yndk

yndk

میدیا - هەولێر:
ئێوارەى ئەمڕۆ 11 / 9 / 2022، سكرتێری گشتیی YNDK بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە سەردانی نووسەرو چیرۆکنووس ئاسۆ حەسەن-ى کرد کەوا ماوەیەکە رەوشى تەندروستى باش نییە، هیواى زووچاکبوونەوەو تەندروستییەکى باشى بۆ خواستن.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەمەبەستى هەواڵپرسین و بەسەرکردنەوە سەردانی نووسەرو چیرۆکنووس بەڕێز (ئاسۆ حەسەن)-ى کردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزیان و خانەوادەى بەڕێزیانەوە پێشوازی كران، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیی YNDK هیواى زووچاکبوونەوەو تەندروستییەکى باشى بۆ خواستن، لەبەرامبەردا بەڕێز ئاسۆ حەسەن وێڕاى دەربڕینى خۆشحاڵى سوپاسی ئەو سەردان و بەسەرکردنەوەیەى سکرتێرى گشتیى YNDK ی كرد.
میدیا - هەولێر:
بەڕێز مستەفا هیجرى بەرپرسى ناوەندى بەڕێوەبەرى گشتیی حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران، لە وەڵامى پەیامى پیرۆزبایى سکرتێرى گشتیى YNDK بەبۆنەى یەکگرتنەوەى ریزەکانى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران بۆ بەڕیزیان، سوپاسنامەیەکى ئاراستەى غەفوور مەخمورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK کردووە، ئەمەش دەقى سوپاسنامەکەیە :
بەڕێز کاک غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان
وێڕاى سڵاوێکى دۆستانە ...
بە شانازییەوە، برووسکەى پیرۆزبایى و پەیامى دەربڕینى خۆشحاڵى و پاڵپشتیتان بە بۆنەى بە ئاکام گەیشتنى یەکگرتنەوەى ریزەکانى حیزبى دێموکرات بە دەستمان گەیشت.
بەم بۆنەیەوە، بە ناوى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێرانەوە سوپاسى هەستى هاوخەباتى و پاڵپشتیتان بۆ سەرکەوتنى ئەو پرۆسەیە دەکەین و وێڕاى بایەخدان بە پەیام و ناوەڕۆکى برووسکەى پیرۆزباییەکەتان، رادەگەیەنین حیزبەکەمان بەردەوام دەبێ لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیى نەتەوەیى، مێژوویى و سیاسیى خۆى و بە جەختکردنەوە لەسەر پرەنسیپە دێموکراتیک و مرۆییەکانى، هەنگاوى جیدیتر بۆ تۆکمەترکردنى ریزەکانى خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى بزووتنەوە رەواکەمان هەڵدەگرێت و گرنگییەکى تایبەت بە پێوەندیى دۆستانەو هاوخەباتى لەگەڵ ئێوەو هەموو دۆستان، دڵسۆزان و تێکۆشەرانى رێگاى ئازادى دەدات.
لەگەڵ رێزو سوپاسى دووبارە.
مستەفا هیجرى
بەرپرسى ناوەندى بەڕێوەبەرى گشتی
حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران
17 / 6 / 1401 ى هەتاوى
8 / 9 / 2022 ى زايينى
میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان مستەفا هیجرى سکرتێرى گشتیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران و وتەبێژو ئەندامانى دەفتەرى سیاسیى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران کرد و، بەبۆنەى یەکگرتنەوەى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
برای بەڕێزمان كاك مستەفا هیجری سکرتێرى گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
براى بەڕێزمان کاک خالید عەزیزى وتەبێژى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سڵاوێكی برایانەی گەرم ...
بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی یەکگرتنەوەى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەكەین و، هیڤیدارین یەکگرتنەوەى حیزبتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
