مسماری: خەونەکانی ئەردۆغان تێکدەدەین

میدیا - ئاژانسه‌كان

شەوی ڕابردوو سوپای نیشتمانی لیبیا بە فەرماندەیی خەلیفە حەفتەر، لە ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ناوچەی 'هیرە' لە باشوری تەرابلوسی پایتەخت، دەستیان بە پێشڕەویی کرد.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەلعەرەبیە، سوپای نیشتمانی لیبیا ڕایگەیاندووە، کە هێرشێکی گەورەیان دژی پێگەی چەتەکانی حکومەتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی فایز سەراج، دەستپێکردووە و لەو چوارچێوەیەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیان خستووەتە خوارەوە.

ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای نیشتمانی لیبیا ڕایگەیاند: چەتەکانی حکومەتی هاوپەیمانی هیچ پێشڕەویییەکیان لە تەرهونە نەکردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە چەتەکانی سەربە دەوڵەتی تورک توانای وەستان لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای نیشتمانی لیبیا نییە.

مسماری هەروەها ئاشکرایکرد سوپاکەیان، چەتەیەکی مەترسیداری داعشیان بەناوی 'محەمەد ڕەویزانی' ناسراو بە ئەبوبەکر ڕەویزانی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وەک 'بەرپرسیاری سوپای شام' نێڕدراوەتە لیبیا دەستگیرکردووە کە لەپاڵ چەتەکانی حکومەتی هاوپەیمانی شەڕی دژی لیبیای کردووە.

مسماری بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ڕۆژانی داهاتوو، گۆڕانکاریی چاوەڕوان نەکراو گەورە ڕوودەدات، ڕایگەیاند: لە قۆناغی داهاتوو، هەموو پێگەی تیرۆریستان لەناودەبەین و خەونەکانی ئەردۆغان لە دەوروبەری تەرابلوس تێکدەدەین.