سەرۆکی حکوومەتی کوردستان راپۆرتێک پێشکەش بە پەرلەمان ده‌كات

تشرين1/أكتوير 05, 2020
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەکەم، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەت و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژمارە 8ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی دووه‌م له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی خۆی، دەست پێکرد.
لەو دانیشتنەی پەرلەماندا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ و جێی بایەخی رای گشتی کوردستان، لەوانە: (پڕۆسەی چاکسازی لە بواری دارایی و کارگێڕی، یاسای چاکسازی، پلانەکانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا، پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیجییەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و رێگاوبان و کارەبا.پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دۆسیەکانی نەوت و دارایی و پێشمەرگە).
پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
• دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، پەیوەندی و هەماهەنگیی بەهێز و پتەومان لەگەڵ هەموو دەسەڵاتەكان هەبووە كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر جێبەجێكردنی باشتری كارنامەی كابینەی نۆیەم هەبووە.
• لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە، بەبێ موزایەدە، دەستمان بە پرۆسەی چاکسازی و ئاگادارکردنەوەی خەڵکی کوردستان لە وردەکارییەکانی پرۆسەکە کردووە.
• چاكسازی بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمە و هەر لەسەرەتاوە زۆر بە جددی كارمان لەسەر كردووە، بەڵام پرۆسەیەكی بەردەوامە و بە شەو و رۆژێك تەواو نابێت، لە چەند ئاستێكی جیاواز چاكسازیمان دەست پێكردووە كە دارایی و كارگێڕییە.
• كێشه‌ی سه‌ره‌كی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، بوونی‌ دیارده‌ی قاچاخچێتییه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ی تایبه‌تمان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پێكهێناوه‌ و به‌ هاوكاری په‌رله‌مان ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
• حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی كردووه‌ به‌ جه‌ردكردنی سه‌رجه‌م موڵكه‌كانی حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات بۆ حكوومه‌ت و كه‌رتی گشتی و پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت.
• كۆمپانیاكانی ئینته‌رنێت و مۆبایل كه‌ كارته‌كان ده‌فرۆشن و خه‌ڵكی كوردستان راسته‌وخۆ باجه‌كه‌ ده‌دات، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ خزمه‌تی گشتی خه‌رج بکرێت، بۆیه‌ كۆمپانیاكانی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندی ناچار ده‌كرێن باج بده‌ن.
• تا ئێستا 49 كۆمپانیای بواری گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن و ئینته‌رنێت ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باجه‌كانیان بده‌ن و 7 كۆمپانیاش دراونه‌ته‌ دادگا.
• حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرز و پابەندیی دارایی لەسەرە، کە بەشێكی زۆری قەرزەكانیش لەسەر حكوومەتی فیدراڵە و بەهۆی نەناردنی بەشەبودجەوە، هیچ یەدەگێكی داراییمان لەبەردەستدا نییە.
• پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت دۆخێکی سەختی ئابووری لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش دروستکردووە و نەناردنی بودجەی بەغدا دۆخەکەی سەختتر کرد"
• ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ داراییه‌، تایبه‌ت نییه‌ به‌ ناوچه‌ و هه‌رێمی ئێمه‌ و زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌ و له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی كه‌سدا نییه.
• بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی ئەو دۆخە داراییە، پلانمان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات داناوە لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای چاکسازیدا کە بەمزووانە رەوانەی پەرلەمانی دەکەن. بەپێی پلانەکە، ئامانجی حکوومەت هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە.
• لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی داراییەوە هەوڵی حکوومەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بووە، لە دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەدا 12 مووچەمان داوە، تەنیا دوو مووچە دواکەوتووە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم بۆ مانگەکانی پێنج، شەش و حەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
• بەهۆی کەمکردنەوەی تەمویلی مووچە لەلایەن بەغداوە بڕیارمان دا مووچە بەپێی توانای بەردەست دابەشبکەین و دوو مووچە بە رێژەی 79% دابەشبکەین".
