سەرۆکى کۆنگرەى نیشتمانى کوردستان KNC یۆبیلی زیوینی دامه‌زراندنی YNDK پیرۆز ده‌كات

میدیا- هه‌ولێر :
  بەڕێز د. جەواد مەلا سەرۆکى کۆنگرەى نیشتمانى کوردستان KNC ؛ به‌بۆنه‌ی یۆبیلی زیوین (25)ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK په‌یامێك ئاراسته‌ی غه‌فوور مه‌خمووری سكرتێری گشتیی YNDK ده‌كات، تیایدا وێڕاى پیرۆزبایی له‌ سكرتێرى گشتى و مه‌كته‌بی سیاسى و سەرکردایەتى و ئه‌ندامانی YNDK ، هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتریان بۆ ده‌خوازێت، ئەمەش ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌یە:

 براى بەڕێزم کاک غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان

  سڵاوێکى برایانەى گەرم ....
 بەبۆنەى یوبێلى زیوین (٢٥)ەمین ساڵیادى دامەزراندنى (یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان)ى تێکۆشەر و وڵاتپارێز، بەناوى خۆم و تەواوى هاوبیرانمان لە کۆنگرەى نیشتمانى کوردستان KNC ، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و لە ناخى دڵەوە هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونتان بۆ دەخوازین.
 بێگومان YNDK لە کارو خەباتى خۆیدا رۆڵێکى بەرچاوو مەزنى گێڕاوە لە بڵاوکردنەوەى هزرى نەتەوەیى و سەربەخۆخوازى و، گەیاندنى پەیامى سەربەخۆیى بە ناوەندە کوردى و عەرەبى و جیهانییەکان، بەردەوام لە سەنگەرى بەرگرى لە گەلى کوردستان بووەو، هەوڵى زۆرى داوە بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و، کارو خەبات و هەوڵەکانى YNDK بۆ بەستنى کۆنگرەیەکى نەتەوەیى سەرتاسەرى گەواهیدەرى ئەم راستییانەن.
 لەم یادەدا ئێمە وەکو KNC ، هەڵوێستە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى سکرتێرى گشتى و سەرکردایەتى YNDK بەرامبەر پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن بەرز دەنرخێنین و، بە چاوى رێزەوە لێیدەڕوانین.
  ئێمەوە وەکو KNC سەربڵندین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ YNDK ، لێرەوە جارێکى دیکە جەختدەکەینەوە سەر پتەوکردنى پەیوەندییەکانمان لەپێناو خزمەتکردنى پرسى رەواى گەلى کوردستان.
   پیرۆزبێت جەژنى نەورۆز و یۆبیلى زیوینى YNDK ، هەر بژین و سەرکەوتووبن بۆ کورد و کوردستان.

  براتان
 د. جەواد مەلا
 سەرۆکى کۆنگرەى نیشتمانى کوردستان KNC
  21 / 3 / 2020   لەندەن