غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK بۆ رۆژنامەى (شکۆى کوردستان): ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حزبى دەکرێت نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکرێت

حزيران/يونيو 03, 2020

هەڤپەیڤین : هێدى شێرزاد
 شکۆى کوردستان – هەولێر :

 لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ (شکۆى کوردستان)، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، ئاماژە بەوە دەکات لە ئێستادا ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاو و لێکترازاوە و پێویستى بە رێکخستنەوەو یەکخستنەوە هەیە.
 سەبارەت بە نەبەستنى کونگرەى نەتەوەیى ؛ دەڵێت "وڵاتانى ئیقلیمى فشارێکى زۆریان کرد بۆ ئەوەى کۆنگرەى نەتەوەیى کورد نەبەسترێت."، لەبارەى کۆدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانیش لە بەغدا، غەفوور مەخموورى پێیوایە کۆدەنگى کورد لە ئاستى پێویستدا نییە، دەشڵێت "ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حزبى دەکرێت نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکرێت.".  

 شکۆى کوردستان : بە سیفەتى ئەوەى جەنابتان ئەندامى لێژنەى ئامادەکارى بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى کورد بوون، دەمانەوێ بپرسین بۆچى کۆنگرەى نەتەوەیى ئەوەندە دواکەوت و نەبەسترا هۆکارەکانى چى بوون ؟ تۆ یەکێک بووى لەوانەى زۆر پێداگیربوون لەسەر ئەوەى پێویستە ئەو کۆنگرەیە لە کاتى خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام نەکرا، بۆچى ئەوەندە دواکەوت، ئایا کۆنگرەى نەتەوەیى دەکرێ یاخود بڕیار نییە لەو نیزیکانە ئەنجام بدرێ؟
 غەفوور مەخموورى : خۆتان دەزانن کوردستان و ناوچەکە هەمووى لەبەردەم کۆمەڵێ ئەگەر و پێشهات و گۆڕانکارى مەزندایە و بە رەوشێکى هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەو واقیعە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا یەکڕیزو یەکدەنگ بین، بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى باشترین هەنگاوە بۆ ئەو یەکڕیزى و یەکدەنگییەى دەیخوازین، بێگومان کۆنگرەى نەتەوەیى دەبێتە ماڵێکى گەورە بۆ کۆکردنەوەى هەموو لایەنە سیاسیيەکان لە سەر ئاستى کوردستانى مەزندا و، لەهەمان کاتدا دەبێتە سەنتەرى بڕیاری سیاسی گەلى کوردستان، لە ساڵى ٢٠١٣ هەنگاوى زۆر گرنگمان نا بۆ هێنانەدى ئەم خەونە، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ کۆمەڵێ فاکتەرى ناوخۆیى و ئیقلیمى و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی و چه‌ند هۆكارێكى ديكه‌ وایانکرد کۆنگره‌که‌ نه‌به‌سترێت.
 ئه‌وکات له‌ باکووری کوردستان تێڕوانینێک هه‌بوو، له‌ باشوور تێروانینێکی ديكه‌، له‌ رۆژئاواش ناکۆکی له‌نێوان ئه‌نه‌که‌سه‌ و ته‌ڤده‌م هه‌بوو، من بۆ مێژوو قسه‌یه‌ک ده‌که‌م ئه‌وکات 21 که‌س وه‌کو ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌کار دیاری کراین، هه‌موومان وه‌کو یەک تیم کارمان ده‌کرد، به‌ڵام کێشه‌کانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی لێژنه‌ی ئاماده‌کار بوو، کێشه‌کان له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسیيه‌کان دروست ده‌کران، وەک دیاریکردنی ژماره‌ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ که‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ک چه‌ند ئه‌ندامی به‌رده‌که‌وێت، له‌هه‌مان کاتدا بۆ سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی کۆنگره‌ سێ بیروبۆچوون هه‌بوو:
1-    سه‌رۆکایه‌تی
2-    هاوسه‌رۆک
3-    سکرتاریه‌ت
 سەرەڕاى ئەمانە وڵاتانى ئیقلیمیش بەتایبەت (تورکیا و ئێران) فشارێکى زۆریان دەکرد بۆئەوەى کۆنگرە نەبەسترێت، له‌ژێر فشاری وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر و ئه‌و هۆكارانه‌ى باسمانكرد لێکترازان‌ دروست بوو، پاشان زیاتر فشارەکانى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر وايانکرد كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌يى كورد نه‌به‌سترێت، ئه‌مانه‌ هۆکاربوون بۆ نەبەستنى کۆنگره‌، بێگومان بۆ کارێکى نەتەوەیى وا مەزن پێویستیمان بە گیانى نەتەوەیى و لێبوردەیى و بڕیارى کوردستانییانە هەیە، لەبەرئەوەى ئه‌گه‌ر له‌ دیدگای حزبیه‌وه‌ بڕوانینه‌ کۆنگره‌‌ هه‌رگیز ناتوانین کۆنگره‌ ببه‌ستین بۆیە ده‌بێت له‌ دیدگای نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانييه‌وه‌ له‌م پرسه‌ بروانین و کارى بۆ بکەین، بە باوەڕى من ئێستاش دەکرێ جارێکى دیکە ئەم پرسە زیندووبکەینەوەو کارى بۆ بکەین و بە ئەنجامى بگەیەنین.
