ميديا - هەولێر:
كۆنسه‌ی رێڤەبەرى كۆما جڤاكین كوردستان KCK پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی شەشەم كۆنگرەی YNDK دەكات و، وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرە دەخوازێت.
كۆنسه‌ی رێڤەبەرى كۆما جڤاكین كوردستان KCK لە پەیامێكیدا بۆ شەشەم كۆنگرەی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، كە ڕۆژى شەممە، رێکەوتى 11 / 11 / 2023 لە هەولێرى پایتەختى کوردستان بەسترا، وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرە، ئاماژە بە رۆڵ و هەڵوێستەکانى YNDK دەکات و، لە پەیامەكەدا هاتووە: (یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان له پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كاندا و بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه.).
هەروەها لە پەیامەكەى کۆنسەى رێڤەبەرى KCK دا هاتووە: (یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان له‌پێناو یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رده‌وام خاوه‌نی هه‌وڵدان بووه و له‌م بواره‌دا له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌ر چوار به‌شی كوردستان له‌ناو دانوستاندا بووه.). ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
پەیامى كۆنسه‌ی رێڤەبەرى كۆما جڤاكین كوردستان KCK شەشەم كۆنگرەی YNDK
ئه‌ندامانی به‌ڕێزی كۆنگره‌ی شه‌شه‌می یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK
دیوانی هێژای كۆنگره
بەر لە هەموو شتێک سڵاو‌و رێزى خۆمان بۆ ئێوەى بەڕێز دەنێرین و بە بۆنەى بەستنى شەشەمین کۆنگرەوە پیرۆزبایى گەرمى خۆمانتان پێشکەش دەکەین.
هه‌ڤاڵانی به‌رێز...
ئێوه له‌كاتێكدا كۆنگره‌ی شه‌شه‌می YNDK ده‌به‌ستن كه جیهان و هه‌رێمه‌كه و كوردستان به‌قۆناخی زۆر گرنگدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له‌به‌رده‌م گۆڕانگاری مه‌زندایه، هێزه هه‌ژموونگه‌راكانی جیهان بۆ زیاتر قۆرخكردنی سه‌رچاوه ئابووری و بارزگانییه‌كان و بۆ مسۆكه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی خۆیان له‌ناو ململانێیه‌كی دژواردان، شه‌ڕی ئۆكرانیا، شه‌ڕی ئیسرائیل و حه‌ماس، هێرشی داگیركاری توركیا بۆ سه‌ر باشوور و رۆژئاوای كوردستان، نموونه‌كانی ئه‌م ململانێیه دژواره‌ن كه هاوكات به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌م دۆخه نیشان ده‌دات كه كوردستان له‌ناو هاوكێشه جیهانی و ناوچه‌ییه‌كاندا جێگایه‌كی زۆر گرنگ و چاره‌نووسسازی هه‌یه، هه‌ربۆیه دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی كه گه‌لی كورد نه‌توانێت له‌ناو ئه‌م گۆڕانكارییانه‌دا مافه ره‌واكانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات له‌ناو هێرش و پلانگێریدان، ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركيا لە سێ بەشى کوردستان واتە لە باکوور و باشوور و رۆژئاوا شاڵاوێکى جینۆساید و داگیرکارى دژ به گه‌لی كورد به‌رێوه‌ده‌بات و له‌هه‌مانكاتدا هاوكاره له‌گه‌ڵ ئێران بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ویستی ئازادیخوازی گه‌لان كه له شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا به‌رجه‌سته بوو سه‌ركووت بكات، ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیا له گۆشه‌گیری دژواری سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ و زیندانیكردنی به‌ده‌یان هه‌زار كوردی نیشتمانپه‌روه‌ر له باكووری كوردستانه‌وه بگره، تا وێرانكردنی ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای كوردستان و تیرۆر و داگیركاری له باشووری كوردستان سیاسه‌تێكی هه‌مه لایه‌نه‌ی جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژی به‌ڕێوه‌ده‌بات، تاكه ئارمانجی توركیا ئه‌وه‌یه كه‌له پرۆسه‌ی سه‌ر له‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی جیۆپۆله‌تیكی هه‌رێمه‌كه‌دا كورد به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه نه‌گرێت و له هه‌موو رووێكه‌وه له‌سه‌ر شانۆی مێژوو بسڕدرێته‌وه، هه‌ربۆیه توركیا هه‌روه‌كو چۆن له مێژوودا، له رۆژگاری ئه‌مڕۆشدا هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌مو قه‌یرانه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی باشووری كوردستانه، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ گه‌نده‌ڵی هه‌یه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش ناكرێت، ماف و ئازادییه‌كان به‌رته‌سك كراونه‌ته‌وه، كۆچی به‌كۆمه‌ڵی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌یه و سروشت و ژینگه‌ی باشووری كورستان خاپوور ده‌كرێت هه‌مووی به‌هۆی داگیركاری ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌يە، ئه‌و فاكته‌ره ناوخۆییه‌ی كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه توركیا ئاوا بێ په‌روا له باشوور رۆژئاوای كوردستان ته‌راتێن بكات و خه‌ڵكی كورد تیرۆر بكات بێگۆمان خیانه‌ت و به‌ركرێگیراوییه، توركیا ئه‌گه‌ر هه‌موو تاوانه‌كانی بۆ ده‌چیته سه‌ر و بێباكانه سیاسه‌تی جینۆسایدی كورد په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌وا له‌خیانه‌ت و به‌كرێگیراوی ناوخۆیی هێز وه‌رده‌گرێـت، هه‌ر بۆیه تاكه رێگای چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی باشووری كوردستان و ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر به‌شه‌كانی دی كوردستان هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی داگیركاری توركیا، هه‌تا شكست به داگیركاری نه‌هێنرێت، كێشه‌كانی باشووری كوردستان هه‌روا به هه‌ڵبه‌ستراوی ده‌مێننه‌وه و ته‌نانه‌ت قووڵتر و قه‌یراناویتر ده‌بنه‌وه.
