9-2023 لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان کۆبووینەوە و بە تێکڕا هاوهەڵوێست بووین لەسەر ئەوەى پێویستە هەرچى زووە ئەو جۆرە سیاسەتە شۆڤێنى و تاک لایەنە کۆتایى پێ بێت . بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە حکومەتى فیدراڵى عێراق و هێزى هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە زلهێزەکانى جیهان دەکەین هەرچى زووە رێگا چارەى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخى کەرکووک بگرنە بەر، لەسەروو هەمووشیانەوە پەلەکردن لە جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستوورى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و ناوەند بەگشتى و کێشەى بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێم بەتایبەتى. هەروەک داواکارین کارى جدى بکرێت بۆ گەڕانەوەى هێزى پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان. لەلایەکى ترەوە خوازیارین سنورێک بۆ بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق دابنرێت بەتایبەتى ئەو داوایانەى تایبەتن بە هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم.

هەروەک دووباتى دەکەینەوە ئێمە وەک هەمیشە پاڵپشتى خەڵکى رەسەنى کەرکووک دەبین بۆ بەزیندوو هێشتنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت و داواش لە سەرجەم حزب و لایەنە کوردستانییەکان دەکەین لە پێناو بەهێزکردنى پێگەى کورد و پێکهاتە رەسەنەکانى ترى کەرکووک ناکۆکیەکانیان وەلاوه‌ بنێن و یەک دەنگ و یەکهەڵوێست بۆ رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان .

لە کۆتاییدا سەرى رێز و نەوازش بۆ شەهیدانى کەرکووک و سەرجەم شەهیدانى رێگاى رزگارى کوردستان دادەنەوێنین. هیواى زوو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

داوا لەلایەنە پەیوەندارەکانى شارى کەرکووکیش دەکەین هەرچى زووە سەرجەم گیراوەکان ئازاد بکەن.

 

حزب و لایەنەکان:

  • پارتى دیموکراتى کوردستان PDK
  • پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان
  • یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
  • پارتى دیموکراتى تورکمان
  • پارتى کۆمارى کوردستان
  • حزبى رزگارى کوردستان – دەستەى سەرۆکایەتى
  • پارتى گەشەپێدانى تورکمان
  • پارتى رزگارى نەتەوەیى تورکمان
  • پارتى گەلى تورکمان

10-بزوتنەوەى نوێبوونى کوردستان

     11-كۆمەلەی ڕۆشنبیری تورکمان لە کوردستان

 

هەولێر – 6ى ئەیلولى 2023