فڕۆکەکانی تورکیا گوندێکی سەر بە سلێمانی بۆردومان ده‌كه‌ن

میدیا- ئاژانسه‌كان

شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک گوندی سەفرە سەربە شارۆچکەی ماوەت-یان بۆردوومان کردووە.

بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئۆتۆمبێلێک و نەخۆشخانەی گوندەکەیان کردووەتە ئامانج و ئەو کەسانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوون گیانیان لەدەستداوە.

هەندێک ڕاگەیاندنی باشوری کوردستانیش، بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج، هی گەریلاکان بووە.

وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی تورکیش دانی بەوە داناوە، کە گوندی سەفرەی سەربە پارێزگای سلێمانی لەلایەن فڕۆکەکانی ئەوانەوە بۆردوومان کراوە.

لەسەر ئەنجامی بۆردوومانەکە و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە.

دەوترێت؛ فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.