هه‌ڤاڵانی هێژا،
ئێوه وه‌كو یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK له قۆناخێكی زۆر هه‌ستیاردا كۆنگره‌ی شه‌شه‌م ئانجام ده‌ده‌ن، یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان له پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كاندا و بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه، هیوادارین كه ئه‌م كۆنگره‌یه له سه‌ر بنه‌مای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركاری و به‌كرێگیراوی و چاره‌سه‌ری كیشه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له باشووری كوردستان به ئه‌نجامدانی گفتۆگۆی به‌رفراوان بریاری پێویست وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان له‌پێناو یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رده‌وام خاوه‌نی هه‌وڵدان بووه و له‌م بواره‌دا له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌ر چوار به‌شی كوردستان له‌ناو دانوستاندا بووه، بڕوامان وایه كه كۆنگره‌ی شه‌شه‌م له‌پێناو یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردستاندا ده‌بێته هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه بردنی هه‌ر چی زیاترى ئه‌م خه‌باته و ئیمه‌ش له‌م پێناوه‌دا چ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ك بكه‌وێته سه‌ر شانمان ئاماده‌ین كه جێبه‌جێى بكه‌ین.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، جارێكی دی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان له سه‌ركردایه‌تی و هه‌موو كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانیYNDK پیرۆز ده‌كه‌ین و هیوادارین كه هه‌موو كار و خه‌بات و بڕیاره‌كانی كۆنگره به سه‌ركه‌وتوویی به ئه‌نجام بگات.
له‌گه‌ڵ رێزدا
كۆنسه‌ی به‌رێوه‌به‌ری كۆما جڤاكین كوردستان KCK
08-11-2023
میدیا - لاهای
نوێنه‌ری یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK له‌شاری لاهای له هۆڵه‌ندا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی وه‌رزی و هه‌ڤكاری پارت و رێكخراو و لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌كات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه رێكه‌وتی 12-11-2023 مامۆستا فه‌خره‌دین زیاره‌تی نوێنه‌ری یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK له ئه‌وروپا، له‌شاری لاهای له وڵاتی هه‌ڵه‌ندا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی وه‌رزی هه‌ڤكاری پارت و لایه‌نه‌كان به به‌شداری نوێنەری پارتی به‌شه‌كانی كوردستان و ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتار هاوڕێ ره‌حیمی له‌سه‌ر لیستی پارتی ده‌سه‌لاتدار ده‌كات.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه گفتوگۆ له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی كوردستان و ره‌وه‌ندی كورد له ئه‌وروپا و به‌هێزكردنی پێگه‌كه‌ی كرا، هه‌روه‌ها جه‌ختكرایه‌وه سه‌ر زیاتر یه‌كریزی و یه‌كگوتاری هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان و ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆ به‌دیهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌فكاری پارتی لایه‌نه سیاسییه‌كان پاڵپشتی په‌رله‌مانتاری ناوبراو ده‌كاته‌وه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵ له رۆژی 22-11-2023 ئه‌نجامبده‌درێ، كه جارێكی دیكه خۆی كاندید كردۆته‌وه بۆبوون به په‌رله‌مانتار له په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا.
ميديا - هەولێر:
بەڕێز مەسرور بارزانى سەرۆكى حکومەتى هەرێمى کوردستان ، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK و ئەندامانی شەشەم کۆنگرەی YNDK دەكات و، وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرە دەخوازێت. ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شەشەم کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان
بەڕێز غەفوور مەخمووری سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی کۆنگرەی شەشەمی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان
بە بۆنەی بەستنی شەشەم کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم.
هیوادارم بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەتان، لە خزمەتی پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان و پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و داکۆکیکردن بێت لە مافەکانی گەلی کوردستان و دەسکەوتە نیشتمانییەکان .
لەگەڵ ڕێزمدا.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ميديا - هەولێر:
سەرۆك مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی شەشەم كۆنگرەی YNDK دەكات، وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرە دەخوازێت.
سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان لە پەیامێكیدا بۆ شەشەم كۆنگرەی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، كە ڕۆژى شەممە، رێکەوتى 11 / 11 / 2023 لە هەولێرى پایتەختى کوردستان بەسترا، وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرە، ئاماژە بە رۆڵ و هەڵوێستەکانى YNDK دەکات و، لە پەیامەكەدا هاتووە: (هەڵوێستى نەتەوەیى و بەرپرسیارانى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان مایەى پێزانینێکى زۆرە و هەمیشە ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەى بەڕێز هەیە کە بە ئاراستەى بەرژەوەندى بەها باڵاکانى گەلەکەمان هەنگاو بنێن.).