بەڕێزان؛ یەکگرتنەوەى حیزبى دێموکراتى کوردستان ئێران هەنگاوێکى بوێرانەو کارێکى نەتەوەیى نیشتمانى مەزنە، بە چاوى رێزەوە لەو هەنگاوەتان دەڕوانین و بە بەرزى دەینرخێنین، یەکگرتنەوەى (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) لەم کاتەدا کەوا كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەكرێت، پێویستییەکى بابەتى و مێژوویى بوو، ئومێد دەکەین یەکگرتنەوەى حیزب ببێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەكێتی و یەكدەنگی كوردان و سوود وەرگرتن لەگۆڕانکارییەکان ، بێگومان باوەڕى نەگۆڕمان وایە کە یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لەم رووەوە یەکگرتنەوەى حیزبى دێمۆکرات بە چەکێکى کاریگەر دەزانین بۆ هەڵوەشاندنەوەو رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان، بەباوەڕی ئێمە هەنگاوى دواى یەکگرتنەوەى حیزبى دیموکرات، بۆ خورتکردنى خەبات پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەرییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان ... لەگەڵ سڵاوو رێزى دووبارەماندا . هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
7 / 9 / 2022
میدیا- هه‌ولێر
ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سوپاسنامه‌یه‌ك به‌ واژۆی محه‌مه‌د نه‌زیف قادری له‌ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی حدكا، ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسییYNDK ده‌كات.
له‌به‌شێكی سوپاسنامه‌كه‌ هاتووه‌: به‌شانازییه‌وه‌ بروسكه‌ی پیرزۆبایی و په‌یامی خۆشحألی مه‌كته‌بی سیاسییYNDK به‌بۆنه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ریزه‌كانی حزبی دێموكراتمان پێگه‌یشت، به‌م بۆنه‌وه‌ سوپاسی هه‌ستی هاوخه‌باتی و خه‌مخۆریتان ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌و پاڵپشتییه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ مه‌كته‌بی سیاسییYNDK بۆ ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ هه‌یبوو. له‌به‌شێكی دیكه‌ی سوپاسنامه‌كه‌ هاتووه‌: حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران گرنگییه‌كی تایبه‌ت به‌ ‌په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ YNDK و هه‌موو دۆستان و تێكۆشه‌ران و دڵسۆزانی رێگه‌ی ئازادی ده‌ده‌ن.
میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٤ / ٩ / ٢٠٢٢، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى نەتەوەیى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشهات و گۆڕانكارييه‌كانى ناوچەكە كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار تاهیر سەعید ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیكرد لە شاندى پارتى نەتەوەیى کوردستان كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان: (جەبار میرزارۆستەمى سکرتیرى پارت و خدر بڵباس و فایەق قادر ئەندامانى مەکتەبى سیاسیى پارت و مەبەست خدر ئەندامى سەرکردایەتیى پارت)، لەدیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەدا بەفاكتەری سەرەكی سه‌ركه‌وتنى گەلی كوردستان وەسفكرا، هەر لەدیدارەكەدا هەردوو لا هاوڕابوون کەوا پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان رەچاوى بارودۆخ و تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکەن و پارێزگارى لێبکەن.
لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا سەبارەت بە زیاتر لەیەکدى نزیکبوونەوەى لایەنە نەتەوەییەکانى کوردستان گفتوگۆ کراو هەردوو لا هاوڕا بوون کەوا پێویستە لایەنە نەتەوەیى و سەربەخۆییخوازەکان زیاتر لەیەکدى نزیکببنەوە.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٤ / ٩ / ٢٠۲۲، سكرتێری گشتیی YNDK بەیاوەرى شاندێکى YNDK سەردانی مەکتەبى سیاسیى پارتى پارێزگارانى كوردستانی كردو، (٣١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پیرۆزكردن و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، به‌یاوه‌ری هه‌ڤاڵان (قەهار تاهیر ئەندامى مه‌كته‌بی سیاسی و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK )، سەردانی بارەگای مەکتەبى سیاسیى پارتى پارێزگارانى كوردستان-یان لە شاری هه‌ولێر كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (نەجات عومەر ئاغا سورچى سەرۆکى