سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان پیرۆز دەكات

میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان مام خدر رووسى سکرتێرى گشتیى بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان و ئەندامانى سەرکردایەتیى بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان کرد و، بەبۆنەى 26 بيست و شەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
برای بەڕێزمان مام خدر رووسى سکرتێرى گشتیى بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان
سڵاوێكی برایانەی گەرم ...
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (26)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوە تێکۆشەرەکەتان (بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان)، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و تەواوی كادرو ئەندامانى بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان دەكەین و، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
بێگومان لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان) دەكەنەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێکى زۆر ناسك و هەستیاردان, ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا یەکدەنگ و یەکڕیزو هاوهەڵوێست بین، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا ئێمەى حزب و لایەنە کوردستانییەکان کاربکەین بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و زیاتر هاوکارو پشتیوانى یەکدی بین و، بە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابین.
هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی تەواوی مافە رەواكانی.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
24 / 8 / 2021