هەروەها لە پەیامەكەیدا هیوای ئەوە دەخوازێت كە یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان لە ئەرک و چالاکییەکانیدا گەشەى زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانى بۆ شەشەم كۆنگرەی YNDK:
بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان
بەڕێزان لێژنەى ئامادەکارى و ئەندامانی شەشەمین كۆنگرەی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
سڵاوێکى گەرم ...
بەبۆنەی بەستنی شەشەمین كۆنگرەی حزبەکەتان یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایى خۆم ئاراستەى ئێوەو سەرجەم ئەندام و لایەنگرانتان دەكەم. هەڵوێستە نەتەوەیى و بەرپرسیارانەى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان مایەى پێزانینێکى زۆرە و هەمیشە ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەى بەڕێز هەیە کە بە ئاراستەى بەرژەوەندى بەها باڵاکانى گەلەکەمان هەنگاو بنێن.
هیوادارم ئەنجام و بڕیار و راسپاردەکانى کۆنگرەى حزبەکەتان خزمەتى زیاترى پرۆسەى گەشەسەندنى سیاسیى هەرێمى کوردستان و تەبایى و برایەتیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بکات و، یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان لە ئەرک و چالاکییەکانیدا گەشەى زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
ئومێدى سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
11ى تشرينى دووەمى 2023
لە رۆژی 11 / 11 / 2023 یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەژێر دروشمی (یەکڕیزى و یەکدەنگى و پاراستنى دەسکەوتەکانى گەل و ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان)، لە هۆڵی نەورۆز لە هەولێری پایتەختی كوردستان بە بەشدارى (209) ئەندام بە نوێنەرایەتى رێخکستنەکانى YNDK لە شار‌و شارۆچکەکانى کوردستان و (92) چاو‌دێر کە کادیرو ئەندامى YNDK بوون شەشەم كۆنگرەی خۆی بەست.
لە یەکەم دانیشتنی کۆنگرەدا؛ دوای دەقیقەیەك وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی پاكی شەهید سەربەست مەحموود و تەواوی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان كردنەوەی كۆنگرە بە مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب و مارشی YNDK رێی سەربەخۆیی دەستی پێ‌کرد، دواتر وتاری كردنەوەی كۆنگرەو وتارى بەخێرهاتنکردنى ئەندامانى کۆنگرەو وتاری لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرە خوێنرانەوە، هەروەها پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى كوردستان و، بەڕێز مەسرور بارزانى سەرۆكی حکومەتى هەرێمى كوردستان و، پەیامی پیرۆزبایی بەڕێزان سەرۆك و سكرتێر‌و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان خوێنرانەوە، دواتر کۆنگرە خەڵاتى رێزلێنانى پێشکەش بە چوار کەسایەتیى کوردستان بەڕێزان (زاناى ئاینى مامۆستا مەلا عەزیز خەزنەیى و نووسەرو رۆماننوس عەزیزى مەلاى رەش و سیاسەتمەدار رۆمیۆ هەکارى و ئەدیب و نووسەر ئەحمەد عەبدوڵڵا زەرۆ) کرد.
لە دووەم دانیشتنى کۆنگرەدا؛ راپۆرتی سیاسی کۆنگرە لەلایەن هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK پێشکەشى کۆنگرە کراو خوێنرایەوە، لە راپۆرتی سیاسی‌دا بەوردی باس لە بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بارودۆخی كوردستانی مەزن و كوردانی ئاسیای ناڤین و کوردانى وڵاتانى عەرەبى و باردۆخی عێراق كراوەو ئاماژە بەگۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و كوردستان و عێراق كراوەو لە دیدگای YNDK ەوە شرۆڤەكراون، شایانی باسە لە بەشی باشووری كوردستاندا باس لە پێشڤەچوون و گەشەسەندنەكانی ئەزموونی باشووری كوردستان لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانەوەی ژێرخانى کوردستان كراوە و، YNDK پشتیوانى خۆى بۆ چاکسازییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاندووە، هەر لەم بەشەی راپۆرتی سیاسی‌دا بۆ زیاتر پێشڤەبردنی باشووری كوردستان باس لەوە كراوە كەوا چاكسازییەكی ریشەیی ئەنجامبدرێت و شێوازی بەڕێوەبردن سیستماتیك بكرێت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی رەچاوبكرێت و گەندەڵی بنبڕ بكرێت و، بایەخ و رۆڵی تەواو بە لاوان و ئافرەتان و كەسانی شارەزا بدرێت، ئەمانەش دەبنە فاكتەری سەرەكی بۆ زیاتر كاراكردن و پێشڤەچوونی دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی كوردستان.
لە راپۆرتی سیاسی‌دا ئاماژە بەوەشكراوە كە سەرەڕای ئەو پێشڤەچوونانەی باشووری كوردستان تا ئێستاش كۆمەڵێ هەڕەشە لەسەر باشووری وڵات‌دا هەن، كە پێویستە هەموولایەكمان رووبەڕوویان ببینەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی سەر باشووری وڵات YNDK داوا دەكات بەزووترین كات ناوماڵی كورد و ناوەندی سیاسی رێك و یەكبخرێتەوە و، مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانى کوردستان بكرێت، هەروەها باس لەوە کراوە كە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و کاربکەن بۆ پاراستن و پشتیوانیکردن و بەهێزکردنى قەوارەى باشوورى کوردستان، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا.