 شکۆى کوردستان : دۆخى ئێستاى حزبەکان چۆنە و ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵیان چۆنە؟
 غەفوور مەخموورى : ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاوو لێکترازاوە و پێویستى بە رێکخستنەوەو یەکخستنەوەیە، بۆ ئمەش پێویستیمان بە پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى سیاسى هەیە کەوا تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ، پێکهێنانى ئەم ئەنجوومەنە دەبێتە فاکتەرێک بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و یەکڕیزى و یەکدەندەگى گەلى کوردستان، لەهەمان کاتدا دەبێتە بڵنگۆیەک کەوا لایەنە سیاسییەکان لەوێوە گوێبستى بیرو بۆچوونى یەکدى ببن، هەروەها هۆکارێکیش دەبێت بۆ خاوبوونەوەى گرژییەکانى نێوان لایەنە سیاسییەکان.
 سەبارەت بە پەیوەندى ئێمە وەکو یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، ئێمە پەیوەندییەکى برایانە و هاوخەباتانەمان لەگەڵ تەواوى لایەنە سیاسییەکانى هەر چوار بەشى کوردستان هەیە و بەردەوامین لە نوێکردنەوەو پێشخستنى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەک.
 شکۆى کوردستان : چاودێرانى سیاسى پێیانوایە دواى شەڕى داعش چالاکى حزبى بەرەو سیستى چووە و وەک جاران پارتەکانى کوردستان گەرم و چالاک نین ؟
 غەفوور مەخموورى : لە وەڵامى پرسیارى پێشوودا وتم ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاووە، بەر لە شەڕى داعش و لە سەرەتاى ٢٠١٤ دەسەڵات بوودجەى زۆربەى زۆرى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانى بڕى، ئەمەش بۆ بەرتەسککردنەوە و سنووردارکردنى کارو چالاکى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بوو، بۆئەوە بوو کەوا لایەنە سیاسییەکان گەشە نەکەن و پێشنەکەون، سەرەتا دەسەڵات بۆئەوەى گەڕاندەوە کەوا بەغدا بوودجە نانێرێ، لایەنە سیاسییەکان ئەو خاڵەیان لەبەرچاوگرت، بەڵام ئەوا ساڵێک زیاترە بەغداش بوودجە دەنێرێ و دەسەڵاتى کوردستان بوودجەى بەشێکى زۆرى حزبەکان نادات، بۆخۆشیان بودجە هەیە و کێشەیان نیە، ئەوە هەنگاوێکە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەنرێت بۆ بەرتەسکردنەوەى کارى سیاسى لە کوردستاندا، ئەوەش زولمێکى گەورەیە لە بەشێکى زۆرى حزبەکانى دەکەن، پێویستە بیر لەوە بکەنەوەو ئەو زولمە لەسەر حزبەکان هەڵبگرن.
 شکۆى کوردستان : کۆدەنگى پارتە کوردستانییەکان لەسەر کێشەى نێوان بەغدا و هەرێم تا چەند بە پێویست دەزانى؟
 غەفوور مەخموورى : کۆدەنگى لایەنە سیاسیەکانى کوردستان بۆ پرسى نێوان کوردستان و عێراق لە ئاستى پێویستدا نییە، پێویستە تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان سەبارەت بەم پرسە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن، بەڵام ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حزبى دەکرێ نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتیمانى ناکرێت، بۆ چارەسەرى پرسەکانمان لەگەڵ عێراق پێویستە جلى تەنگى حزبى فڕێبدەین و جلى کوردایەتى بپۆشین، پرسى ئێمە لەگەڵ عێراق پرسى خاک و خەڵکە، بۆ چارۆەسەرى ئەمەش پێویستیمان بە گیانێکى کوردستانیانەى دوور لە حزبایەتى هەیە.
 شکۆى کوردستان : هەندێ جار کۆدەنگى کورد لە بەغدا و تەنانەت لە هەرێمیش کێشە و ململانێى تێدەکەوێت، ئێوە کێ بە بەربەست دەزانن لەسەر ئەو کۆ دەنگییە؟
 غەفوور مەخموورى : تەواوى لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بەم پرسە کەمتەرخەمن، لەبەرئەوەى پێش رووداوەکان هیچ پلانێکى کوردستانیانە بۆ ئەگەرەکان نییە، ئەو کاتانەى کێشەکان دێنەپێشەوە بەپەلە کۆبوونەوەى چەند حزبێک دەکرێ (نەک هەموو حزبەکان) و دواتر چەند کەسێک وەکو شاند رەونەى بەغدا دەکرێن بۆ گفتوگۆ، زۆربەى جارەکانیش شاندەکە بێ ئەنجام دەگەڕێتەوە کوردستان، ئێمە پێویستیمان بە لێژنەیەکى شارەزاو تایبەتمەند هەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عێراق، نەک بەم شێوەیەى ئێستا، کە بەڕاستى بێسەروبەرى پێوەدیارە.
 شکۆى کوردستان : گلەیى لەوە دەکرێ، زیاتر ئەو حزبانەى بنکەى جەماوەرییان کەمە دەچنە بن باڵى پارتى و یەکێتى، بەرنامە وکارو رۆئیای سەربەخۆیان نییە؟ یان بۆچوونێک هەیە، کە گوایە زۆرجار تەنانەت لایەنگر و ئەندامانى حزبە بچووکەکان لەلایەن پارتە گەورەکانەوە ئاراستە دەکرێن؟
 غەفوور مەخموورى : هەموو حزبەکان وانین، بەڵام رەنگە حزبى واشمان هەبێت کەوا وابەستەى ئەم دوو لایەن بێت کە ناویانت هێنا، لەڕاستیدا هاوپەیمانێتى هەیە کەوا جیایە لە وابەستەبوون، بەڵام لە کوردستاندا زۆربەى چەمکەکان شێوێنراون، وەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێدا پێویستە ناوەندى سیاسى کوردستان لەسەر بنەمایەکى تەندروست رێکبخرێتەوە و لەو بێسەروبەرییە دەربازبکرێت.
 شکۆى کوردستان : خوێندنەوەى ئێوە چییە بۆ پەیوەندى نێوان حزبە ئیسلامى و چەپەکان، چۆن لێیان دەڕوانى؟
 غەفوور مەخموورى : هەر هاوپەیمانێتییەک کە پێکدەهێنرێت پێویستە لەسەر چەند بنەماو پرەنسیپێک پێکبهێنرێت، کارێکى ئاساییە لایەنە ئیسلامییەکان نزیکى یەک و هاوپەیمانى یەکبن، بۆ چەپەکانیش هەروا، ئەو دوو رەوتە سیاسییە لە کوردستاندا لە رووى ئایدۆلۆژى و پرەنسیپى کارى سیاسى لەیەکدى نزیکن ئاسییە هەر رەوتە و هاوپەیمانى خۆیان پێکبهێنن، ئەوەش دەبێتە هەنگاوێک بەرەو یەکڕیزى بۆ داهاتووى نزیک.
 شکۆى کوردستان : قسەیەک هەیە کە گوایە هەندێ حزب لە ئێستادا بودجەیان پێدەدرێت و هەندێکیان پێیان نادرێت ئایا ئەوە ڕاستە؟
 غەفوور مەخموورى : ئەوەمان بیستووەو کارو جوولەى بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانش ئەوەى لێدەخوێنرێتەوە، لە راستیدا لە کوردستان ناعەدالەتییەکى زۆر هەیە لە هەموو رووێکەوە، بەتایبەت ناعەدالەتى سیاسى و ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى، کوردستان تا ئێستاش لەسەر بنەماى سیستەم بەڕێوەناچێت و میزاجى شەخسى کوردستان بەڕێوەدەبات، بۆیە ئاساییە ئەوانەى بیانەوێت بودجەى پێدەدەن و ئەوانەى نەیانەوێت بوجەى پێنادەن، لە کوردستان ناڕیکى زۆر هەیە، پێویستیمان بەوە هەیە کەوا لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەخۆماندا بچینەوە.
