سەرۆکایەتی حکومەتی کوردستان بڕیاڕیدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت

میدیا - تایبه‌ت

  • دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حکومەتن. رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت دەست پێدەکات.

 

  • لایەنە بەشدارەکانی حکومەت جەخت لە سەر یەکپارچەیی کیانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە 2020/5/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی حکومەتی هەرێم کە  هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان کردبوو کۆبووەوە .

لە کۆبوونەکەدا  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شاندەکە و ئەندامانی شاندەکە ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لە گەڵ کاربەدەستەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو  .جەخت لە سەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لە گەل بەغدا کرایەوە بە ئاراستەی  پاراستن و دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا بۆ درێژەدان بە دانوستان، شاندەکە دووبارە سەردانی بەغدا بکاتەوە .

لە تەوەرێکی دیکەدا دۆخی دارایی ئێستای حکومەت تاوتوێ کراو سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ، بە پێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستە ، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

 

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرایەوە .  هەروەها  بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا و دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی قەرزداری حکومەتن. رێوشوێنی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت دەست پێبکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکەدا ، سەبارەت بەو داواکارییانەی کە ئێستا لە بارەی لامەرکەزی ئیداریی لە ئارادان، لایەنە بەشدارەکانی حکومەت جەختیان لەوە کردەوە کە پرسی لامەرکەزی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی حکومەت، بە شێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەختیشیان لە یەکپارچەیی کیانی هەرێمی کوردستان و دژایەتی هەرجۆرە هەوڵێک بۆ دوو ئیدارەیی کردەوە.