سەبارەت بە ناوچە داگیرکراوەكانی كوردستان لە راپۆرتەكەدا هاتووە: هیچ حكومەتێكی عێراق نە ئێستا‌و نە لە داهاتووشدا ئامادە نییە ماددەی 140 جێبەجێ بكات و دەستبەرداری ئەو ناوچانەی كوردستان بێت، سەبارەت بە پیلانەكانی ئەم دواییەی حكومەتی عێراق و میلیشیاکانى حەشدى شەعبى دژ بە خەڵكی كوردستان و ئەو ناوچانەو دەستبەسەرداگرتنى زەوى و زارى کوردان، YNDK وایدەبینێت ئەو پیلانانەی عێراق بۆ ئەوەن كەوا ئەو ناوچانە نەگەڕێنەوە سەر كوردستان و وەك رژێمەكانی پێشوو داگیریان بكات، بۆیە YNDK زۆر بەتوندی ئەو پیلانانە ئیدانەو ریسوا دەكات و دژیان دەوەستێتەوە و بانگ لە جەماوەری كوردستان و هەموو لایەك دەكات یەكدەنگ بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانە گڵاوانەی حكومەتی ئێستای عێراق.
سەبارەت بە بەشەکانى دیكەی كوردستان لە راپۆرتی سیاسی بە جیا باسى هەر چوار بەشى كراوە و ئاماژە بەكاروخەباتی نەتەوەكەمان لە باكوور‌و رۆژهەڵات و رۆژئاوا‌و كوردستانی سۆر كراوەو جەختكراوەتەوە سەر هاوكاری و پشتگیری‌یان.
لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن جەتكراوەتەوە سەر بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان و، داڕشتنی ستراتیژێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ قۆناخی داهاتووی خەباتی گەلی كوردستان ئەمەش بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەبات دانراوە و، باس لەوەش كراوە كەوا دواخستنیشی زیانێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلى كوردستان دەگەیەنێت.
لەبارەی عێراقیشەوە لە راپۆرتەكەدا هاتووە، عێراق بەو هەڵسوكەوتانەی ئێستای بەرەو تاكڕەوی و دكتاتۆرییەت هەنگاودەنێت و وەكو رژێمەكانی پێشووی عێراق هەركاتێ بەهێزبێتەوە دژی كورد دەوەستێتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەهەمان عەقلییەتی پێشوو بیردەكەنەوە و، هەوڵدەدەن هەمان سیاسەتی رژێمەكانی پێشوو پراكتیك بكەن، ئەم شێوازەی حوكم لە عێراقدا زیان بەهەموو لایەك دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی كارەساتەكانی رابردوو، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە دژی ئەو شێوازەی حوكمی ئێستاى عێراق بوەستینەوە، ئەمانەو چەندان بابەتی دیكە لە راپۆرتی سیاسی‌دا باسکراون و هەڵوەستەیان لەسەرکراوەو شرۆڤە كراون.
دوای گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی سیاسی لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە بەتێكڕای دەنگ راپۆرتەكە پەسەند كرا، پاشان لێژنە تایبەتمەندەكانی كۆنگرە هەڵبژێردران،
لە سێیەم دانیشتنی کۆنگرەدا؛ كار‌و خەباتی ماوەی رابردووی YNDK هەڵسەنگێنرا و گفتوگۆى لەسەر کرا، ئاماژە بەوە کرا كە لەماوەی رابردوودا YNDK لەزۆربەی زۆری بوارەكاندا پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو، لەسەر بنەمای ئەمەدا كارنامەیەكی نوێ بۆ كاروخەباتی داهاتووی YNDK دارێژرا.
هەر لە سێیەم دانیشتنی کۆنگرەدا؛ راپۆرتی لیژنەكانی (بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆ و، رەخنەو سكاڵا و، سەرنج وپێشنیارو راسپاردەو بڕیار و، سەرپەرشتی هەڵبژاردن) خوێنرانەوە و گفتوگۆیان لەسەركراو پەسەند كران.
لە چوارەم دانیشتنی کۆنگرەدا؛ کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سكرتێری گشتی و ئەندامانى كۆمیتەی سەركردایەتیی YNDK ، بە ئامادەبوون و سەرپەرشتى بەڕێزان (دادوەر سامان خورشید دادوەر لە سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر بە نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان و مقدم شڤان نەجمەددین عەولا و مافپەروەر خەسرۆ ئەحمەد ساڵح نوێنەرانى وەزارەتى ناوخۆ‌و پارێزگاى هەولێر)، دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ سكرتێری گشتی كرایەوە، دواى ئەوەى هیچ هەڤاڵێك ئامادەی خۆ هەڵبژاردن نەبوو بۆ سکرتێرى گشتى، كۆنگرە بە تێكڕای دەنگ داوایان لە هەڤاڵ غەفوور مەخمووری كردەوە كەوا ئەركی سكرتێری گشتیی YNDK بگرێتەوە ئەستۆ و، بۆ ئەمەش كۆنگرە بە تێكڕای دەنگ هەڤاڵ غەفوور مەخمووری بە سكرتێری گشتیی YNDK هەڵبژاردەوە.