 شکۆى کوردستان : وەک سیاسەتمەدارێکى هەرێمى کوردستان، چۆن دەڕوانیتە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانى ئێستاى کوردستان، بەتایبەت کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەى نوێ، هەروەها ئایا ئێستا کوردستان پێویستى بە ئۆپۆزیسیۆن هەیە؟
 غەفوور مەخموورى : بوونى ئۆپۆزسیۆن فاکتەرێکى سەرەکییە بۆ دیموکراتیزەکردنى کۆمەڵگا و پێشخستنى پرۆسەى سیاسى لە هەر کۆمەڵگایەک، بەڵام ئۆپۆزسیۆنى کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکى تەندروست و کارا نییە، کێشەکەش لەوەدایە تا ئێستاش یاسایەکمان نیە کەوا مافى ئۆپۆزسیۆن بوون بپارێزێت، ئەمە وایکردووە کەوا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى کوردستان وەک پێویست نەتوانن رۆڵ ببینن، بۆ کاراکردن و پێشخستنى پرۆسەى سیاسى لە کوردستاندا پێویستیمان بە ئۆپۆزسیۆنێکى تەندروست و کارا هەیە، بۆ ئەمەش پێویستە هاوپەیمانێتى نوێ دروستبکرێت، بۆئەوەى لەداهاتوودا بتوانێت رۆلى ئۆپۆزسیۆن بوونێکى کارا ببینێت.
 شکۆى کوردستان : بۆچى ئەو حزبانەى بنکەى جەماوەرییان کەمە نابنە ئۆپۆزیسیۆن، ئەى هەموویان ناڵێن ئێمە  نوێنەرى خەڵکین، ئێوە بیرتان لەوە نەکردۆتەوە ببنە ئۆپۆزیسیۆن؟
 غەفوور مەخموورى : هەر کاتێ هەڵبژاردنێکى پاک و بێ گزى و تەزویر لە کوردستان کرا ئەو کات بنکەى جەماوەرى لایەنە سیاسییەکان دیار دەبێت، بەداخەوە تا ئێستا لە کوردستان هەڵبژاردنێکى پاک بەڕێوەنەچووە، بۆیە پێگەى جەماوەرى لایەنەکانیش بەڕوونى دیار نییە، زۆر جار لە ماوەى چەند کاتژمێرێکدا ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکان دەسکاری کراون، پرۆسەى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکانیش پاک و روون و بێ تەزویر نەبوون، سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن بوونیش لە وەڵامى پرسیارى پێشوودا ئاماژەمان پێدا.
 شکۆى کوردستان : هەندێ نووسەر و چاودێرى سیاسى پێیانوایە کە کارى پارتایەتى، پاشەکشەیەکى گەورەى کردووە لە لە گۆڕەپانى سیاسى کوردستان، بۆچوونى ئێوە چییە؟
 غەفوور مەخموورى : لەسەرەتاى ئەم چاوپێکەوتنەدا زۆر بەڕوونى باسمان لە بەرتەسککردنەوەى ئازادییە سیاسییەکان کرد، ئەوەش بە بەرنامە بوو، سەرەتا دەسەڵات بوودجەى بەشێکى زۆرى حزبەکانى بڕى بۆئەوەى کارو چالاکى و راگەیاندنى حزبەکان سنووردار بکات، دواتر هەوڵیدا چوارچێوەى کۆبوونەوەى حزبەکان بەرتەسکبکاتەوە، وردە وردە بە بەرنامە تا ئێستا بەردەوامە کار دەکات بۆ لاوازکردن و نەهێشتنى رۆلى حزبەکان لە کایەى سیاسى کوردستاندا، تۆ سەیر بکە هەموو بوارەکانى ژیان لەلایەن دەسەڵاتەوە کۆنترۆڵ کراوە، حزبەکانیش داواى مافى رەواى خۆیان بکەن تاوانبارى دەکەن و دەڵێن دەستێکى لە پشتە، بەڕاستى ئەو نادادییە لە کوردستاندا هەیە وێنەى نییە، ئەمەش وایکردووە پرۆسەى سیاسى لە کوردستاندا پێشنەکەوێت
 شکۆى کوردستان : جیەجێنەکردنى یاساى ئەحزاب چەندە گرفتى دروست کردووە بۆ کارى حزبایەتى؟ بۆچى جێبەجێ کردنى یاساى ئەحزاب، کە لە پەرلەمانى کوردستانە فشار لەسەر ئەوە دروست ناکەن ؟
  غەفوور مەخموورى : لە راستیدا نامەوێ قسە لەسەر ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان بکەم، هەمووشمان دەبینین کەوا یاساکان چۆن لە پەرلەمان دەردەچن.

 تێبینى : ئەم هەڤپەیڤینە لە ژمارە (1)ى رۆژى 31 / 5 / 2020 رۆژنامەى (شکۆى کوردستان)دا بڵاوبۆتەوە.