پارت و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانى سه‌ركردایه‌تی پارتى پارێزگارانى کوردستان)ەوە پێشوازیكران، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیى YNDK بەبۆنەی(٣١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتى پارێزگارانى كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتی YNDK ی بە بەڕێزان سەرۆک و مەکتەبى سیاسى و سەركردایەتی پارتى پارێزگارانى كوردستان راگەیاندو، هیوای پێشڤەچوون و گەشەكردن و سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن، لەبەرامبەردا سەرۆک و مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى پارتى پارێزگاران سوپاسی ئەو سەردانە و هەڵوێستەكانی YNDK یان كرد.
دواتر جه‌ختكرایه‌وه‌ سه‌ر پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا و، چۆنیەتی پتەوكردن و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان باسیان لێوه‌ كرا.
مه‌كته‌بی سیاسی YNDKساڵیادی دامەزراندنی پارتی پارێزگارانی كوردستان پیرۆز دەكات
میدیا - هەولێر
مه‌كته‌بی سیاسی یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDKبەبۆنەى (31)ه‌مین ساڵیادى دامەزراندن و كردنه‌وه‌ی باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی پارێزگارانی كوردستان له‌ پارێزگای هه‌ولێر، په‌یامی پیرۆزباییان ئاڕاسته‌ ده‌كات، له‌ په‌یامه‌كه‌ هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى زیاتری له‌كاره‌كان بۆ خواستن.
ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌:
بۆ بەڕێز مەكتەبی سیاسیی پارتی پارێزگارانی كوردستان
بابەت / پیرۆزبایی
سڵاوی سەرخۆبوون‌و ئازادی ...
بەبۆنەی(31)ه‌مین ساڵیادی دامەزراندن و كردنه‌وه‌ی باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی پارته‌‌كه‌تان (پارتی پارێزگارانی كوردستان) له‌ پارێزگای هه‌ولێر، بەناوی خۆمان‌ و تەواوی ئەندام ‌و لایەنگرانی یەكێتیمانYNDK، جوانترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەكەین ‌و خوازیارین ساڵیادی دامەزراندن و كردنه‌وه‌ی باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیتان له‌ هه‌ولێر، هاندەری زیاتر بێت بۆ پێشڤەچوونتان .
بەڕێزان: پارته‌‌كه‌تان (پارتی پارێزگارانی كوردستان) لەماوەی تەمەنی خەبات و تێكۆشانیدا، وەك لایەنێك لە گۆڕەپانی سیاسی باشووری كوردستان جێ پەنجەی لەخەبات دژی داگیركەران و دوژمنانی كوردستان هەبووەو هەموو كات خەباتی كردووە بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆشمان گرنگە یەكریزی و تەبایی سەرجەم هێز و لایەنەكانی كوردستانە بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانمان.
لەم بۆنەیەتاندا، جارێكی تر جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر توندوتۆڵكردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنەكانی هەموو كوردستان .
هەر سەركەوتوو بن .... لەگەڵ رێزماندا.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
میدیا - هەولێر
سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان ، لە وەڵامى پەیامى پیرۆزبایى سکرتێرى گشتیى YNDK بەبۆنەى ١٦ى ئاب ساڵڕۆژى دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ جەنابیان، سوپاسنامەیەکى ئاراستەى غەفوور مەخمورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK کردووە، ئەمەش دەقى سوپاسنامەکەیە :
بەناوى خوداى بەخشندە و میهرەبان
بەڕێز کاک غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان
سڵاوێکى گەرم ...
بەپێزانینێکى زۆرەوە نامەى پیرۆزبایى بەڕێزتان گەیشت کە بە بۆنەى یادى شازدەى ئاب ئاراستەى ئێمەتان کردبوو، زۆر سوپاستان دەکەم. هیواى ئایندەیەکى گەش بۆ گەلى کوردستان و، ئاشتى و برایەتى و تەبایى زیاترى نێوان لایەنەکان دەخوازم. هەر سەرکەوتووبن.
بمێنن بەخێر و خۆشى.
مسعود بارزانى
١٨ى ئابى ٢٠٢٢