دوای هەڵبژاردنی سكرتێری گشتیی YNDK ، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامێتی كۆمیتەی سەركردایەتی كرایەوەو ژمارەیەك هەڤاڵ بۆ كۆمیتەی سەركردایەتی خۆیان پاڵاوت، هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید، قەهار مەخموورى، جەمیل سنجاوی، د. عەبدوڵڵا عەدۆ، ئەحمەد عەبدوڵڵا زەرۆ، پاڵە گەردی، فاخیر نانەکەلى، شاکر هاشم، زیلان سارمەمى، فەخرەددین زیارەتی، زوبێر عومەر، خەلیل پاڵانى) بۆ كۆمیتەی سەركردایەتیی YNDK هەڵبژێردران، هەروەها هەڤاڵان (سەردار خدر و قانع خالید و مەعروف وسو) وەكو ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی سەركردایەتی هەڵبژێردران.
شایانی باسە كەوا كۆنگرەكە زۆر سەركەوتووانە بەڕێوەچوو و بەكۆمەڵێ بریارو راسپاردەو سڵاونامە كۆتایی بەكارەكانی خۆی هێنا، كە ئەمانە راسپاردەو سڵاونامەكانن:
راسپاردەكان
2- پشتیوانیكردن و كاركردن بۆ بەهێزكردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمى كوردستان و نەهێشتنی هۆكارەكانی لاوازبوونیان بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانى دەزانین.
3- پشتیوانى هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی و كاركردن بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و، بەسیستماتیككردنی دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمى كوردستان و یەکگرتنەوەى کردەیى دەزگاو دامەزراوەکان و نەهێشتنى شوێنەوارى دوو ئیدارەیى لە کوردستان.
4- یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان ئەڕکێکى نەتەوەیى و نیشتمانییەو پێویستە پەلەى تێدا بکرێت.
5- جارێکى دیکە جەختدەکەینەوە سەر ئەوەى کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵبدەن بۆ دۆزینەوە بکوژانى شەهید سەربەست مەحموود ئەندامى مەکتەبى سیاسیى YNDK و بۆ ئەوەى دادگایى بکرێن و بەسزاى خۆیان بگەن.
6- پەلە بكرێت لە بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بەبەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان.
7- دژی هەر هەوڵێكی حكومەتی عێراق دەوەستینەوە كە بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی خاكی باشووری كوردستان ئەنجامی بدات.
8- بەهەموو شێوەیەك بەرەنگاری دووبارە بەعەرەبكردنەوەی كوردستان دەبینەوە.
9- داوای ئازادكردنی تەواوی زیندانییە سیاسییەكانی نێو زیندانەكانی داگیركەرانی كوردستان دەكەین.
10- پێویستە پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان بۆ دروستكردنی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بەرامبەر پیلانی دوژمنان و ناحەزانی كوردستان.
11-پشتیوانیكردنی تێكۆشان و بەرخودانی نەتەوەكەمان لەگشت بەشەكانی كوردستان ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
12-شەڕی براكوژی لەكوردستان تەحریم و تەجریم دەكەین جا لەهەر بەشێكی كوردستاندا بێت.
13- هاوكاریكردنی ئاوارەكانی رۆژئاوا‌و باكوور‌و رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە باشووری كوردستاندا دەژین ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
14- هاوكاریكردنی بزاڤی كلتوری كوردانی كوردستانی سۆرو ئاسیای ناڤین و كوردانى وڵاتانى عەرەبى و کورد لەهەركوێیەك بێت بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانین.
15-دامەزراندنی (ئەنجوومەنی سیاسیی کوردستان) بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكان بە فاكتەرێكی گرنگی رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان دەزانین.
16- بەرفراوانکردنى ئازادى رۆژنامەگەرى بە ئەڕکێکى هەنووکەیى و نیشتمانى دەزانین.
17- دژى سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستان دەوەستینەوە کە لەلایەن حکومەتى عێراق پیادەدەکرێت.
18- ئیدانەى ژنکوژى دەکەین لەژێر هەر ناو‌و ناونیشانێکدا بێت.
19- بۆ پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان، پێویستە بەزووترین کات هێزى پێشمەرگەى لەسەر سنوورەكانی نێوان باشووری كوردستان و عێراق جێگیر بکرێن.
20- دەستهەڵگرتن لەهەر بستە خاكێکی كوردستان بەخیانەتێكی نەتەوەیی دادەنێین.
21- پێویستە دامەزراندن لە دەزگاو دامەزراوەکانى حکومەت لەسەر بنەماى لێهاتوویى و شارەزایى بێت نەک (تەزکیەى حزبى).
سڵاونامە
- سڵاو‌و رێز دەنێرین بۆ بنەماڵەو كەسوكاری تەواوى شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا.
- سڵاو‌و رێز دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدی سەركردەمان شەهید سەربەست مەحموود.
- سڵاو دەنێرین بۆ گیانى پاکى شەهید (دەنیز جەودەت ئەندامى KNK )، کە ئەمساڵ لە هەولێر تیرۆر کرا.
- سڵاو لە راپەڕین و بەرخودانی نەتەوەییمان لە رۆژئاوا و باكوور‌و رۆژهەڵاتی كوردستان.
- سڵاو لە نووسەران و بیرمەندانی نەتەوەییمان.
