سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان دەكات

میدیا - هەولێر :

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٣٠ / ٣ / ٢٠٢٦، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و پەیوەندی نێوان هەردوو لا کرد.

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK) پێشوازیان كرد لە شاندى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (شێخ د. عەبدوڵڵا شێخ حەسەن قەرێتاغى هاوسەرۆکی پارت و حازم محەممەد گەردی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نەوزاد ئەحمەد عەبدوڵڵا باڵەکی ئەندامى سەرکرادیەتى)، لەدیدارەكەدا شاندی میوان بەبۆنەی سی و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی YNDK،  پیرۆزبایی خۆیان بە سکرتێری گشتی و سەرکردایەتیی YNDK گەیاندو هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن، هەر لە دیدارەکەدا سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان گفتوگۆ کرا و هەردوولا پێیان وابوو کەوا پێویستە لایەنە سیاسییەکان کار بۆ یەکڕیزی بکەن و دووربکەونەوە لە گرژى و ناکۆکییەکان و راوێژێکى نەتەوەیى لەم رووەوە بێننە ئارا و کاربکەن بۆ یەکدەنگى و هاوهەڵوێستی، بۆئەوەى هەموو لایەک پێکەوە بتوانین پارێزگارى لە دامەزراوەکانى کوردستان بکەین.

سکرتێرى گشتیى YNDK لە دیدارەکەدا ئەوەى خستەڕوو کەوا پێویستە لەو ڕەوشە ناسک و ئاڵۆزو هەستیارەی کەوا کوردستان و ناچەکە تێیدان، هەموو لایەک رەچاوى بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بکەن و، وتى : (باشوورى کوردستان لە رەوشێکى ناسک و دژوارو هەستیاردایە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان رەچاوى بارودۆخى باشوورى کوردستان بکەن و پاراستنى بە ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى بزانن.).

 لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.