ته‌ندروستی جیهانی : ره‌نگه‌ ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا كۆتایی ئه‌مساڵ ئاماده‌بێت

تشرين1/أكتوير 07, 2020

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی، تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبریسیۆس، ئاشكرایكرد ره‌نگه‌ ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) تا كۆتایی ئه‌مساڵ ئاماده‌بێت.

تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبریسیۆس له‌ میانی "دانیشتنی تایبه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ" كه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی سازكرابوو، گوتارێكی پێشكه‌شكرد

گێبریسیۆس رایگه‌یاند: "(بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ) پێویستمان به‌ ڤاكسین ده‌بێت و هیوادارین تا كۆتایی ئه‌مساڵ بتوانین ببینه‌ خاوه‌نی ڤاكسین" و به‌هیوابوونی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراكرد.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی زانیاریی سه‌باره‌ت به‌ واده‌ی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی به‌رفراوانی كوتان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان بڵاونه‌كرده‌وه‌.

هاوشێوه‌ی سه‌رجه‌م گوتاره‌كانی دیكه‌ی، تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبریسیۆس جارێكی دیكه‌ بانگه‌وازی "هه‌ماهه‌نگیی جیهانیی" كرد و داوای له‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان كرد دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڤاكسینی كۆرۆنای نوێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌ یه‌كسانی له‌نێوان وڵاتاندا دابه‌شبكرێت