- سڵاو‌و رێز بۆ گشت ئەو رۆشنبیر‌و زانا‌و پسپۆڕ‌و كەسایەتییە بیانییانە دەنێرین كە پشتیوانی لە دۆزی رەوای نەتەوەییمان دەكەن.
- سڵاو دەنێرین بۆ گیانى پاکى هەڤاڵ (قادر سادق سەید کارگێڕى هەرێمى سۆران).
بەم شێوەیە شەشەم كۆنگرەی YNDKلە كەشێكی پڕ لە ئازادی و دیموكراسیدا سەركەوتووانە بە مارشی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا، دەتوانین بڵێین شەشەم كۆنگرەى YNDK خاڵی وەرچەرخان بوو لە دیرۆكی كار‌و خەباتی YNDK دا.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید سەربەست مەحموود و تەواوی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان.
- مردن و رووڕەشی بۆ داگیركەرانی كوردستان.
- بێتەدی كوردستانێكی سەربەخۆو ئازاد‌و یەكگرتوو و دیموكرات.
- بژى کورد ... بژى کوردستان.
شەشەم كۆنگرەی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
11 / 11 / 2023 هەولێر - كوردستان
میدیا- هه‌ولێر
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK، ڕۆژی شەممە رێكه‌وتی 11ی تشرینی دووەمی 2023، شەشەم كۆنگرەی خۆی لە ژێر دروشمی ( یەكڕیزی و یەكدەنگی و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان ) لە هەولێری پایتەخت ئەنجام دەدات.
د . شاخەوان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK لە بارەی كار و بەرنامەی كۆنگرەكه‌یان، به میدیای راگه‌یاند: “یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK سبه‌ی شه‌ممه شەشەم كۆنگرەی خۆی لە شاری هەولێر بە بەشداری زیاتر لە دوو سەد ئەندام دەبەستێت،”
هۆكاری ئەنجامدانی كۆنگرەكەیان لەم كات و ساتەدا ڕوون دەكاتەوە و دەڵێ" بۆیە كۆنگرەمان لەو كاتەدا بەست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری گەورە ڕووی لە ناوچەكە و جیهان كردووە، بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە بین و بتوانین هەموو ئەو پرسانە تاووتوێ بكەین و خۆمانی بۆ ئامادە بكەین، بۆیە لەو كاتەدا ئێمە بڕیاری بەستنی شه‌شه‌م كۆنگرەماندا،”
ئه‌م كارگێڕه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی زیاتر وتی “ بە گیانێكی به‌رپرسیارییانه و نەتەوەییانە ده‌چینه ناو كۆنگره و به فەلسەفەی بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی درێژە بەكارەكانمان دەدەین، لە هەمان كاتدا هەوڵی ئەوە دەدەین بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگ دەربكەین، بۆ ئەوەی كار و خەباتی داهاتوومان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین و بتوانین گیانی نوێ و خوێنی نوێ بهێنینە ناو سەركردایەتیYNDK و هانیان دەدەین خۆیان كاندید بكەن و خۆیان هەڵبژێرن، تاكو نوێبوونەوەیەك هەبێت لەناو سەركردایەتیYNDK، بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكی بەهێزتر لە جاران، به بەرنامەیەكی چاكتر و پڕاو پڕتر لە هەستی كوردایه‌تی، كارەكان بەرەو پێشەوە ببەن" هه‌روه‌ها وتی "كاری بە كۆمەڵ كاری ئێمەیە و بە تەنیا كار ناكەین، وە هەموو ئەو هه‌ڤاڵانه‌ی دەردەچن، هەموومان كار بۆ ئامانجەكان دەكەین و به‌شدار ده‌بین له‌داڕشتنی سیاسه‌تی كوردانه و بوێرانه‌ی YNDK " .
هه‌روه‌ها شاخەوان خالید هێما بۆ ئه‌وه دەكات پرسی سەربەخۆیی كوردستان یه‌كێك له گرنگترین خاڵەكانی كۆنگرەیان دەبێت و دەڵێ “پرسی سەربەخۆیی كوردستان پانتایەكی فراوانی بۆ دانراوە لە كارەكانی كۆنگرە و زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێت، چونكە كورد وەكوو هەموو نەتەوەكانی دیكە، پێویستە كیان و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، تەنیا ئێمەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا نەتەوەیەكی زۆر و زەبەلاح و گەورەین، بەڵام خاوەنی دەوڵەتی خۆمان نین، بۆیە YNDK دوای كۆتایی هاتنی كۆنگرە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەكان كۆ دەبێتەوە و هەنگاوی زیاتر سەبارەت بەم مەسەلەیە دەنێت،”
هه‌روه‌ها قه‌هار تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK ده‌رباره‌ی كاره‌كانی كۆنگره به‌میدیای راگه‌یاند: " هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو ته‌واوكراون به‌هه‌وڵ و ماندووبوونی هه‌موو هه‌ڤاڵان و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره" سه‌باره‌ت به برپسی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد رایگه‌یاند: "لەبەر ئەوەی ساڵانی ڕابردوو هەوڵی ئەنجامدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە هۆكاری ناوخۆ و ئەقلیمی شكستی هێنا، بۆیە پرسی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەی كورد، خاڵێكی تری نێو كۆنگرەكەمان دەبێت و هەوڵ دەدەین جارێكی تر ئەو پرسە لە كۆنگرە باس بكه‌ينه‌وه و دوای كۆنگرە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تاوتوێی بكەین، بۆ ئەوەی هەنگاوی داهاتوومان بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد تۆكمه و سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكە لەم قۆناخەی ئێستادا بۆ كورد پێویستە بەرنامەیەكی گشتگیری هەبێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كە هەیە، تا بتوانین مافەكانی خۆمان زیاتر بە دەست بهێنین.”
