شه‌ش هه‌زار پارچه‌ زه‌ویی كارت له‌ هه‌ولێر تاپۆ ده‌كرێن

أيلول/سبتمبر 08, 2020

 

لەسەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەراسپاردەی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر پرۆسەیەكی دیكەی تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان بەڕێوەدەبات كە شەش هەزار بارچە زەوی دەبن لە سنووری باغمرە شەهاب.

ژمارەی ئەو زەویانەی پێشتر بەشێوەی كارت لە سنووری شارەوانیی هەولێر دابەشكراون نزیكەی 125 هەزارە و ئێستاش شارەوانیی هەولێر دەیەوێت بە قۆناغ ئەو زەویانە تاپۆ بكات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین لیژنەی هەماهەنگی لەنێوان شارەوانیی هەولێر و تاپۆی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵ پێكهێنراون، ئامانجیش لەو پرۆسەیە تاپۆكردنی سەرجەم ئەو زەوییە كارتانەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لە ڕووی یاساییەوە سوودمەند بن لە تاپۆكردنی ئەو زەوەییە كارتانە بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان.

لەو 125 هەزار پارچە زەوییە كارتانە تاوەكو ئێستا نزیكەی 65 هەزار پارچەیان تاپۆكراون و ئێستاش لە رێگەی تاپۆی دووی هەولێر، شارەوانیی هەولێر، شەش هەزار پارچە زەوی دیكەی كارت لە سنووری باغمرە شەهاب كە دەكەوێتە نزیكەی شارۆچكەی دارەتوو، تاپۆ دەكات.

ئەو لیژنە هاوبەشەی بۆ تاپۆكردنی زەوییە كارتەكانی سنووری شارەوانیی هەولێر پێكهندراوە، جگە لەو شەش پارجە هەزار زەویەی باغمرە شەهات، كار بۆ تاپۆكردنی سەرجەم زەوییە كارتەكانی دیكەی سنووری هەولێر دەكات، وەك پیرزین، كانی قڕژاڵە، باغمرە شەهات، باغمرە منارە و چەندین شوێنی دیكەی شاری هەولێر، هەروەها نزیكەی 80 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیش لە هەولێر هەن، شارەوانیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان سەرجەم ئەو یەكە نیشتەجێبووانەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان تاپۆ دەكات.

راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار