پیرۆزبێت نەورۆز و (26)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

  - جەماوەری تێکۆشەرو خۆڕاگری كوردستان  ...

-   كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

   ئەمڕۆ 26 بیست و شەش ساڵ بەسەر تەمەنی پڕ لە خەبات و تێکۆشانى YNDK تێدەپەڕێت، لەم رۆژەدا YNDK  وەكو رێکخستن و هێزێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەریی لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان لەدایكبوونى خۆى و راگەیاندو بووە هیوابەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و تێکۆشەران،YNDK   هەر لەسەرەتاى تەمەنیدا توانی بوون و کاریگەرى خۆى بسەلمێنێت و، بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردن و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسییەكان دروست بكات، YNDK  بەردەوام لەئاست بەرپرسیاریەتیدا بووە و بە شرۆڤە و خوێندنەوە و پێشبینییەكانی پیلانە نەگریسەكانی داگیركەران و دوژمنانی كورد و كوردستان ئاشكراو ریسوا کردووە ‌و رووبەڕوویان بۆتەوە‌، لەهەمان کاتدا YNDK هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە بە پەروەردەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانى و ئاشناكردنی تاكى کورد بە ناسنامەكەی و پەیوەستبوونی بە خاك و وڵات و کلتورەکەیەوە بە بنەما گرتووە، ئەوەش بۆئەوەی کەسایەتى تاکى کورد لەسەر بنەماى باوەڕبەخۆبوون بنیاتبنێتەوەو شێلگێڕانە رووبەڕووی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان ببێتەوە، هزری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی  YNDKوایكردووە زۆر بەخێرایی بەدیاربكەوێ ‌و ببێتە خودان پێگەی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزندا.

 ئێمە لەكاتێكدا كەوا یادی (26)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK دەكەینەوە بەهۆی هەستیارى و ئاڵۆزى ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر كوردستان هەن، وایانكردووە كوردستان بكەوێتە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیار، ئەوەتا لەلایەك دەسەڵاتدارانى بەغدا تا ئێستاش دەستبەردارى عەقڵییەتى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى کورد نەبوون، لەلایەكی دیكەوە داگیركەرانى کوردستان لەهەموو لایەكەوە بۆ دژایەتیکردنمان لە پیلانداناندان، رژێمی داگیركەری توركیا کە ساڵانى رابردوودا بە جۆرەها چەك هێرشی كردە سەر شارو شارۆچکەکانی رۆژئاوای كوردستان و خاكەكەی وێران و سوتماك كردو خەڵكەكەشی جینۆساید و ئاوارە كرد، ئێستاش هەوڵدەدات دیمۆگرافیاى رۆژئاواى کوردستان بگۆڕێت، لە باکوورى کوردستان ؛ ئەوا دەبینین رژێمى تورکیا چۆن کەوتۆتە دژایەتیکردنى نەتەوەکەمان و هیچ شتێکى پێ رەوا نابینێت و ئازادیخوازان زیندانى دەکات و دژى بوونى کوردە بە هەموو شێوەیەک، لە رۆژهەڵاتى کوردستان ؛ رژێمى ئێران بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى گەنج و ئازادیخوازانى کورد، رژێمى سوریاش سەرەڕاى رەوشى نالەبارى خۆى ئامادە نییە چارەسەرى پرسى کورد لە رۆژئاواى کوردستاندا بکات، بەڵێ ئەوە رەوشى ئێمەى کوردستانییانە، لێرەوە جارێكی دیكە ئەو هەڕەشە و پیلانانەى داگیرکەران بەتوندى ئیدانەو شەرمەزار دەكەین و وەک هەمیشە دژیان دەوەستینەوە، بێگومان سەرەڕای پیلان و ئاستەنگەكان خەباتى گەلى کوردستان بەردەوامە و پێشڤەدەچێت، پێشڤەچوونی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لە باكوورو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان مایەی خۆشحاڵین و وەك هەمیشە پشتیوانی و هاوكاری تەواوی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین, لەم رەوشەدا بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی گەلی كوردستان؛ لەسەر ئاستی نەتەوەیی جارێکى دیکە جەختدەكەینەوە سەر بەستنی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان) بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، داڕشتنی بەرنامەیەکی سەردەمیانەى كارو خەبات بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان بەرەچاوكردنی بارودۆخیان بەكارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ دەزانین، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK  وەك هەمیشە ئەوەی لە تواناماندابێت هاوکارو پشتیوان دەبین، لەهەمان کاتدا بانگ لە هەموو لایەك دەكەین كەوا بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان كاربكەین و زۆر بەوردی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشەدا بكەین، بێگومان ئەمەیش تەنیا بە یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەبێت.

 - جەماوەرى دڵسۆزو وڵاتپارێزى کوردستان  ...

 سەبارەت بە رەوشى ئێستاى باشوورى کوردستان؛ ئێمە واى دەبینینەوە کەوا ناوەندى سیاسى لێکترازاو و پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوەو یەکخستەوەیە، لەسەر ئاستى جەماوەریش گلەیى و گازاندەى زۆر هەن لەو ناعەدالەتییانەى کەوا لە باشوورى وڵاتدا هەن، ناعەدالەتى سیاسى و جەماوەرى و ئابوورى، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و جەماوەری كوردستان زیاتر لەیەكدی نزیكببنەوەو هاوكاری یەكتربن، بۆ ئەم مەبەستە جارێكی دیكە داوای پێكهێنانی (ئەنجوومەنی سیاسیی كوردستان) دەكەین، كە ئەنجوومەنێك بێت هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانى باشوورى کوردستان بگرێتەخۆ، ئەمەش باشترین هەنگاوە بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان و پاراستن و پێشڤەبردنى دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان.

 

 - کودستانییانى ئازیز ...

 وەک هەموو لایەک ئاگادارن ئەوا بۆ دوو ساڵ دەچێت بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا (COVID-19) لەجیهاندا، بۆتە هەڕەشەیەکى گەورە و رووبەڕووى تەواوى مرۆڤایەتى بۆتەوە، بەداخەوە کوردستانیشى گرتۆتەوە، ئەمەش وایکردووە حکومەتى کوردستان کۆمەڵێ رێکارو رێنمایى هەبێت بۆ پاراستنى هاوڵاتیانى کوردستان و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئێمە لە YNDK پشتیوانى تەواو لە هەنگاوو رێنماییەکانى حکومەتى کوردستان دەکەین، هەربۆیە بڕیارماندا بە وەستاندنى تەواوى چالاکى و مەراسیمى (26)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK و، لێرەوە داوا هەموو لایەک دەکەین ئەو بەڕێزانەى دەیانەوێ لەم یادەدا لەگەڵمان بەشداربن دەکرێ لە رێى  ناردنى پەیام و بروسکەى پیرۆزبایى بەسەرمانبکەنەوە.

 لە کۆتاییدا؛ لەم یادە بەرزو شكۆدارەدا جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی و (26)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK لە هەموو هەڤاڵان و تەواوی گەلی كوردستان پیرۆز دەكەین و، رێزو هاوسۆزی خۆمان بۆ بنەماڵە و كەس و كاری سەربەرزی تەواوی شەهیدانی كوردستان دەردەبڕین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و بەرخودانی نەتەوەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان بەرز رادەگرین و پشتیوانى خۆمانیان بۆ رادەگەیەنین و، پەیمان دەدەین وەك هەمیشە لەسەر رێبازی شەهیدان، رێبازی پیرۆزی كوردایەتی درێژە بە خەبات و تێكۆشانی خۆمان بدەین لە پێناو هێنانەدی كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو دیموكرات.

-  نەمری ‌و سەربەرزی بۆ شەهید (سەربەست مەحموود) ‌و تەواوی شەهیدانی رێی سەرخۆبوون ‌و ئازادی كوردستان.

-  مردن‌ و رووڕەشی بۆ داگیركەران و دوژمنانی كوردستان.

 - بێتەدى کوردستانێکى سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو و دیموکرات.

 

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان  YNDK

1 ى نەورۆزی 2721 ی كوردی  -  21 / 3 / 2021 ی زایینی

هەولێر - باشوورى کوردستان