هه‌روه‌ها ئاره‌زوو جه‌بار ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراو بۆ شه‌شه‌م كۆنگره‌یYNDK سه‌باره‌ت به به‌شداری ئافره‌تان له شه‌شه‌م كۆنگره‌یYNDK و پرسی ئافره‌تان و به‌شداری چاڵاكانه‌یان له‌م كۆنگره‌یه به‌میدیای راگه‌یاند:" ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كه‌ین ژماره‌ی ئافره‌تانی به‌شدار بوو له‌م كۆنگره‌یه بۆ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌چاو كۆنگره‌كانی دیكه‌مان به‌رزبۆته‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان گرنگی به پرسی ئافره‌تان ده‌دات له‌هه‌موو بوارێكه‌وه، بۆیه ئێمه‌ش وه‌كو ئافره‌تان له‌م كۆنگره‌یه ده‌مانه‌وێ جی په‌نجه‌مان له‌كاره‌كان دیار بێ و قسه و گفتوگۆی زۆر له‌باره‌ی ئافره‌تانه‌وه بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌داهاتوو زیاتر خزمه‌تی ئافره‌تان بكه‌ین و له‌ناو YNDK كارابن و شان به‌شانی براكانیان كاره‌كان راپه‌ڕێنن، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنگره‌كه‌مان ده‌خوازین".
هاوكات، پاڵە گەردی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و بەرپرسی هەرێمی سۆرانی YNDK لە بارەی گرنگی كۆنگرەكه‌یان ڕاگەیاند: “ كۆنگرە وێستگه‌یه‌كه بۆ تاووتوێكردنی كاره‌كانی نێوان دوو كۆنگره و پێویستییەكی هەمیشەییە بۆ هەر حزب و پارتێكی سیاسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ووزە و نوێبوونەوە بە حزب دەبەخشێت، ئێمه‌ش به‌گیانێكی نه‌ته‌وه‌ییانه دچینه ناو كۆنگره بۆ ئه‌وه هه‌موو كاره‌كانمان هه‌ڵبسه‌نگێین و به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه بۆ كاروخه‌باتی داهاتوومان دابڕ‌ێژین، هیوادارم كە شەشەم كۆنگرەی یەكێتیمانYNDK ببێتە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانكاری بۆ بەرەو پێشووە چوونی YNDK و پەروەردەكردنی نەوەیەكی نەتەوەیی و سەربەخۆییخواز. لەپێناو هه‌نگاونان به‌ره‌و كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات ".
هه‌روه‌ها مامۆستا خه‌لیل پاڵانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و ه‌پرسی هه‌رێمی قه‌ره‌چووغیYNDK سه‌باره‌ت به‌كۆنگره‌كه‌یان به‌میدیای راگه‌یاند: " (YNDK) لەهەڵوێستەكانیدا هەمیشە پاڵپشت بووە لەپاراستنی ئەزموونی باشووری كوردستان و پەرلەمان و حكومەتی كوردستاندا، ئه‌م خاڵه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌كۆنگره‌ی شه‌شه‌می YNDK ده‌بێ و هەڵوێستەكانمان بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەو دامەزراوانەو بەسیستماتیككردنی حكومەت و بەڕێوەبردنی وڵات دوور لەباری دەروونی كەسی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، بەڵكو بەكارهێنانی سامان و داهاتی وڵات لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك و خاكی كوردستاندا بەدادپەروەری و یەكسانی و دوور لەبەرژەوەندی حیزبی و نێوەندگیری، و هەموو كاتێكیش (YNDK) جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی حزب كاری خۆی بكات و حكومەتیش كاری خۆی، و هەموان پاڵپشت بن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزو سەرتاسەری و یەك هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و هێمنی وڵات و هەمیشە هەڵوێستەكانی نەگۆڕو ئازایانە بووە، بە سپی گوتوە سپی و بەڕەشیش رەش .
شاخه‌وان خالید
له‌سه‌روبه‌ندی نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی به‌ستنی شه‌شه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK له‌كاتێكدایه ره‌وشی ئاڵۆزی ناوچه‌كه و جیهان به‌گشتی، لێمان ده‌خوازێ كه‌سانێكی به‌توانا و لێهاتوو له‌سه‌ركردایه‌تی داهاتوویYNDK بن، بۆ ئه‌وه‌ی دڵسۆزانه خزمه‌ت به‌ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری خۆیان بكه‌ن و فاكته‌رێك بن بۆ خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتییانی كوردستان به‌گشتی.
