سی و هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدکردنی بارزانییەکان تێده‌په‌ڕێت

تموز/يوليو 31, 2021

له‌ 31/7/1983 رژێمى له‌ناووچووى به‌عس هه‌شت هه‌زار كه‌سى له‌ بارزانیيه‌كان ده‌ستگیر كرد و شوێنبزرى كردن، كه‌ هه‌موویان پیاو و گه‌نج بوون.

هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى رژێمى زاڵمى سه‌ددامى دیكتاتۆر، ئۆردوگاكانى (قوشته‌په‌ و به‌حركه‌ و دیانا و هه‌ریر)یان گه‌مارۆدا و ئه‌و بارزانیانه‌یان گڕت كه‌ له‌و شوێنانه‌ نیشته‌جێ بوونى ناچارییان به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو. له‌و رۆژه‌ شومه‌دا، هێزه‌ بێروحمه‌ كورد كوژه‌كانى به‌عسى له‌ناوچوو هه‌ر پیاو و گه‌نجێكى بارزانیییه‌كانیان ده‌ست بكه‌وتبایه‌، ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیریان ده‌كردن، ته‌نانه‌ت مێردمنداڵه‌كانیشیان نه‌ده‌بوارد، ئه‌و كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌ چه‌په‌ڵه‌ له‌ مێژووى بزاڤى رزگاریخوازى كوردا، به‌ ئه‌نفالكردنى بارزانییه‌كان ناونراوه‌ و شێوازێكى توندوتیژانه‌ى نامرۆیییانه‌ش بوو بۆ جێبه‌جێ كردنى سیاسه‌تى جینۆسایدكردنى گه‌لى كورد، كه‌ له‌ كۆتایى ده‌یه‌ى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا له‌ په‌لاماره‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال دا زه‌قترو فراوانتر خۆى ده‌رخست و بێسه‌رو شوێنكردنى سه‌د و هه‌شتا هه‌زار كوردى لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌  له‌وه‌ى بارزانییه‌كان پتر له‌ سه‌د ساڵه‌ له‌ پێناوى مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانى كوردا مه‌شخه‌ڵى خه‌بات وتێكۆشانیان هه‌ڵكردووه‌و پێشه‌ڕه‌وایه‌تى بزاڤى رزگاریخوازى كوردستان ده‌كه‌ن و سه‌ركرده‌ى وه‌كو شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانى و شێخ ئه‌حمه‌د و مسته‌فا بارزانى نه‌مرو ئیدریس بارزانیان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌.

جێى بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تاى ئه‌نفال كردنى كورد بۆ سه‌ره‌تا و ناوه‌راستى حه‌فتاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ى رژێمى به‌عس حه‌وت هه‌زار كوردى فه‌یلى ئه‌نفال كرد. دواى رووخانى رژێمى به‌عسى له‌ناوچوو له‌ساڵى 2003دا، له‌سه‌رده‌ستى هاوپه‌یمانه‌كان و گه‌لانى عێراق، هه‌وڵدان بۆدۆزینه‌وه‌ى ته‌رمى ئه‌نفال كراوه‌كان ده‌ستى پێكرد و له‌ چه‌ندین ناوچه‌ى عێراقدا گۆرى به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان ته‌رمى ئه‌نفال كراوانى كورد بوون، دواجار له‌17 تشرینى یه‌كه‌مى 2005دا 500 روفاتى بارزانیه‌كان كه‌ چه‌ند رۆژێك بوو دۆزرابوونه‌وه‌، هێنرانه‌وه‌ كوردستان و له‌ زێدى باب و باپیرانیاندا، به‌خاكى كوردستان سپێردران، به‌ڵام هه‌تا ئێستا زانیارى له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كى زۆرى دیكه‌ى ئه‌نفال كراوه‌كان و شوێنى ئه‌نفال كردنیان له‌ده‌ست دانییه‌، و ئه‌وه‌ش له‌حاڵێكدایه‌ رژێمى به‌عسى له‌ناوچوو به‌پێى ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، زیاتر له‌180هه‌زار كوردى بێتاوانى ئه‌نفال كردووه‌.