KNK: ئازادیی ئۆجه‌لان ئاشتیی لە ناوچەکە بەرقەرار دەکات

تشرين1/أكتوير 10, 2020

میدیا- هه‌ولێر

ئەمڕۆ 10/10 وەک ‘ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ئۆجه‌لان لە سەرتاسەری جیهاندا دیارییکراوە و چەندین کەسی ناوخۆ و بیانیی پشتیوانی ئەم ڕۆژەیان کردووە و داوای ئازادیی ئۆجه‌لان دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا لە کۆنگرەیەکەدا KNK ڕایانگەیاند، ئەوان ئازادبوونی ئۆجه‌لان بە بەرقەرابوونی ئاشتیی لە ناوچەکەدا دەزانن.

ئەمڕۆ10-10-2020 لە شاری هەولێر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- KNK، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا لە بەیاننامەیەكی ئاڕاستەی ڕای گشتی كرد و داوای ئازادکردنی تەواوی زیندانیانی سیاسیی کوردی کرد كه‌ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوه‌ زیندانیكراون.

دەقی بەیاننامەكەی كەنەكە بەم شێوەیەیە:

بەڕێزان وەك هەموو لایەك ئاگادارن، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان وەك سەركردەیەكی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لە گەلە كۆمەیەكی نێودەوڵەتی دەستگیركرا و ڕادەست بە دەوڵەتی توركیا كرا، ئەوە زیاتر لە ٢١ ساڵە دوور لە هەموو یاساو رێسا نێودەوڵەتیەكان و بنەماكانی مافی مرۆڤ زیندانی كراوە.

دیارە ئامانج لەو كردەوە قێزەونە كۆتاییهێنان بوو بەم بزاڤە، بەڵام ئیرادە و ویستی ئازادیخوازانەی گەلی كورد نەك ئەو پیلانەی پوچەڵكردەوە، داواكردنی بەڕێز ئۆجالان بووە سەرمەشقی خەبات و لەوكاتەوە تا ئێستا لەسەر زۆر ئاست بەچەندین شێواز هەوڵدراوە بۆ ئازادكردنی بەڕێزیان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەوڵەكان وەك پێویست ئەنجامیان نەبووە.

ئەمڕۆش بۆ هەمان مەبەست كەمپەینێكی بەرفراوان لەسەر ئاستی جیهان ڕاگەیەندراوە لەلایەن چەندین سەندیكا، ڕێكخراو، كەسایەتی نێودەوڵەتی و حزب، لەژێر ناوی “ڕۆژی جیهانی ئازادیی ئۆجالان”، كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە ڕوانگەی باوەڕی بە ئازادیی وەك ئەركێكی نەتەویی، بڕیاری داوە پشتیوانی لەم كەمپینە بكات، بە هەموو هێزوو توانای خۆی لە پێناویدا تێدەكۆشێت.

کەنەکە پێیوایە ئازادبوونی بەڕێز ئۆجالان، دەرگا بەسەر چارەسەری ئاشتیانەی گەلی كورد دەكاتەوەو دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ سەقامگیری ئاشتی لە ناوچەكە، كە بەڕێزیان وەك پرەنسیپ باوەڕیان بە ئاشتی پێكەوە ژیانی گەلانە، لەم پێناوەشدا مانفیستۆی ئاشتی و پێكەوە ژیانی چارەسەری دیموكراسی دۆزی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو، كە ئەمەی وەك پرۆژەیەك لە نەورۆزی ٢٠١٣ ڕاگەیاند بە مەبەستی پرۆسەی ئاشتی بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێت، بەڵام بەداخەوە عەقڵیەت و بیركردنەوەی شۆفیزمی تورك بەتایبەت پارتی خودی ئەردۆغان كە وەك تاكێك لەمەسەلەی ئاشتی نزیك بوونەوە، پرۆسەكە ڕاستەقینەی خۆی وەرنەگرت و نەتوانرا سوود لەو دەستپێشخەرییە وەربگرێت،  لە هەمان كاتیش پێمانوایە ئازادبوونی بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵ و كاریگەری گەورەی دەبێت لە دروستبوونی یەكێتی نەتەوەیی كە بەڕێزیان لە سەرەتاوە رۆڵی دیار و پێشەنگی هەبووە لە دروستبوونی كەنەكەدا.