میدیا- هه‌ولێر

مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتی کوردستانYNDK سه‌ردانی سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران له‌ هه‌ولێر ده‌كات و،(42)ه‌مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پیرۆزكردن و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن.

ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌‌ رێكه‌وتی 27/8/2022 شاندێكی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتی کوردستانYNDK كه ‌پێكهاتبوو له‌ هه‌ڤاڵان (د.شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و شاكر هاشم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و جه‌لال سمایل كارگێڕی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كان و محه‌مه‌د تاهیر ئه‌ندامی په‌یوه‌ندییه‌كان) سه‌ردانی سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێرانیان كرد، پێشوازیكران  له‌لایه‌ن ‌به‌ڕێزان (شۆرش حاجی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان و شیلان محه‌مه‌دی و به‌ختیار عه‌زیزی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و رێزان شه‌هیدی كادری په‌یوه‌ندییه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانیان) له‌ دانیشتنێكه‌ شاندی YNDK پیرۆزبایی (42) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی لێكردن و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتریان بۆ خواستن، هه‌روه‌ها باس له‌ره‌وشی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان كرا، جه‌ختكرایه‌وه‌ سه‌ر یه‌كریزی و ته‌بایی سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان ، هه‌روه‌ها باس له‌ هه‌ڵوێستی كوردانه‌ی جه‌ماوه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ‌یه‌كگرتوویی هاوهه‌ڵوێستی حیزبه‌كان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كرا.

له‌ ته‌وه‌ری کۆتاییدا باس له‌زیاتر توندوتۆلكردنی په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا و سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌كانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی خاكه‌كه‌ی كرا.

میدیا- هه‌ولێر
مه‌كته‌بی سیاسی YNDK به‌بۆنه‌ی (42)ه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئیران په‌یامی پیرۆزباییان ئاڕاسته‌ ده‌كات و هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشڤچوونی زیاتر له‌كاره‌كانیان بۆ ده‌خوازێت و له ‌ناوه‌رۆكی په‌یامه‌كه‌ هاتووه‌ ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆمان گرنگە یەكریزی و تەبایی سەرجەم هێز و لایەنەكانی كوردستانە، بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كوردستان .
ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌:
بۆ بەڕێز سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئیران
بابەت / په‌یامی پیرۆزبایی
سڵاوی سەرخۆبوون‌و ئازادی ...
بەبۆنەی (42)ه‌مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی (سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئیران) بەناوی خۆمان ‌و تەواوی ئەندام‌ و لایەنگرانی یەكێتیمانYNDK، جوانترین پیرۆزبایيتان ئاڕاستە دەكەین ‌و خوازیارین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمساڵتان هاندەر بێت بۆ زیاتر به‌ره‌و پێشچوونتان.
بەڕێزان: سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئیران لەماوەی (42) ساڵ تەمەنی خەبات و تێكۆشانی وەك لایەنێك توانیویەتی كەسانی نیشتمانپەروەر لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، ئەمەش وایكردووە كاریگەر بن و جێ په‌نجه‌تان له‌گۆڕه‌پانی خه‌بات لە رۆژهەڵاتی كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ی وڵات دیار بێت، ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆشمان گرنگە یەكریزی و تەبایی سەرجەم هێز و لایەنەكانی كوردستانە، بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كوردستان، لەم بۆنەیەتاندا جارێكی تر جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر توندوتۆڵكردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان و سه‌رجه‌م پارت و هێز و لایه‌نه‌كانی كوردستان .
هەر سەركەوتوو بن . لەگەڵ رێزماندا.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK