yndk

yndk

غەفوور مەخموورى: پێویستە کارى هەموو لایەکمان بنیاتنان بێت نەک رووخاندن
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٢ / ١٠ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی له‌ شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و ناوچەکە و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. عەبدوڵڵا عەدۆ و قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ساڵح ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (دارا خەیلانى ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوە و سازگار دڵشاد و عەبدولقادر هەرکى و دارا شێخانى ئەندامانى شاند)، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە پرۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا و، سکرتێرى گشتیى YNDK وتى: (ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کەوا هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ سەرخستنى پرۆسەى هەڵبژاردن و بەشێوەیەکى سەردەمییانەو بە زمانێکى شارستانییانە بانگەشە بکەین و خۆمان دوور بگرین لە زمانى زبرو یەکتر ناشیرینکردن، پێویستە کارى هەموو لایەکمان بنیاتنان بێت نەک رووخاندن.)، هەروەها مەخموورى وتى: (بەلاى ئێمەوە ئەوە گرنگە کەوا کوردستان لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتووبێت، سەرکەوتنى کوردستان سەرکەوتنى هەموو لایەکمانە، بۆیە پێویستە دروشمى هەموو لایەکمان ئەوە بێت -کوردستان سەردەکەوێت-، سەرکەوتنى کوردستان لەم پرۆسەیەدا شانازییە بۆ تەواوى گەلى کوردستان.).
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.

میدیا-  هه‌ولێر:

ئێواره‌ی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رێکەوتی 2024-10-6، لیژنه‌ی باڵای هاوپەیمانى سەردەم لە بارەگای لیستی سه‌رده‌م لە شاری هەولێر بە ئادەبوونى بەڕێزان ( فریدون فرهاد شاكر و د.شاخه‌وان خالید و سامی خۆشناو و فارس عبدالرحمن حاجی) ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵا و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ فه‌رعیه‌كانی هاوپه‌یمانی سه‌رده‌م کۆبوونەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا باس له‌ دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و‌ ئاماده‌كارییه‌كانی لیستی سه‌رده‌م و كه‌رنه‌ڤاڵی راگه‌یاندنی لیستی سه‌رده‌م و ناساندنی كاندیده‌كانی بازنه‌ی هه‌ولێر له‌ 8-10-2024 كرا، هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس له‌ به‌رنامه‌ و  میكانیزمه‌كانی سەرخستنى كاندیده‌كانی لیستی سەردەم کراو جەختكرایەوە سەر کارکردنی به‌كۆمه‌ڵ و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی نیشتمانی و كوردستانی سەردەم بۆ خزمه‌تكردن و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان.

میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٥ / ١٠ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە نووسەرو رۆژنامەنووس دلاوەرێ زەنگى كرد و، لەدیدارەكەدا باسيان لە رەوشی کلتورى و سیاسیی رۆژئاواى كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵ قەهار مەخموورى ئەندامى مەکتەبى سیاسیى YNDK پێشوازیكرد لە نووسەرو رۆژنامەنووسى ناسراوى رۆژئاواى کوردستان بەڕێز (دلاوەرێ زەنگى)، کە بەسەردان هاتۆتە باشوورى کوردستان، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی کلتورى و سیاسی رۆژئاواى كوردستان كراو، جەختكرایەوە رۆڵى نووسەرو رۆژنامەنووسان و کەسانى خاوەن هزر بۆ کارکردن بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی تەواوی پێکهاتەو لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاواى كوردستان بۆ سوود وەرگرتن لەو ئەگەرو گۆڕانكاری و پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە، هەروەها یەكگوتاری گەلی كوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا بەگرنگ وەسفكرا.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان كرا.

  

١- كاركردن بۆ بەدەستهێنانی تەواوى مافه‌كانی گه‌لی كوردستان کە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپاوە.

٢- کارکردن و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نە سیاسییه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و پاراستنی شوناسی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ن.

٣- كاركردن بۆ دانانی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان وبنیاتنانی سیستمێكى دیموكراسی په‌رله‌مانى مه‌ده‌نى فره‌یی کە تیایدا مافەکانی تەواوى گەلى کوردستانى تێدا دەستەبەر بکرێ.

٤- کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی مافه‌ سیاسی و ئیداری و رۆشنبیرییه‌كانى تەواوى پێكهاته‌ نەتەوەیى و ئاینییەکانى كوردستان و قوڵکردنەوەى زیاترى گیانى برایەتى و پێكه‌وەژیان و ‌ئاشتی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

٥- کاردەکەین بۆ چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تییانه‌ی کیشەى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان و دابینکردنى بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ هاوڵاتیان و باشترکردنى ژیان وگوزه‌رانى ته‌واوى چین و توێژەکانى کوردستان‌ و رەخساندنى هه‌لى كار بۆ هه‌موو هاوڵاتییان بێ جیاوازى.

 

٦- گرنگیدان به‌ لاوان و ئافرەتان و ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆیان و به‌شداریپێكردنیان له ‌هه‌موو كایه‌ سیاسی و ئیداری و رێكخراوه‌ییەکان.

 

٧- کاردەین بۆ رێکخستنەوەو یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەو دامەزراندنى سوپایەکى یەکگرتووى کوردستان و باشترکردنى ژیان و گوزەرانیان.

٨- کاردەکەین بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان.

 

٩- کاردەکەین بۆ باشترکردنی بوارەکانى خزمه‌تگوزارییە گشتییەکان (تەندروستى و پەروەردە و رێگەو بان وئاوو کارەبا و ....)  بۆ تەواوی شارو شارۆچکەو گوندەکانى کوردستان.

 

١٠- کاردەیکەین بۆ هەموارکردنەوەى یاسای خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ بکرێت.

١١- کاردەکەین بۆ زیاتر بوژاندنەوەى کەرتى کشتوکاڵ و ئاودێرى و گەشتوگوزار.

١٢- کاردەکەین بۆ باشترکردن و زیاتر بایەخدان بە ژیان و گوزەرانى بنەماڵەو کەس و کارى بنەماڵەى شەهیدان و ئەنفالکراوان.

١٣- کاردەکەین بۆ پشتیوانیکردنى جوتیاران و بە بازاڕکردن و بە پیشەسازیکردنى بەرووبوومەکانیان.

١٤- کاردەکەین بۆ بایەخدانى زیاتر بە دروستکردنى بەنداوەکان و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانى ئاو بۆ بۆ بوارى کشتوکاڵ و کارەبا و گەشتیارى و... .

١٥- کاردەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى لە کۆمەڵگەى کوردستاندا.

