غەفوور مەخمووری بۆ KDP.info : ناوەندی سیاسیی کوردستان پەرشوبڵاوە و پێویستی بە ڕێکخستنەوەیە

تموز/يوليو 28, 2020

ھەولێر - KDP.info : دوێنێ ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی و باڤڵ تاڵەبانی کۆ بوونەوە، سیاسەتمەدارێکی کوردیش دەڵێ، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی کورد لە ناوخۆ یەکڕیز بێت و پێگەی کوردیش لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە بەھێز دەکات، لەبەرئەوەى ھەرکاتێک کورد یەکڕیز بووە دەستکەوتی گەورەی بەدەست ھێناوە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی.

سیاسەتمەداری کورد و سکرتێری گشتیى یەکێتیی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان YNDK ، غەفوور مەخمووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ناوەندی سیاسیی کوردستان پەرشوبڵاو بووە و پێویستی بە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوە ھەیە و پێویستە ھەموو لایەنەکان کۆک بن لەبارەی پرسە چارەنووسسازەکان ، یەکێتی و پارتی لەدوای ١٩٩١وە تا ئێستا ئیدارەی کوردستان دەکەن و چەندین جار پەیوەندییەکانیان گرژى و ھەوراز و نشێوی تێکەوتووە و دواتر کێشەکانیان چارەسەر کردوون، شتێکی ئاساییە کە ململانێی سیاسی ھەبێت، ئەوەی تێبینی دەکرێت ھەردوولا گەیشتوونەتە قەناعەتێک بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی، هەر لایەکیش بۆچوونى خۆى هەیە، ئەمەش ئاساییە و پێویستی بە دیالۆگ ھەیە، پێویستە هەردوولا ھاوشان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بیروڕا بگۆڕنەوە، ئێمە پێشوازی لەو ھەوڵە دەکەین و ئومێدەوارین بگەنە ئەنجامی باش."

غەفوور مەخمووری گوتیشی: "ھەرکاتێک کورد یەکھەڵوێست بێت ھەرێمی کوردستان بەھێز دەبێت و یەکێتی و پارتی وەکو دوو ھێز تا چەند لە یەک نزیک بن ھێزێک بە بزاڤى ڕزگاریخوازیی نیشتمانى کوردستان دەبەخشن، بۆیە لێکتێگەیشتن و رێکەوتنى هەردوولا سوودی زۆرە، نزیکبوونەوەی ھەردوولا هەنگاوێکى ئیجابییە و پێویستە ھەوڵ بدرێت بگەنە چارەسەرێکی ڕیشەیی و تێگەیشتنی ھاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و چۆنییەتى بەڕێوەبردنى کوردستان."

مەخمووری باسی لەوەش کرد: "گەلی کورد ھەرکاتێک یەکڕیز بووە دەستکەوتی گەورەی بەدەستھێناوە ، لە ١٩٩١کاتێ لایەنەکان بە یەکەوە ڕاپەرینیان ئەنجام دا سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا و، لە ١٩٩٢ کە ھەڵبژاردن کرا حکوومەت دروست بوو ، بەڵام کە ساڵانى ١٩٩٤ و ١٩٩٥ شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا بە زیانى کورد تەواو بوو، دواتر سەرۆک بارزانی و مام جەلال کە ڕێککەوتنی ستراتیژییان واژۆ کرد جارێکی دیکە کوردستان پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیت و بووە جێی ئومێدی ناوخۆ و دەرەوە، هەروەها ساڵى ٢٠٠٣ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە یەکڕیزی لە نووسینەوەى دەستوورى عێراق و پێکهێنانى حکومەتى عێراق کۆمەڵێ دەستکەوتمان بەدەست ھێنا، ئەگەر یەکڕیز بین خەڵکی دیکە بەھەند لە کورد دەڕوانێ و، ئەگەر پەرشوبڵاویش بین وەک ئێستا ئەوا زۆر ناوەندو بەغداش ئەو بایەخە بە ھەرێمى کوردستان نادەن، بێگومان دۆستانى دیکەشمان بە ھەمان شێوە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان یەکڕیز بن، پێویستە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ببێتە چەتری کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان و ھەر کێشەیەکیان ھەبێت لەوێ چارەسەری بکەن.".

هەڤپەیڤین : بڵند ئیبراھیم
٢٧ - ٧ - ٢٠٢٠