رۆمیۆ هه‌كاری: له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان دانیشتنی دوێنی سه‌ركه‌وتووترین كۆبوونه‌وه‌ بوو

تشرين1/أكتوير 06, 2020

سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ڵێت:گه‌شبینم به‌وه‌ی كه‌ مه‌سرور بارزانی و كابینه‌كه‌ی ده‌توانن كابینه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو به‌ڕێوه‌ببه‌ن و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كێشه‌كانی دیكه‌ش ڕێچكه‌ی چاره‌سه‌ری خۆیان وه‌رده‌گرن .

ڕۆمیۆ هه‌كاری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ كوردستان تی ڤی  گوتی: دانیشتنی دوێنێی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ مێژووی ئه‌م خوله‌دا به‌ دانیشتنێكی سه‌ركه‌وتوو وه‌سف ده‌كه‌م، چونكه‌ یه‌كه‌م جاره‌ له‌و خوله‌دا سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و چه‌ند وه‌زیرێك به‌شدار ده‌بن و هاوكات ڕاشكاوانه‌ش ڕاستیه‌كانیان بۆ خه‌ڵكی كوردستان و په‌رله‌مان  خسته‌ ڕوو.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی  گوتی: ئه‌وه‌ی لای من زۆر سه‌رنجی ڕاكێشام ئه‌وه‌بوو كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران زۆر به‌ ووردی و ڕاشكاوانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕاپۆرتێكی تێرو ته‌سه‌ل ته‌واوی چالاكییه‌كان و هه‌روه‌ها كێشه‌و گرفته‌كانی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ نیشان دا

ڕۆمیۆ هه‌كاری گوتیشی: مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌ی باسیان له‌و كێشه‌و گرفتانه‌ كرد كه‌ حاڵی حازر كوردستان و ناوچه‌كه‌ تووشی بوون , به‌ تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی بودجه‌و مووچه‌و شایسته‌ داراییه‌كان و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی چاكسازی و گه‌نده‌ڵیش، باس گه‌لێك بوون كه‌ به‌ ڕوونی خرانه‌ ڕوو.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا گوتی: من به‌ش به‌ حاڵی خۆم وه‌ك په‌رله‌مانتار گه‌یشتمه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ كه‌ ئه‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و كابینه‌یه‌ بوونه‌وه‌ به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ داراییه‌كان ئه‌و گرفتانه‌ له‌سه‌رووی ئیراده‌ی حكومه‌ت بووه‌ ، به‌ڵام به‌ڕاستی تا ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ هه‌بوونی هه‌مو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ ئه‌و كابینه‌یه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ توانیویانه‌ به‌سه‌ر تێكرای كێشه‌كاندا زاڵ بن ، وه‌ك ده‌بینین چه‌ندان پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵی ده‌ست به‌كار بوونی كابینه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی جێ به‌جێ كراون ، گه‌شبینشم به‌وه‌ی كه‌ مه‌سرور بارزانی و كابینه‌كه‌ی ده‌توانن كابینه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو به‌ڕێوه‌ببه‌ن و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كێشه‌كانی دیكه‌ش ڕێچكه‌ی چاره‌سه‌ری خۆیان وه‌رده‌گرن.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی

ئا/ فه‌رمان عه‌لی