نووسینى : غەفوور مەخموورى*
گەلى کوردستان بەدرێژایى مێژوو لەپێناو مانەوەو وەدەستهێنانى مافەکانى لە تێکوشان و بەرخوداندا بووە، سەرەڕاى هەوڵەکانى دوژمن و داگیرکەران بۆ لەناوبردنى گەلى کوردستان بە خاک و خەڵکەوە، بەڵام توانیویەتى پارێزگارى لە بوونى خۆى بکات و رووبەڕووى هێرش و پەلامارى دوژمنان و داگیرکەران ببێتەوەو دواى هەر کەوتنێک بە گڕوتینێکى نوێوە هەڵبستێتەوەو درێژە بە بەرخودانى خۆى بدات.
گه‌لی كوردستان كورد یەكێكە له‌گه‌له‌ دێرینەكانی ئەم ناوچەیە و تائێستا خاوەنی كیان و دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، زۆربەى زۆرى نەتەوەكانی ئه‌م ناوچەیە خاوەنی دەوڵەتن، كەچی كوردستان بەپێی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و بەرژەوەندی زلهێزان چەندین جار دابەشكرایە سەر نەتەوە سەردەستەكانی (عەرەب و فارس و تورك) و به‌ دەوڵەتەكانیانه‌وه‌ لكێندرا، كورد چەندین هەلی بۆ رەخسا لە بارترین هەل لەپەیمانی سیڤەری ساڵی 1920 بوو، كە بەپێى ئەو پەیماننامەیە دەبووا كورد لەپاش ساڵێك خۆبەڕێوەبردن ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، كه‌چی له‌رێگه‌ی پەیماننامەی لۆزانەوە لەساڵی 1923 ئه‌و خه‌ونه‌ی گه‌لی كوردستان لەباربرا، پاشان چەندین هەلی دیكە هاتنە پێشەوە لەوانە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 كەچی نەمانتوانی سوود لەم دەرفەتە زێڕینانە ببینین.
مێژووی عێراق له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا پڕه‌ له‌ کارەسات بۆ گه‌لی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ دروستكراوه‌ هیچ پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ئاسووده‌یی ناژیت، بۆیه‌ باشترین كار له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراقه‌ بۆ سێ وڵات، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌مریكییه‌كان له‌رێگه‌ی پرۆژه‌كه‌ی بایدن عێراقیان بۆ سێ به‌ش دابه‌شكردووه‌.
دوا رووخانى رژێمى بەعس لە بەهارى 2003 ؛ دەرفەتێکى نوێ هاتە پێشەوە کەوا گەلانى چوارچێوەى نەخشەى داتاشراوى عێراق بتوانن سەرلەنوی لەسەر بنەمایەکى سەردەمییانە عێراق بنیاتبنێنەوەو مافەکانى خۆیانى تێدا زامن بکەن، سەرکردایەتیى کوردستانیش بەو هێوایەوە روویکردە بەغدا و بەشداربوو لە بیناکردنەوەى عێراق، کە بە باوەڕى من کورد دەبووا سوودى لەو دەرفەتە وەربگرتایەو کارى بۆ سەربەخۆیى کوردستان بکردبووایە.
هه‌موو لایه‌ك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بووین، كه‌وا سیسته‌مێكی مۆدێرن و باوه‌ڕ به‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی حوكمی عێراق بكات و، هەڵه‌كانی ڕژێمه‌كانی پێشوو به‌رامبه‌ر گه‌لانی چوارچێوەى نەخشەى داتاشراوى عێراق دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس به‌هه‌مان عه‌قڵییه‌تی پێشوو بیریان كرده‌وه‌ و، هه‌وڵیاندا هه‌مان سیاسه‌تی ڕژێمه‌كانی پێشوو به‌رامبه‌ر گه‌لانی عێراق پراكتیك بكه‌ن، ئه‌م شێوازه‌ی حوكم له‌ عێراقدا زیانی به‌ هه‌موو لایه‌ك گه‌یاندووە و، بووه‌ته‌ هۆكار بۆ چه‌ندین كێشه‌ و گرفت و له‌ داهاتووشدا ده‌بێته‌ هۆی دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی ڕابردوو، بۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك پێویست بوو دژی ئه‌و شێوازه‌ی حوكمی عێراق بوه‌ستنه‌وه‌ و ڕه‌تیبكه‌نه‌وه‌.
حوكمڕانانی عێراق به‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌یان به‌ره‌و تاكڕه‌وی و دیكتاتۆرییه‌ت هه‌نگاویان نا و، وه‌كو ڕژێمه‌كانی پێشووی عێراق له‌ دژی كورد و خواسته‌كانی وه‌ستانه‌وه‌، سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ و دژایه‌تیی حكومه‌تی عێراق بۆ نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی ناو نه‌خشه‌ی داتاشراوی عێراق، ئه‌و وڵاته‌ی ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێ‌ كێشه‌ی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری و ئیداری كردەوه‌.
ئه‌م ڕه‌وشه‌ی عێراق وایكرد، كه‌وا زه‌مینه‌ بسازێت بۆ دروستبوونی ده‌یان میلیشیای سه‌ربازی و ڕێكخراوی تیرۆریستی، ئه‌وانه‌ش بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا ڕه‌وشی ئاسایش و سه‌ربازی عێراق ئاڵۆز بێت و، وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش به‌پێی ئه‌جێندای خۆیان له‌ عێراق جووڵه‌ بكه‌ن و ده‌ست بخه‌نه‌ كاروباری عێراق، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا عێراق نه‌توانێ پارێزگاری له‌ سه‌روه‌ریی خۆی بكات.
لە ساڵى 2003 تا 2017 پەیوەندى کوردستان و عێراق بە چەندین ئاڵۆزى و هەوارازو نشێودا رەتبوو، هەر زوو دەسەڵاتدارانى عێراق لەو بەڵێنانەى خۆیان کە بە کوردیان دابوو پاشگەزبوونەوەو ئەو دەستوورەى کەوا زۆربەى لایەنەکان بەشداربوون لە نوووسینى و بەشێک لە مافەکانى گەلى کوردستانى تێدا جێگیرکرابوو، لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراق پشتگوێ خراو کارى پێنەکرا.
کێشەو گرفتەکانى نێوان عێراق و کوردستان بەردەوام بوون؛ بۆیە بۆ دەربازکردنى رەوشێکى وا ئاڵۆز، جەنابى سەرۆک مەسعوود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان بە راوێژ لەگەڵ زۆربەى زۆرى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان گەیشتنە ئەو باوەڕەى کەوا بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.
دواى وەرگرتنى بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان ؛ پرسی سەربەخۆیی كوردستان گەیشتە قۆناخێك دەبووا هەنگاوی پراكتیكی و دووربینانەی بۆ هەڵبگیرێت، پرسەكە لەوە دەرچوو كە دوو بۆچوونی جیاواز لەناو خەڵكی كوردستاندا لەسەر ئەو پرسە هەبێت، ئایا ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆبین یان هەر بە پاشكۆیەتی عێراقی بەزۆر دروستكراو بمێنینەوە؟ نەخێر نەك هەر خۆمان بەڵكو دەتوانین بڵێن تارادەیەك رای گشتی جیهانیش لەوە دڵنیابۆوە كە جارێكی دیكە كوردستان ناتوانێت وەك بەشێك لە عێراق بمێنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کەوا كورد ماوەی 80 ساڵ حكومڕانی عەرەبی سوننەی تاقیكردەوە، سەرەنجامەكەی ئەنفال و كیمیاباران و كاولكردنی كوردستان بوو، هەروەها ئەوە ماوەی نزیكەی 15 ساڵیشە (2003 – 2017) كورد حكومڕانی عەرەبی شیعە تاقیدەكاتەوە، سەرەنجامی ئەمەشیان پێڕەوکردنى سیاسەتى پەراوێزخستن و بێبەڵێنى و برسیکردنى خەڵکى کوردستان بوو لەڕێى بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان و، پەراوێزخستنى کورد بوو لە پرۆسەى سیاسى عێراق و هەروەها پێشیلكردنی ئەو دەستورە بووە كە لەساڵی 2005 بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێكی نوێ پەسەندكرا بوو.
بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆم بڕیارێکى گونجاو بوو لە کاتێکى گونجاودا، وەڵامێک بوو بۆ ئەو هەموو غەدرو زوڵمەى دەرهەق بە گەلى کوردستان و مێژووی خەبات و بەرخودانى رابردوو و ئێستاى، بۆیە هەر كەس و هێز و لایەنێك جا لە ژێر كاریگەری ئەجیندای دەرەكیدا بێت یاخود بۆ هەر مەبەستێكی دیكە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان وەستابێتەوە، ئەوا مێژوو خاڵێكی رەشی لەسەر تۆمار دەكات و نەوەكانی ئایندەش لێی خۆش نابن، ئەو فرسەتەی ساڵى 2017 بۆ كوردستان هاتە پێشەوە دەبووا هەموومان سوودی لێوەربگرین و لەدەستی نەدەین.
بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆم لە کاتێدا بوو کەوا پێشمەرگەى کوردستان تیرۆریستانى داعشى تێکشکاندبوو ؛ زۆربەى زۆرى ناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستانى ئازاد کردبوو، پێشمەرگە لە کەرکوک و مەخموورو شنگاڵ و دەڤەرەکانى دیکەى کوردستان لە سەنگەردابوو، هاوسۆزیيەكی گەورەی نێودەوڵەتیمان لەگەڵدا بوو، بەڵام كێشەی سەرەكیمان نێوماڵی كوردستان بوو كە نەمانتوانى لەسەر ئەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەدا یەكڕیز و یەكدەنگ و یەك ئیرادە بین، ئەوەشیان پەیوەندى بەخۆمانەوە هەیە نەک لایەنى دیکە، ئەمە پەیوەستە بە گەلى کوردستان نەک وڵاتان و خەڵکانى دیکە.
ئەو هەلەى کەوا لە 2017 بۆ گەلى کوردستان رەخسا هەلێکى مێژوویى بوو، دەبووا سوودى لێوەربگرین و لەدەست خۆمانى نەدەین و، نەیکەینە قوربانى بەرژەوەندییە حزبییەکان، لەم پێناوەدا دەبووا هەموو لایەکمان بەرژەوەندى خۆمان لە بەرژەوەندى گشتیدا ببینینەوە و، جلى تەنگى حزبایەتى فڕێبدەین و جلى کوردایەتى بپۆشین، ئەگەر هەموو لایەکمان سوودمان لەو دەرفەتە مێژووییە وەرگربتایە و بەیەکەوە کارمان بۆ سەربەخۆیى کوردستان بکردبووایە، ئەوا شانازییەکى مێژوویى مەزنمان بۆ گەلى کوردستان تۆمار دەکرد، ئەوانەى ئەوەشیان نەکرد ئەوا مێژوو بەزەیى بەکەسدا نایەتەوە، بۆیە دەبووا بە رۆحییەتێکى نەتەوەیى و نیشتمانى کاربکەین و گەلى کوردستان بگەیەنین بە کەنارێکى ئارام، بێگومان ئەو کەنارە ئارامەش تەنها سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانە.
بە راگەیاندنى سەربەخۆیى کوردستان ؛ لەڕووى سیاسییەوە کوردستان دەبووە هۆکارى چەسپاندنى ئارامى و ئاسایش لە ناوچەکەدا، لەڕووى ئابووریشەوە دەبووە شوێنێکى گرنگ بە حوکمى ئەوەى خاوەن نەوت و کانزاو ئاوێکى زۆرەو شوێنێکى گەشتیارى گرنگەو، لەڕووى کشتوکاڵیشەوە دەوڵەمەندە، بۆیە کوردستان وەک دەوڵەتێک زوو دەیتوانى لەسەر پێى خۆى بوەستێت.
پرسى ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەرخۆبوونى کوردستان بووە بابەتى گەرمى میدیا جیهانى و ناوچەیی و ناوخۆییەکان و بووە جێى بایەخ و لێکۆڵینەوەى ناوەندە سیاسى و ئەکادیمییەکانى جیهان و وایکرد کەوا دۆستمان زێدەبن و بەچاوى هیواوە لێمان بڕوانن، لەسەر هەموومان بەتایبەت سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستان پێویست بوو کەوا بە بایەخەوە لەو پشتیوانییە بڕوانین و بایەخى تەواوى پێبدەن.
دەبووا لەڕێى جوولەى دیپڵۆماسى ئەو باوەڕەمان بۆ هەموو لایەک دروستکردبووا کەوا دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بێته‌ی مایه‌ی چەسپاندنى ئاشتى بۆ هه‌موو لایه‌ك و، هه‌ڕه‌شه‌ نیه‌ بۆ سەر هیچ ده‌وڵه‌تێك، به‌ڵكو هۆكارێكه‌ بۆ سه‌قامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردستان هه‌موو كات دژایه‌تی تیرۆری كردووه‌ و هۆكارێك بووه‌ بۆ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌كان و، په‌یوه‌ندی باشى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچەکە هه‌بووە و، به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شى ناوچه‌كەى پاراستووە‌‌، بۆیە راگەیاندنى سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان دەبێتە فاکتەرێکى سەرەکى بۆ دابینکردنى هێمنى و ئارامى بۆ ناوچەکەو جیهانیش، بێگومان ئەمەش خواستى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتییە، بۆیە دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان نابێتە هەرەشە لەسەر هیچ لایەک، دەبووا ئەو باوەڕەمان لاى زۆربەى لایەنە ناوچەیى و نێودەوڵەتییەکان بچەسپاندبووا، بەڵام کارى پێویست بۆ ئەوە ئەنجام نەدرا.
ئەو کاراکتەرانەى لە لێژنەى باڵاى ریفراندۆم دانرابوون لەسەر بنەماى حزبى دانرابوون، نەک لەسەر بنەماى شارەزایى و لێهاتوویى و باوەڕبوون بەسەربەخۆیى کوردستان، هەر بۆیەشە دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 بە شێوازێکى دیکە لێدوانیانداو ئەو راستییەیان سەلماند کە بەشێکیان ئەهلى ئەو کارە نەبوون، کارێکى وا گرنگى نەتەوەیى و نیشتمانى پێویستى بە کەسانى بوێرو خۆڕاگر هەبوو.
جەنابى سەرۆک مەسعوود بارزانى لە رێى ئەنجامدانى ریفراندۆمەوە گەورەترین شانازى مێژوویى بۆ خۆى بۆ گەلى کوردستان تۆمارکرد، کەوا نەوە دواى نەوە شانازى پێوە بکات، ریفراندۆم خاڵی وەچەرخان بوو لە مێژووی گەلی كوردستان و تاكە كارێكی باش و ستراتیژى کە لە مێژووى خەباتى گەلى کوردستان ئەنجامدرا بێت ریفراندۆم بوو، كە گەلی كوردستان دەنگی بە سەربەخۆیی كوردستاندا و بۆ هەموو دنیاى سەلماند کەوا بەڵێ سەربەخۆیى دەوێت.
ریفراندۆم وەكو پرۆسە سەركەوتوو بوو خەڵک بە شێوەیەکى هێمنانەو لە پرۆسەیەکى دیموکراتیدا دەنگى بۆ سەربەخۆیى کوردستاندا، بەڵام پرۆسەکە رووبەڕووی خیانەتی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆوە، ئەوە وایكرد ئەو كێشانە دروست بێت کە لە 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 روویاندا، بێگومان ئەگەر خیانەتى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 نەبووا ئەوا ئێستا ئێمە خاوەن دەوڵەتى خۆمان بووین، بەهیچ شێوەیەک نەدەبووا لایەنێک لەگەڵ دوژمن رێكبكەوێت و خاكی کوردستانى پێشكەش بكات، دەبووا بەرگری لە خاكی کوردستان و لە ئەنجامەكانی ریفراندۆم بكردبووا، لەبەرئەوەی ریفراندۆم هەنگاوێك بوو بۆ سەربەخۆیی كوردستان كە خواستی لەمێژینەی گەلی كوردستان بووە.
پێویستە هەموو كوردێك شانازی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆم بكات و، بە ئەنجامدانى کارێکى نەتەوەیى مەزن سەیرى بکات، خۆم وەك كەسێكی نەتەوەیی کە خەبات بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەکەم هەمووكات شانازی بە ریفراندۆمەوە دەكەم و وەكو خاڵێكی درەوشاوەی مێژووی گەلی كوردستان سەیرى دەكەم، لەهەمان کاتدا وەكو كارەساتێكی نەتەوەیی و خیانەت بەرامبەر گەلی كوردستان سەیرى 16ی ئۆكتۆبەریش دەكەم.
* سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK.
ميديا - اربيل :
وجّه غفور مخموري السكرتير العام للاتحاد القومي الديمقراطي الكوردستاني YNDK برقية تعزية الى السید د. احمد برکات سكرتير الحزب الديمقراطي التقدمي الكردي في سوريا، لوفاة المناضل (عمر جعفر) عضو المكتب السياسي لحزب الديمقراطي التقدمي الكردي في سوريا، وفيما يأتي نص البرقية:
الأخ العزيز الأستاذ د. احمد برکات سكرتير الحزب الديمقراطي التقدمي الكردي في سوريا المحترم
الرفاق الأعزاء في المكتب السياسي للحزب الديمقراطي التقدمي الكردي في سوريا
تحية اخوية وبعد ...
ببالغ الحزن والأسى تلقينا نبأ وفاة المناضل (عمر جعفر) عضو المكتب السياسي لحزبكم المناضل (الحزب الديمقراطي التقدمي الكردي في سوريا)، باسمنا وباسم المكتب السياسي واللجنة القيادية للاتحاد القومي الديمقراطي الكوردستاني YNDK، نعزيكم بمصابكم الجلل كما ونعزي قيادة الحزب الديمقراطي التقدمي الكردي في سوريا ونعزي جميع عائلة الفقيد، ونشارككم ألمكم وحزنكم، نطلب من الله عز وجل ان يتغمده برحمته ويجعل مثواه الجنة وأن يلهمكم الصبر والسلوان.
 
انا لله وانا اليه راجعون.
 
اخوكم
غفور مخموري
السكرتير العام
للاتحاد القومي الديمقراطي الكوردستاني YNDK
15 / 9 / 2024