كۆنگره‌ی شه‌شه‌میYNDK بۆ رێكخستنه‌وه و نوێگه‌ری و به‌هێزكردنی یه‌كێتیمانYNDK و یه‌كریزی و یه‌كھه‌ڵوێستی نیشتمانی كوردستانی ده‌به‌سترێت، بۆیه ده‌بێ هه‌موو ئه‌ندامانی شه‌شه‌م كۆنگره به‌شدار بن له‌م نوێبونه‌وه‌یه‌دا، كۆنگره‌ی ئه‌م جاره ره‌چه شكێنه، له‌سه‌ر بناغه‌ی خزمه‌ت و كاركردن كه‌سانی باش و لێهاتوو پاك و نیشتمانپه‌روه‌ر بێنه پێشه‌وه، ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ی هەر به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك وه‌رده‌گرێت ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له پێشدا بۆسه‌رخستنی یه‌كێتیمانYNDK و ئامانج و به‌رنامه‌كانی ته‌رخان بكات، كه ئامانجی سه‌ره‌كیYNDK خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و خۆشگوزه‌رانی و دابینكردنی كه‌شێكی ئارام و ئاسایشه بۆخه‌ڵكی كوردستان و كاركردن بۆ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان،كاركردنه بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییمان له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، به‌نیازین له كۆنگره‌ی شه‌شه‌م له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان كاره‌كان به دیدگایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی دابڕێژینه‌وه.
ئه‌وانه‌ی خۆیان بۆ سه‌ركردایه‌تی و ستافه‌كانیYNDK كاندید ده‌كه‌ن، تەنیا لایەنی حزبی تیایاندا رەچاو نەكرێت، بە قەد ئەوەی دڵسۆزی و پسپۆڕی و لێهاتوویی كەسەكە پێوەر بێت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخاته سه‌ر هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دیكه.
ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی دەیانەوێ خۆیان بۆ سه‌ركردایه‌تی داهاتوویYNDK كاندید بكه‌ن، بە ده‌رچوونیان پێویسته به گیانێكی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی لە داهاتوو كار بكەن، لەو كەسانە نه‌بن كە تەنیا بۆ گیرفانی خۆیان هەوڵ دەدەن، مەبەست لە چوونیان بۆ سه‌ركردایه‌تی و وه‌رگرتنی هه‌ر پۆستێك بەدەستهێنانی پلە و پایە و پارە و ئیمتیازات نه‌بێت، به‌ڵكو قسه له بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بكات و دڵسۆزی خاك و نیشتمان بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیمه ڕاو بۆچوونمان هه‌میشه لە بەرژەوەندی میللەتەكەمان بووه، وا پەروەردە و گۆشكراون هەموو تەمەنمان بۆ سەرخستنی كوردستان و خزمەتكردنی خەڵك دەبێت، بۆیە ئه‌وه‌ی ئه‌و سیفه‌تانه‌ی تێدایه شایانی ئەوەیه دەنگی پێبدرێت و ببێته نوێنەری راستەقینەی YNDK و گه‌له‌كه‌یان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان، ده‌با ده‌نگ به‌و كه‌سانه بده‌ین و سه‌ریان بخه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ئێمه و میلله‌ته‌كمان سه‌ربخه‌ن.
شاخه‌وان خالید
یەكێك لە پرسە هەرە گرنگەكانی كە تائێستا هەوڵی زۆری بۆ دراوە، كۆنگرەی نەتەوەیی كورده به به‌شداری حزب و لایەن و كەسایەتی و وڵاتپارێزەكانی كوردستان، لێرەو لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەكرێت ئاخ‌و بۆ ده‌سپێكی كاره‌كانی كرا به‌ڵام به‌ئاكام نه‌گه‌یشت و ئه‌م دۆسیه‌یه تا كاتێكی نادیار هه‌لگیرا، YNDK هەموو كات لە مینبەر و لە ڕێگەی پەیوەندییە فراوانەكانی بانگەشەی ئەوە دەكات، پێویستە بەزووترین كات جارێكی دیكه هه‌وڵ بۆ به‌ستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ سەرجەم نیشتمانپەر و لایەنەكان و نەتەوەییەكان و هەموو پێكهاتەكان ببەسترێت.
ئەم پرسە جارێكی دیكە YNDK دەیباتەوە شه‌شه‌م كۆنگرەی خۆی تاوەكو بەدیدگا و تێڕواننێكی نوێیەوە كاری بۆ بكات، مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیار و گرنگە و پەیوەندیدار بە چارەنووس و دواڕۆژی نەتەوەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان دەكات، پرسیاری راستەوخۆ و كاریگەر ئەوەیە بۆچی هێندە پێداگیری لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەین؟ ئەی بۆ ئەم كۆنگرەیە لەم ئان و ساتە ببەسترێت؟ ئەم وەڵامانە ئەركی كۆنگرەی (YNDK)ە وەڵامی دروست و بەپێزیان بداتەوە، ئەم مەسەلەیە بە وردی شەن و كەو بكات، بۆچی به‌رده‌وام رێگری لە بەستنی دەكرێت؟ ئەم رێگرییانە چۆن هەڵبگیرێن؟ .
لەبەر ئەوەی كاتی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە بەشداری سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەم قۆناغە زۆر گرنگە، تاوەكو رێگرییەكانی بەردەم مافە نەتەوەییەكانمان دەست نیشان بكەین و ستراتیژێكی نەتەوەیی بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان دابنێین.
لەبەر ئەوەی كاتی هاتووە كوردیش وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمافەكانی بگات و چیتر شەرم لە داگیركەران نەكات و بوێرانە باس لەمافەكان و سەربەخۆیی كوردستان و به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد بكات.
وێنه‌كان: ئه‌رشیفی میدیا