 بە درێژایی ئەم ماوەیەش لە هەموو پەیام و لێدوانەكان  بانگەوازی بۆ هەموو هێزو لایەنەكان، ئەوە بووە كە تاكە چارەسەر یەكبون لە هەڵوێستی گەلی كورد دروستكردنی یەكێتیەكی نەتەوەیی بەهێزە.

ئێمە كەداوای ئازادكردنی بەڕێز ئۆجالان دەكەین پشتیوانی لەم هەڵمەتە دەكەین پێمانوایە بەڕێز ئۆجالان وەك سومبلی زیندانی لە كەسایەتی ئەوەوە داوای ئازادكردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەكەین.

بەڕێزان ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر لە بەردەم بەرپرسیارییەتی نەتەوەیی داین، دەوڵەتی توركیا نیاز و مەرامی خۆی لە داگیركردن وهەوڵی قڕكردنی نەتەوەكەمان نەشاردووەتەوە دەیەوێت لەڕێگای سیاسەتی داگیركردن و گرتن و زیندانیكردنی گەلەكەمان بڵاوبكاتەوە بێ ئیرادە بكاو دەستبەرداری مافە نەتەوەییەكان ببێ.

بۆیە لێرەوە داوا لەسەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و سەرجەم ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان دەكەین بە یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی پشتیوانی و هاوكاربن لەم كەمپەینە وەك شێوازێكی خەباتی مەدەنیانە .

لێرەوە داوا دەكەین دامەزراوە نەتەوەیەكانمان لە باشوور (سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و نوێنەرانی كورد لەبەغدا) دەكەین، كە ئەوانە لەسەر پشكی كورد بۆ نوێنەرایەتی كورد لەوێن پێویستە ڕۆڵبگێڕن لەگەیاندنی داواو مافە ڕەواكانی گەلەكەمان لە هەموو پارچەكانی كوردستان .

داوا لە ڕای گشتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین بۆ كۆتاییهێنان و سەقامگیربوونی ئاشتی فشار بخەنەسەر دەوڵەتی توركیا كە دەستبەرداری سیاسەتی نكۆڵیكردن و قڕكردنی گەلی كورد ببێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەنگاوی یەكەم بەڕێز ئۆجالان ئازاد بكرێت كە جارێكیتر دوپاتیدەكەینەوە كە ئازادكردنی بەڕێز ئۆجالان دەبێتە كلیلی چارەسەری ئاشتیانەو سەقامگیری ناوچەكە .

ئازادیی بۆ بەڕێز ئۆجالان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی سەركردەی خەباتی رەوای گەلەكەمان.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا، ڕاگەیەندراوی حزب و لایەنەکانی ناو کەنەکە خوێندرایەوە، کە تیایدا هاتبوو، ئێمە وەك هێزو لایەنە سیاسیەكانی ناو كۆنگرەی نەتەوەیی، وە ئەندامە سەربەخۆكانی ناو كەنەكە پاڵپشتی خۆمان بۆ ئەو هەڵمەتە رادەگەیەنین و داواكارین لە دەزگاكانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و داداگای مافی مرۆڤی سەر بە یەكێتی ئەوروپا و  رای گشتی:

١-فشار بخرێتەسەر دەوڵەتی توركیا بۆ ئازادكردنی بەڕێز ئۆجەلان و سەرجەم گیراوە سیاسیەكانی كورد لە باكوری كوردستان. 

٢-دەوڵەتی توركیا ئۆجالان وەك دەستپێشخەری ئاشتیی قبوڵ بكات و هەرچی زووە پڕۆژەی ئاشتی  دەستپێبكاتەوە. 

٣- لایەنە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی یەكگرتوویی سیاسی پەیامی ئاشتیخوازانەی خۆیان بگەیننە رای گشتی جیهان.