سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان پیرۆز دەكات

شباط/فبراير 06, 2021

میدیا - هەولێر :
  غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان مامۆستا سەلاحەددین محەممەد بەهائەددین ئەمیندارى گشتیی یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و ئەندامانى ئەنجوومەنى جێبەجێکردن و سەرکردایەتیى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان کرد و، بەبۆنەى 27 بیست و حەوتەمین ساڵیادى دامەزراندنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتن و پێشڤەچوونى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :
   بەناوى خواى مەزن و دلۆڤان
  برای بەڕێزمان مامۆستا سەلاحەددین محەممەد بەهائەددین ئەمیندارى گشتیی یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان
  خوشک و برایانى بەڕێز ئەندامانى ئەنجوومەنى جێبەجێکردن و سەرکردایەتیى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان

    سڵاوێكی برایانەی گەرم ....
  بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی (27) بیست و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکگرتووە تێكۆشەرەكەتان (یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە سەركردایەتی یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونى زیاترتان بۆ دەخوازین.
 بێگومان لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان) دەكەنەوە كوردستان و عێراق و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان, ناوەندى سیاسیى کوردستانیش لێکترازاوە، ئەم رەوشە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا یەکدەنگ و یەکڕیزو هاوهەڵوێست بین، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا ئێمەى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان زیاتر هاوکارو پشتیوانى یەکدی بین و، بە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆمان رابین و، کاربکەین بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان، بێگومان بۆ ئەم مەبەستەش یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان  دەتوانێ رۆڵى کاریگەرانەى خۆى ببینێت، وەک چۆن لە رابردوودا بۆ چاکەخوازى و چاکسازى لە بوارى کۆمەڵایەتى و سیاسيدا کاری کردووە، ئومێد دەکەین لە ئێستا و داهاتووشدا هەمان رۆڵ بگێڕێت.
 هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافە رەواکانی.

 لەگەڵ رێزى دووبارەماندا ... هەر بژین و تەندروست و شاد و سەرکەوتووبن.

  براتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان  YNDK
6 / 2 / 2021