• ئەم دۆخە سەختە نەخوازراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستی نەکردووە و تەنیا لە کوردستان نییە، دەبێ بەناچاری خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنین.
• بەداخەوە هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ یەدەگێکی دارایی نییە و تەنیا پشت بە داهاتی مانگانە دەبەستین، ئەمەش وادەکات رووبەڕووی کێشە ببینەوە لە هەر قەیرانێکی داراییدا.
• کابینەی نۆیەم بۆ دروستکردنی پەیوەندییەكی باش و بونیادنەر لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیی عێراق کاری کردووە و لەم ڕوانگەیەوە، یەكەمین سەردانی فەرمیمان دوای دەستبەكاربوون، بۆ بەغدا بوو، كە مەبەستمان نیشاندانی نیازپاكی بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
• ئاساییكردنەوەی دۆخی سەربازی و ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و رێگەگرتن لە پرۆسەی تەعریب، كە بە داخەوە تائێستاش بە چڕی و بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بەردەوامە و ئەوەش جێی نیگەرانیی قووڵی ئێمەیە و هەرگیز قبوڵی ناکەین.
• حكوومەتی هەرێمی كوردستان رازی بووە لەسەر رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە حكوومەتی عێراق تا لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، ئەمەش لە یاسای بودجەی 2020 ئاماژەی پێدراوە.
• حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام بە پێوەرێكی دادپەروەرانە. لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە رێككەوتنێك بە مەرجێك زیان بە ئابووریی هەرێمی كوردستان نەگەیەنێت.
• هیواخوازم هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ ئەو كەشە ئەرێنییە لە دەست نەدەین كە ئێستا لە ئارادایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور.
• كارمان كردووە بۆ نەھێشتنی رۆتین، لەپێناو باشتركردنی راییكردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان لە فەرمانگەكانی حكوومەت بە رێگەیەكی ئاسان و خێرا، ئەمە جیا لە بەستنەوەی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان بە سیستمی ئەلیكترۆنی كە ئاسانكاری باشی كردووە لە بواری كۆكردنەوەی داھات و باشتركردنی كوالیتی كۆنتڕۆڵ.
• خەرجی بواری کارەبا کەمکراوەتەوە و بەرهەمهێنان زیاد کراوە، تێکڕای پێدانی کارەبا 21 کاتژمێرە.
• 28 ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و دەستنیشان و پشکنینەکان خەرج کراوە.
• 159 ئامێری هەناسەدانی دەستکرد ئێستا لە کارکردندان، 72 لە پلاندانانن، زیاتر لە 85 ئامێری دیکەش کڕدراون.
• چالاککردنی هێڵی 122 و ئامادەکردنی 186 تیمی وەڵامدانەوەی خێرا.
• 40 شوێن لە نەخۆشخانەکان جیاکراونەتەوە بۆ ئامادەکردن و وەرگرتنی کەیسی نوێی کۆڕۆنا.
• دابینکردنی پێداویستی خۆپارێزی بۆ ستافی نەخۆشخانەکان.
• ئەنجامدانی زیاتر لە 5 هەزار تێستی رۆژانە، تا ئێستاش زیاتر لە 500 هەزار پشکنین ئەنجام دراون.
• 28 تاقیگەی گشتی و تایبەت پشکنین ئەنجام دەدەن.
• زیاتر لە 3400 بوتڵی پلازما وەرگیراوە بۆ تووشبووانی کۆڕۆنا و لەنێو پارێزگاکانی هەرێم گواستراونتەوە، هەر بوتڵێکی پلازماش خەرجی 400 هەزار دینار لەسەر خەرجی پێویستە.
• راگەیاندنی کەمپینێکی سەرتاسەری بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی بۆ هاووڵاتیان.
• سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستانی دەکەم بۆ تێگەیشتنیان بۆ ئەم دۆخە سەختەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، کە دڵنیام بە هاوكاریی و پشوودرێژیی ئێوە، ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین.