مه‌كته‌بی سیاسی YNDK به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر ده‌كات

شباط/فبراير 16, 2021

به‌داخه‌وه‌ دوێنێ كاتژمێر 9:30ی شه‌و رێكه‌وتی 15-2-2021  تیرۆریستان له‌ كارێكی چه‌په‌ڵ و ترسنۆكانه‌دا ژماره‌یه‌ك موشه‌كیان له‌هه‌ولێری پایته‌خت گرت و مووشه‌كه‌كان هه‌ندێكیان به‌ر فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری هه‌ولێر كه‌وتن ، له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ هۆی گیان له‌ ده‌ستدان و برینداربوونی چه‌ند كه‌سێك‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زیانی ماددیشی به‌ چه‌ندین ماڵ و شوێنێكی بازرگانی گه‌یاند.

دوژمنانی كوردستان جارێكی تر سه‌لماندیان چاویان به‌ئه‌زموونی باشووری كوردستان و پێشكه‌وتنه‌كان و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنایه‌ت و هه‌موو كات هه‌وڵی تێكدانی باری ئاسایش و ئاشتییه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK  زۆر به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ ترسنۆكانه‌یه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ین و پاراستنی ئه‌و په‌ناگه‌ ئارامه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌ته‌ بڕیار به‌ده‌سته‌كانه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق جگه‌ له‌دژایه‌تی گه‌لی كوردستان، نه‌پابه‌ندی فیدراڵییه‌ و نه‌ پابه‌ندی ئه‌ركه‌ ده‌ستووری و یاسایی و سیاسیه‌كانیه‌تی له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها به‌ پێویستی ده‌زانین هه‌رچی زووه‌ ڕێكاری یاسایی له‌دژی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م په‌لاماره‌ ترسنۆكه‌یه‌ بگیرێته‌ به‌ر و تاوانباران‌ به‌ سزای خۆیان بگه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا هاوخه‌می خۆمان ئاڕاسته‌ی كه‌س و كاری قوربانییان ده‌كه‌ین و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین.

 

مه‌كته‌بی سیاسی

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK

2021/2/16