سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان داكۆكى له‌ مافى پێكهاته‌كان ده‌كاته‌وه‌

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ نوێنه‌رانى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى دڵنیاكردنه‌وه‌یان و نیشاندانى هه‌موو پشتیگرییه‌كى خۆى و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هاووڵاتیى ڕه‌سه‌نى هه‌رێمى كوردستانن و ده‌بێ ڕێز له‌ بڕیاریان بگیرێت و ئازادییان پارێزراو بێت، هه‌روه‌ها نابێت بكرێنه‌ به‌شێك له‌ ناكۆییه‌ سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ك چۆن نابێت و قبوول ناكرێت هێرشیان بكرێته‌ سه‌ر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان، دید و سه‌ر‌نج و ڕوانینى خۆیان بۆ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو و باسیان له‌ ڕۆڵ و پێگه‌ى پێكهاته‌كان له‌ ژیانى سیاسى و كارگێڕیى هه‌رێمى كوردستاندا كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ پاراستنى ماف و شایسته‌كانیان له‌ بوارى نوێنه‌رایه‌تیكردنیان له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى شایسته‌ و به‌ركه‌وته‌ كارگێڕییه‌كاندا كرده‌وه‌.

نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان، وێراى دووپاتكردنه‌وه‌ى پێزانین و سوپاسگوزارییان بۆ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان كه‌ وه‌ك چه‌ترى كۆكۆه‌ره‌وه‌ى هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان و له‌پێناو پێكه‌وه‌ژیان و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كات، چه‌ندین كێشه‌ و گرفتیشیان خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ڕووى سیاسى و كارگێڕییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌ كه‌موكورتى و پێداویستیى خزمه‌تگوزارى له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كرد و داوایا‌ن كرد سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیاندا، هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختى له‌ پاراستنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و جێگریكردنى ماف و شایسته‌كانى پێكهاته‌كان له‌ ده‌ستوورى داهاتووى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ و هه‌بوونى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌كانى به‌ مایه‌ى شانازى و ده‌وڵه‌مه‌ندى و وێنه‌یه‌كى جوانى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا كه‌ ده‌بێ بپارێزێت و به‌رگرى لێ بكرێت.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكدا تێده‌په‌ڕێت كه‌ ئه‌وپه‌ڕى پێویستى به‌ ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى و یه‌كڕیزى و ته‌بایى و كارى پێكه‌وه‌ییى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هاوكار بن و هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى سه‌ختییه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، له‌ كار و هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت.